کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاخۆ ڕێژیمی ئێران دەتوانێ خۆی لە ڤایروسی کۆرۆنا دەرباز بکا؟

22:34 - 29 رەشەمه 2719

لە ئێران هەڵاوسانی ئابووری لە زیادبوونە. ناڕەزایەتیی جەماوەری و قەیرانێکی ژینگەیی خەریکی پەرەسەندنن. تەنانەت پێش بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران لەژێر زەختی گیروگرفتە نێوخۆییەکاندا، کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی کۆماری ئیسلامیی دەکەن، چەمابۆوە. بەڵام بە سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆڤید_١٩، دۆخەکە بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر زۆر خراپتر بووە، بە شێوەیەک کە هیچ دوور نییە ڕێژیمی ئێران لەژێر ناتەباییە نێوخۆییەکانی خۆیدا تێکڕووخێ. هۆیەکەی ئەوەیە کە بۆ ئایەتوڵڵاکانی ئێران، ڤایروسی کۆرۆنا دەتوانێ هێمای “قازی ڕەش” بێ . ئەو دەستەواژەیە، دوای کەڵک‌وەرگیرانی لە لایەن نووسەر نەسیم نیکۆلاس تالیب ناوبانگی دەرکرد کە لە پەرتووکێکدا بە هەمان ناو لە ٢٠٠٨، ئاماژە بە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو کە ناشێ بە شێوەی عەقڵانی پێشبینی بکەی، بەڵام ئاسەواری گەلێک بەرچاو و تەنانەت کارەساتباری بەدواوەیە. کۆڤید_١٩ هەمان شتە بۆ ئێران. گیروگرفتەکە بە ناسەقامگیر بوونی باری تەندروستیی چینی دەسەڵاتداری ئێران دەست پێدەکا. تاقمی سەرووی ڕێبەریی ئێران هێندە بەساڵداچوو و ناسالمە، و ڤایروسی کۆرۆنا بەتایبەتی بۆ ئەو تاقمە کوشندەیە. لە چواری مانگی مارس ، ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست باسی ئەوەی کرد کە “نزیکەی دوو دەرزەن لە ئەندامانی پارلمانی ئێران و لانیکەم ١٥ کەس لە کاربەدەستە پلەبەرزەکانی پێشوو” تووشی ئەو نەخۆشییە بوون. لەو کاتەوە ئەو ڕێژەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە، بە هەمان شێوە قوربانیانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیی لە زیاد بوونن. تا ئەمڕۆ، زانراوە کە ڤایروسەکە گیانی موحەممەد موحەممەدی، ڕاوێژکارێکی ڕێبەری گەورە، عەلی خامەنەیی؛ جێگری وەزیری ناوخۆی پێشوو، حوسێن شێخولئیسلامی، نوێنەری پارلمان موحەممەد عەلی ڕەمەزانی دەستەکی گرتوە و فاتیمە ئیبتیکار و لانیکەم سێ کاربەدەستی دیکەش گیرۆدە بوون. چاوەڕوان دەکرێ کە لە ڕۆژانی داهاتوو خەڵکی زۆرتر تێدا بچن. بەڵام ڤایروسی کۆرۆنا تێچووی لەوەش مەزنتری بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی هەبووە، چونکە ئاشکرای کردوە کە نوخبەی بەڕێوەبەریی مەلاکان، کەسانێکی ناکارامە و دوورەدەستن. وڵات ئێستا لەنیو گێژاوی مەزنی قەیرانی سیاسی و تەندروستیدایە. ئەوە نەتەنیا ناکارامەیی دەوڵەتی ئێرانی بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایروسەکە ئاشکرا نەکردوە، بەڵکو تاوانی شاردنەوە و بچووک‌کردنەوەی ئاستی ڕاستەقینەی تەشەنەکردنەکەشی خستۆتە بەر چاوی هاووڵاتیان. بەگوێرەی ڕاپۆرتی زانکۆی جان هاپکینز، ئێران سێهەمین وڵاتی دونیا، پاش چین _وڵاتێک کە ڤایروسەکە لەوێوە سەرچاوەی گرت_، و ئیتالیا، لە بواری ڕێژەی گیرۆدەبووانی پەتای کۆرۆنایە. بەڵام رێژەی تووشبووە ئێرانییەکان کە تا ئێستا ڕاگەیەنراوە (کە لە کاتی نووسینی ئەو وتارەدا دەڵێن ١٠ هەزار کەسە) وێدەچێ زۆر کەمتر لە ڕێژەی ڕاستەقینە بێ. بە گوێرەی ئەو زانیارییە کە لەبارەی دۆخەکان لەبەردەست دایە، بە ئەو دۆخانەشەوە کە تووشبوونی سیاسەتوانە ئێرانییەکانیش دەگرێتەوە، چاودێرانی دەرەکی دەڵێن کە ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووانی ڤایروسی کۆرۆنا لە ئێران لەوانەیە چەند قات زیاتر بێ. هەڵبەت ڕێژیمی ئێران، هەموو هەوڵی خۆی لەکار کردوە تا ئاستی ڕاستەقینەی ئەو قەیرانە، کە ئێستا هەموو وڵاتی گرتۆتەوە، کەم نیشان بدا. بەڵام ئەو ڤیدۆیانە کە لە سۆشیال مێدیادا لە بارەی ڤایروسی کۆرۆنا بڵاو بوونەوە، نیشان دەدەن کە خەڵکی لە سەرانسەری وڵات لە شەقامەکاندا کەوتوون، و کارمەندانی کەرتی تەندروستی کە داوای یارمەتیی نێونەتەوەیی دەکەن. ڕاست بەدوای هەڵەی بەرچاوی سیاسی، خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە لە ٨ی ژانوییە لە تاران، گزەی دەوڵەتی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایروسی کۆرۆنا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ڕێبەرەکانی ئەو ڕێژیمە دوورەدەست، دابڕاو و بەکورتی ناکارامەن. بەڵام ڤایروسی کۆرۆنا بۆ ئایەتوڵڵاکانی ئێران تەنیا قەیرانێکی سیاسی نییە، ئەوە شکستێکی مەزنیشە بۆ ڕەوایی ئایدیۆلۆژیکی ئەوان. ناوەندە ئایینییەکانی وڵات (وەک شاری پیرۆزی قوم) ناوەندی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکە بوون و بەکاوەخۆیی لە ڕاددەبەدەری ڕێژیم بۆ وڵامدانەوە بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەو شوێنانە، هێندەی دیکەش  کەلێن و دابڕانی نێوان دامەزراوە ئایینییەکان و دانیشتووانی ئاشکرا کردوە. مەهدی خەلەجی کە لە ئەنستیتۆی واشینگتۆن کار دەکا، دەڵێ لەو ساڵانەی دواییدا کاربەدەستە ئایینییەکانی ئێران “لێبڕاوانە پزیشکیی مۆدێرنیان ڕەت کردۆتەوە و برەویان بە “پزیشکیی ئیسلامی” وەک زانستی ڕاستەقینەی پشت‌ئەستوور بە زانستی ئیلاهی داوە”. ئەمڕۆ، ئەو سیاسەتە ئاسەوارە کارەساتبارەکانی لە سەر تەندروستی وڵات بە گشتیی دەرکەوتوە. ئاخۆ ڕێژیمی ئێران دەتوانێ خۆی لە قەیرانی هەنووکەیی دەرباز بکا؟ لەوانەیە. بەڵام هیچ بەدوور نییە بیر بکەینەوە کە ، پێش کۆتایی‌هاتنی ئەو پەتایە، ڤایروسی کۆرۆنا ئەو شتە دەستەبەر بکا کە چەندین ساڵە هەڵسوکەوتە ڕۆژئاواییەکان نەیانتوانیوە بیکەن: تێكڕمانی رێژیمی مەلایان لە تاران. هیچ نەبێ هەر ئێستا توانیویەتی کە دوایین نیشانەکانی ڕەوایی رێژیم لەنێو بەرێ. نەیشنال ریڤیو – ئیلان بەرمان