کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران وتووێژی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنگتۆن لە عومان پشتڕاست کردەوە

10:48 - 30 بانەمەڕ 2724

ڕۆژێک دوای ئەوەی بڵاڤۆکی ئەکسیوس بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا لە عومان وتووێژی ناڕاستەوخۆیان هەبووە، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو وتووێژەی پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕ، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵامی پرسیاری میدیاکان سەبارەت بە وتووێژی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەم وتووێژانە "ڕەوتێکی لە حاڵی بەڕێوەچووندایە''.

نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە درێژەدا زیادی کرد: ''ئەم وتووێژانە نە یەکەمین  و نە دواییەمینش دەبێت.''

ڕۆژی هەینی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە بڵاوکراوەی ئەکسیوسیان ڕاگەیاندووە، دوو بەرپرسی باڵای دەوڵەتی  جۆ بایدێن لەم حەفتەیەدا سەبارەت بە چۆنیەتیی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکانی ناوچەکە ناڕاستەوخۆ وتووێژیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە عومان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەکسیوس، خولی یەکەمی ئەم وتووێژانەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤ لە عومان بەڕێوە چوو.

لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا میدیاکان بڵاویان کردەوە کە برێت مەکگێرک لەگەڵ ئەبرام پیلی وتووێژیان لەگەڵ عەلی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی وتووێژە ناوکییەکانی ئێران ئەنجام داوە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، وتووێژەکان لەسەر ڕوونکردنەوەی دەرئەنجامی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپەکانی لە ناوچەکە، هەروەها تاوتوێکردنی نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی بەرنامەی ناوکیی ئێران بووە".