کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز و ساڵی نوێ

01:15 - 26 رەشەمه 2719

"بە خۆپاراستنمان، نیشتمان دەپارێزین" خەڵکی خۆشەویستی کوردستان! چالاکان و تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات! ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان! سەرەتا بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی نەورۆز و دەسپێکی ساڵی نوێی هەتاوی پڕ بە دڵ پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ڕۆژانێکی پڕ لە خۆشی و سڵامەتیتان بۆ بەئاوات دەخوازین. هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەڵمەتی خۆپاراستن لە تووشبوون بەم ویرووسە، ئەمساڵ لە دۆخێکی تایبەتدا بەرەوپیلی جێژنی نەورۆز و بۆنەکانی سەری ساڵی نوێ‌‌ دەچین. بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە ئێوە بەم بۆنەوە ڕێوڕەسم و کارنەڤاڵی جۆراوجۆری جەماوەری و تایبەتتان ڕێک‌دەخست و وەک دەرفەتێک بۆ بەگژداچوونەوەی ڕێژیمی دژ بە شایی و خۆشیی کۆماری ئیسلامی، کەڵکتان لێ‌وەردەگرت و یەکگرتووانە بە بڵاوکردنەوەی پەیامی "یەکبوون" ساڵتان نوێ دەکردەوە؛ ئەمساڵ ناچارن نەورۆزی کوردی و ساڵی نوێی ٩٩ی هەتاوی لە ماڵەکانتاندا جێژن بگرن. ئەوەی لەم ڕۆژانە‌دا لە هەموو شتێک گرینگترە، پاراستنی سڵامەتیی خۆتان و نیشتمانە خۆشەویستەکەمان کوردستانە. بۆیە داواکارین، وێڕای گرینگیدان بە خۆپاراستنتان و خۆبەدوورگرتن لە شوێنە گشتییەکان، ماڵەکانتان بکەن بە شوێنی جێژن و خۆشی و، لە ماڵی خۆتان، ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز و پێشوازیی لە ساڵی نوێی ٢٧٢٠ی کوردی بەڕێوە بەرن. "نەورۆزی سڵامەتی و ساغڵەمی"ی کوردستان لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێت. کوردستان سڵامەت و پارێزراو. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٢٥ی ڕەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاوی