کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرۆنای فریادڕەس، کۆرۆنای ڕووخێنەر

22:39 - 29 رەشەمه 2719

ئەم رۆژانە چەقی گرنگترین باسەکان، باسی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ەوە لە شاری وۆهانی چینەوە دەرکەوت و لە ماوەیەکی کەمدا تەشەنەی سەند و زۆربەی وڵاتانی دونیای گرتەوە. لەنێو وڵاتانی ئورووپادا ڕێژەی تووشبووان و قوربانییەکانی ئەم ڤایرۆسە لە ئیتالیا زیاتر لە هەموویانە. دوای چین، ئەم ڤایرۆسە لە ئێران بە خێراییەکی زۆرەوە تەشەنەی سەند و شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی تەنییەوە. ئێستا ئەم پەتایە تەنیا گرفتی چەند وڵات نییە، بەڵکوو سەرجەم وڵاتانی بەخۆیەوە خەریک کردوە و بووەتە قەیرانێکی جیهانی. بەم هۆیەوە، ئابووریی وڵاتان داتەپیوە و بەتایبەتی ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەورەکان و هێڵەکانی گواستنەوە خۆیان بە قوربانیی دەستی ئەم بەڵایە دەزانن و پێوەندی و هاتوچۆی نێوان وڵاتان کەمی کردوە و گەشتەکان ڕاوەستاون و هەموو جموجووڵێک سنووردار کراوەتەوە. ئەوەی کە لەم سەدەیەدا کۆرۆنا خولقێنەری تراژێدیایەکی مرۆییە، هیچ جێ گومان نییە، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە چۆنیەتیی بەرەوڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەم قەیرانەیە. بۆ ئەم مەبەستە، هەرکام لە وڵاتان بەگوێرەی دەرەتان و تواناییان ڕێوشوێنی تایبەتی خۆیان گرتۆتە بەر. لە چین توانیویانە بەسەر کارەساتەکەدا زاڵ بن و ڕێژەی تووشبووان لە دابەزین دایە، واتە ناوەندی قەیرانەکە گواستراوەتە بۆ وڵاتانی دیکە و ئورووپا لە بەردەم مەترسیدایە. لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ئێران چەقی ڤایرۆسەکەیە و لەم وڵاتەوە گوازرایەوە بۆ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە.   ئێران و کۆرۆنا پرسی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەکە بۆ ئێران و ئەوەیکە لە چ دۆخێکدا کۆرۆنا گەیشتە ئێران، بابەتێکە بۆ گەنگەشە و ڕامان ئەشێ. لەهەمان کاتدا، چۆنیەتیی مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ ئەم قەیرانە پڕ پرسیار خولقێنە و لە چەند لایەنەوە ئەکرێ هەڵبسەنگێندرێ. بەکورتی ئەکرێ بپرسین کە ئایا ئەم ڤایرۆسە فریادڕەسێک بوو کە لە ڕۆژێکی رەشدا فریای حکوومەت کەفت؟ یان بەڵایەک بوو دەستنی نایە بینەقاقای حکوومەت و ئەوەندەی دیکەی لای خەڵک بێ‌ئابڕوو و بێ‌متمانە کرد؟ بەداخەوە لە ئێران بەها و نرخی مرۆڤ لای دەسەڵات لە پلەی کۆتایی‌دایە. هەر بۆیە حکوومەت لە ئێران ناتوانێ خۆی لەو ڕوانگە سیاسی و ئەمنیەتییە کە بۆ ڕووداو کارەساتە مرۆییەکانی هەیەتی دەرباز بکا و بەرژەوەندیی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە ئەکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئەمنیەتییەکان. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دووساڵ لەمەبەر، حکوومەت لە کارەساتی بومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان و ناوچەکانی دەورووبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەمان شیوە جووڵایەوە و لەئەنجامدا خەڵک بۆخۆیان بە هانای لێقەوماوانەوە چوون و حکوومەت نەیتوانی قەیرانەکە کۆنترۆڵ بکا و فریای خەڵکەکە بکەوێ. پێشخستنی خوێندنەوە سیاسی و ئایدۆلۆژیکەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە لە ئێران لە پرسی مامەڵە لەگەڵ قەیران و ڕووداوەکان، هەمیشە هۆکاری پەراوێزخستن و کەم‌بایەخکردنی ڕێکارە زانستی و کارناسییەکان بووە، بۆیەش قەیرانەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و قەیرانی دیکەیان بەسەردا هاتووە.    کۆرۆنا وەک فریادڕەس ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاتێکدا گەیشتە ئێران، کە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران لە دۆخێکی پڕ قەیراناویدا بوو. ململانێیەکی توند لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئاردا بوو، لە ئەنجامی ئەم ململانێیەدا قاسم سلێمانی کوژرا و کۆمەڵێک قەیرانی یەک لەدوای یەکی لێ کەوتەوە. بەتایبەتی بەهۆی خستنە خوارەوەی فرۆکە ئۆکراینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانە و دواتر هەوڵدان بۆ دیزەبەدەرخۆنە کردنی کارەساتەکە، قەیرانەکان چەند هێندە بوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دژی سیاسەتی دەسەڵات زیاتر پەرەیان سەند. لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە گوشارەکان لەسەر ئێران زیاتر بوون و پرسی لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکە بوو بە مژاری سەرەکیی دانوستانەکان و ئێران هێندەی دیکە پەراوێز خرا. ئەمەش هەمووی لە کاتێدا بوو کە ئێران بەرەوە هەڵبژاردنی مەجلیس دەچوو و زۆربەی هەرە زۆری پێشوێژییەکان و هەڵسەنگاندنەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر کەم دەبێ و هەر واش دەرچوو. لەڕاستیدا، حکوومەت لە ئێران کەوتبوو دۆخێکی بێ هاوتاوە و کۆی بەرپرسان شڵەژان لەوەی چ بکەن و چۆن لەژێر باری ئەو هەمووە قەیرانەی کە دروستیان کردوە قوتار بن و پشوویەک بدەن. نە درۆ و دەلەسە، نە گوشار و هەڕەشە، نە دەستگیر کردن و سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی و نە پشتگوێخستنی گوشارە نێودەوڵەتییەکان هیچیان نەیانتوانی ببنە چارەسەر. دەستیان بۆ هەر کامیان دەبرد، زیاتر لەقوڕ دەچەقین. لە ڕۆژی هەڵبژاردندا پرسی کۆرۆنا لە ئێران بە میدیایی کرا و بەم جۆرە هەموو سەرنجەکان هەڵگەڕانەوە. ترس لە کۆرۆنا وایکردوە کە لەوساوە تا ئێستا هێندە باسی پرسی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە، هەڵبژادن، کوشتنی ١٥٠٠ کەس لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان و... نەکرێ. هەروەها، سەرجەم وڵاتان سەرقاڵی چۆنیەتیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە کوشندەیەن، بۆیە گوشارە نێودەوڵەتییەکانیشی ڕەواندەوە.   قەیران و درۆ ئەزموونەکانی رابردوو دەیسەلمێنن کە کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازکردنی خۆی پەنا بۆ هەموو ئامراز و ڕێگایەکی ناڕەوا دەبا و گرنگی بە لێکەوتەکانی دواتری نادا. بەتایبەتی لە کاتی قەیراندا پەنا دەباتە بەر درۆ و دەلەسە و ڕاستییەکان لە خەڵک دەشارێتەوە و لە رێگای دەزگای ڕزیوی ئایدۆلۆژیای خۆیەوە هەوڵی برەودان بە بازاڕی درۆ دەدا. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش ئەگەر بگەڕێنەوە دواوە ئەتوانین پەنجە بخەینە سەر چەندین نموونەی زەق، وەک ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨، یان کاتی بومەلەرزەکەی کرماشان و دەورووبەری. زەقتر و بەرچاوتر لە هەموویان لە پرسی بەردانەوەی فرۆکە ئۆکراینییەکەدا کە بە بەرچاوی دونیاوە، ئەو هەموو مرۆڤەیان کرد قوربانی ویستە شەڕخوازانەکانی خۆیان و دواتریش ڕاستیی رووداوەکەیان لە خەڵک دەشاردەوە. لەپرسی کۆرۆناشدا کۆماری ئیسلامی هەمان هەوڵی دا، ڕووداوەکەی شاردەوە و وەک کارتێک ڕایگرت تا ڕۆژی هەڵبژاردن. بەپێی وتەی شارەزایان و بەراوەردەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەرکەس تووشی ڤایرۆسی کرۆنا بێ، ئەگەر سیستمی بەرگری لەشی بەهێز نەبێ و بەرگە نەگرێ، ئەوا لانیکەم دوو هەفتە تا شەش هەفتە دەخایەنێ و ئەوجا کەسی تووشبوو گیان لەدەست دەدا. ئەگەرچی لە ئێران ڕۆژی یەکی ڕەشەممە یەکەمین حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە تۆمار کرا، بەڵام ڕێک لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بابەتەکەیان بە میدیایی کرد و لە ئەنجامدا کردیان بە پاساوێک بۆ بەشداریی نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخا کە ئەوان پێشتر بە مەسەلەکەیان زانیوە و هیچ ڕێوشوێنێکیان بەرانبەری نەگرتوە و ڕایان گرت تا ڕۆژی هەڵبژاردن. لەهەمان کاتدا، لە ئێران ڤایرۆسەکە لە شاری قومەوە سەری هەڵدا و تەشەنەی سەند. قوم شارێکی گرنگە لە پێکهاتەی سیاسیی ئێراندا و ناوەندی بەرهەمهێنانی ئایدۆلۆژیەکە کە زیاتر لە چواردەیە کۆماری ئیسلامیی لەسەر بنیات نراوە و بەردەوامە. کەواتە ئەم شارە لە پەراوێزی سەرنج و ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێران نییە، بۆ ئەوەی بێژین، درەنگ پێیان زانیوە. ئەگەر شار یان ناوچەیەکی دوورەدەست بایە و دیسان دەکرا بێژین دەرنگ زانیویانە، بەڵام بابەتە بە نیسبەت قومەوە زۆر جیاوازە و ناچێتە ئەقڵەوە.   ئەنجام: روخێنەر ئەگەرچی لە دۆخێکی قەیراناویدا کۆرۆنا فریای کۆماری ئیسلامی کەوت و سەرنجەکانی لەسەر کۆمەڵێک قەیران و ئابڕووچوونی گەورە لابرد و لە پرسی هەڵبژاردندا وەک کارتێک بەکاریان هێنا، بەڵام لە ئەنجامدا کۆرۆناش بوو بە قەیرانێک کە بۆ حکوومەت کۆنترۆڵ نەکرا و بووە هۆی سەلماندنی ناکارامەیی زیاتری سیستمی حوکمڕانی لە ئێران دا. ئەگەر دەسەڵات بەرانبەر بە ژیانی ملیۆنان خەڵک لە ئێران خۆی بە بەرپرس زانیبایە، لانیکەم دوای ئەوەی بە ئاشکرا دانیان بەوەدا نا کە ئەم ڤایرۆسە گەیشتووەتە ئێران، بە مەبەستی پاراستنی ژیانی خەڵک دەبوو کۆمەڵێک ڕێوشوێنیان گرتبایە بەر. حکوومەت نەتەنیا لەم ڕووەوە ناکارامە بوو، بەڵکوو پێچەوانەکەشی ئەنجامدا. لە جیاتی زانیاریی و ئاماری دروست، هەر لەسەرەتاوە درۆیان لەگەڵ خەڵک کرد. لە جیاتی ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ وڵاتێکی وەک چین ڕابگرن، لەبەر قازانجی کۆمپانیاکانی خۆیان هاتوچووەکان بەردەوام بوون. لەجیاتی چاودێری‌کردنی بازاڕ و کۆنترۆڵ کردنی نرخی شتومەک، لە ڕێگا کۆمپانیاکانی سەربە خۆیان نرخی شتومەکیان گرانتر کرد، بەتایبەت کەرەسەی خاوێنکردنەوە و دژە باکتریاکان. لەجیاتی داخستنی شوێنە ئایینیی و قەرەباڵەغەکان، مەکینەی فەتوایان خستە گەڕ کە نابێ بەم بۆنەوە لە شوێنە مەزهەبییەکان دوور بکەنەوە و وایان بڵاو دەکردەوە سەردانی ئەو شوێنانە دەبێتە هۆی چارەسەر. لە جیاتی قەرەنتینەکردنی شاری قوم، خەڵکی ئەم شارەیان دەگواستەوە بۆ شارەکانی دیکە. ئەمانە هەموو هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی ڕێژەی تووشبووان بەم ڤایرۆسە بە خێرایی پەرە بستێنێ و ڕۆژانە قوربانیی زیاتری لێ‌بکەوێتەوە. ئەمانە هۆکار بوون بۆ ئەوە ئێران ببێتە چەقی ڤایرۆسەکە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و بۆیەش ڤایرۆسەکەیان هەناردەی عێراق و ئەفغانستان و ژمارەیەک وڵاتی دەورووبەری خۆیان کرد. تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەی ژمارەیەک کە لە ئێران تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون، لە چین کە شوێنێ سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەیە سەریان دەرهێناوە. لە ڕاستیدا، ئەوی لە ماوی یەک مانگی رابردوودا لە ئێران بینیمان، دۆخێکی وێرانکەر و ڕووخێنەر بوو. حکوومەت نەیتوانی کۆنترۆڵی بکا و ئامادە نەبوو ڕێکارە درووستەکان جێبەجی بکا. کەس چاوەڕوانی ئەوەی لێ نەدەکردن کە وەک چین لە ماوەی 10 ڕۆژدا نەخۆشخانەیەکی گەورە بۆ چارەسەکردنی تووشبوانی کۆرۆنا دروست بکەن، بەڵام دەیانتوانی لە زۆر ڕێگای دیکە کە ئاماژەیان پێ کرا کەڵک وەربگرن، بۆ ئەوەی بە خێرایی ئەو هەمووە خەڵکە تووش نەبن.   ***