کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵێ کە ڕابرد...

23:07 - 29 رەشەمه 2719

ساڵێکی پڕ ڕووداومان تێپەڕاند –زۆریی ڕووداوەکان نوێترین هەواڵەکانی دەکردە کۆنترین هەواڵەکان- و ئەم ڕووداوانەش هەم خۆش بوون و هەمژی ناخۆش – و ئەگەر نەمانەوێ ڕاستییەکان بشارینەوە دەبێ بڵێین بەداخەوە ناخۆشییەکانی زۆرتر بوو. لەو کاتەوە کە مرۆڤ توانیویەتی چەمکی کات و زەمەن بەکار بێنێ و کەرەسەی پێوانەکەی بۆ بدۆزێتەوە و یان بخولقێنێ، هەموو دیاردەیەک چووەتە چوارچێوەی ڕێکەوتەوە و هەر لێرەشەوەیە کە مێژوو بە واتا کۆنەکەی خۆی سەر هەڵدەدا. لێرەدایە کە ئێمەی مرۆڤ بەو باوەڕە دەگەین کە هەر شتێک، هەر کەسێک، هەر دیاردەیەک و ... تەمەنێک و کاتێکی تایبەت بە خۆی هەیە. نوێبوونەوەی ڕۆژژمێری ئێمەش لەگەڵ سووڕی سروشتیی سروشتدا یەکی گرتوەتەوە و، هەر کام لە وەرزەکانیش بۆ خۆیان هێمایەکی دروست لە گەشە، گەورەبوون، پێگەیشتن و پیری و لە ئاکامدا نەمانن. لە سەرەتای ساڵی ٩٨ـدا و بە دوای ئەوەی کە لافاوێکی وڵاتداگر ئێرانی گرتەوە، زیاتر لە هەر ڕستەیەک ئەم پەندە فارسییەی کە دەڵێ: «ساڵێک باش بێ، لە بەهارەکەی ڕا دیارە» بەرچاو بوو کە دەستاودەست لە نێوان بەکاربەرانی ئەم فەزایەدا دەگوازراوە. بەکارهێنانی ئەم پەندە لە لایەن خەڵکەوە تەنانەت لە قسەکردنەکانیشیاندا –نەک هەر لە سۆشیال مێدیادا- تێکەڵ بە توانج و پللار بوو و، هەر لە سەرەتای ساڵەوە بەم پێشبینییە پێشوازییان لە ساڵی بەردەمیان کرد؛ لە ڕاستیشدا پێشبینییەکە بە هەڵە دەرنەچوو. ئەم لافاوە کە بە دیاریکراوی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستانی داگرت، زەرەر و زیانی گیانی و ماڵیی زۆری بە خەڵکی ئەم ناوچانە گەیاند؛ بەڵام یەکگرتوویی و خۆبەڕێوەبەریی خەڵکیشی بەهێز کرد و لە هەمان کاتدا بێ‌مودیریەتیی دەسەڵاتیشی زەقتر کردەوە و، هەر لێرەدا قەڵشێکی گەورە کەوتە نێوان دەسەڵات و ئەو خەڵکەی کە پێشتر کوێرە هیوایەکیان بە کاربەدەستان بوو. دروشمی ئەمساڵیش بە پێڕەوی لەم ساڵانەی دوایی لەلایەن خامنەییەوە بە «ڕەونەقی بەرهەمهێنان» ناو نرا، کە ڕێک بە پێچەوانەوە یەکێک لەو ساڵانە بوو کە زیاترین فشاری ئابووری و کەمداهاتی و بێکاری لەسەر خەڵک بوو و، هەر لەمساڵدا بە چەندین کارگەی بەرهەمهێنان داخران و تەنانەت بژیوی کرێکارەکانی خۆیشیان بۆ دابین نەبوو. کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی ساڵێکی کارەساتباری هەبوو، گوشارە لانی‌زۆرەکانی ئەمریکا، بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لوبنان و عێراق بەدژی دەستێوەردانەکانی ئەم ڕێژیمە لە کاروباری وڵاتەکانیاندا، کوژرانی قاسم سولەیمانی و بەردانەوەی بە ئەنقەستی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، ئێف ئەی تی ئێف و تێخستنەوەی ئێران لە لیستی ڕەش و ... دەسەڵات و هێزی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا تووشی لاوازییەکی بەرچاو کرد و، کاریگەرییەکانیشی زۆر بەرهەستە. لە نێو سنوورەکانیشدا بارودۆخێکی باش چاوەڕوانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ناکا، وەک چۆن سیاسەتەکانی دەرەوەیان لەم ماوەیەشدا هەر لەسەر ڕەوتە پێشووەکەی بەردەوام بوو و، کاردانەوەی خەڵک و وڵاتانی دیکەی بەدوادا هێنا؛ هێڵی دیاریکراوی سیاسەتەکانیان لە نێوخۆی وڵاتیش هەر بە پێوانەی پێشوو و بەڵکوو توندتریش بەردەوام بووە و، ئەمەش ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێرانی لێ‌کەوتەوە و کەوتوەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور ئێران لەمساڵدا پلەی ١٧٠ی لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا لە بواری ئازادیی چاپەمەنی بەدەست هێناوە، ئەمەش خۆی دەرخەری شاردنەوەی زانیاریی ڕاست و بە دوای ئەوە داسەپاندنی کەشی تاک‌دەنگی بەسەر کۆمەڵگە و نەهێشتنی دەنگی نەیارانە. باسمان لە «ڕەونەقی بەرهەمهێنان»ـی سەقەت کرد، هەر لەم سۆنگەیەوە و بە زۆر هۆکاری تریش دۆخی ئابووریی خەڵکی ئێران بە واتای تەواوی وشە قەیراناوییە، هەژاری لەم وڵاتەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو پەرەی گرتوە و ڕوو لە زیادبوونە؛ سیاسەتی سەرکوت و نادێموکراتیک و سیستمی ئابووریی هەڵتەکاوی ئێران، خەڵکی ئەم وڵاتەی هێنایە سەر شەقام. هەرچەندە بەداخەوە بە پێی ئامارەکان ١٥٠٠ کەس لە ناڕەزایەتی‌دەربڕان کوژران و بە هەزارانی دیکەش بریندار و گیراو هەیە و ژمارەیەکی بەرچاو لەم گیراوانە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە؛ بەڵام ترسی خەڵک لە ڕێژیم و سەرکوتەکانی هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕژا. ئەم ناڕەزایەتییانە لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان و ٢ی ڕەشەمەی ئەمساڵ (هەڵبژاردنەکانی مەجلیس) گەیشتە لووتکە و، خەڵک بە بەشدارینەکردنیان جارێکی دیکە ناڕەزایەتیی خۆیان بەدژی ڕێژیم و لە ئاستێکی بەریندا دەربڕی. هێنانی نەخۆشیی کرۆنا بۆ ئێران بەهۆی ڕانەگرتنی هاتوچۆ لەگەڵ چین و دواتر شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک لەم پێوەندییەدا و کۆنترۆڵ نەکردنی دۆخە نائاساییەکە لە سۆنگەی ئیزۆلە نەکردنی شاری قوم وەک مەکۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە، هەموو بەرپرسایەتییەک دەخاتە سەر شانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. لە بواری دابینکردنی پێداویستیی بێهداشتی و تەندروستیشدا هەر ئەوەندە کە بڵێین لە ساڵی گەشەی بەرهەمهێناندا ماسک و ئەلکول بووەتە دەرمانی چاو لە ئێراندا، ئیتر خۆی دەرخەری دۆخی شپڕێوی ئەم وڵاتە و ئیدارە سەقەتەکەیەتی. ئەمە لە کاتێک‌دایە پێشبینییەکانی ناوەندی پزشکیی زانستگەی شەریفی تاران باس لەوە دەکا لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم ڕەوتە هەنووکەییە، ئێران سێ میلیۆن و نیو قوربانیی کرۆنای دەبێ. لە پێوەندی لەگەڵ مافی کەمینە نەتەوەییەکان، درگای سیاسەتەکانی ڕێژیم هەر لەسەر گرێژنەی پێشووی دەسووڕێ و تەنانەت لە سەرەتای ساڵی خوێندنی ٩٨دا بە هێنانە ئارای گەڵاڵەیەک لەژێر ناوی «بسندگی زبان فارسی» ڕاستەوخۆ دژایەتیی گەلانی نافارسی ئەم وڵاتە _کە پێکەوە زۆرینەی جەماوەرەکەی پێک دێنن-، کرد. سووڕی سروشت هێناومانیەتەوە سەر خاڵی دەسپێکێکی دی و بەهار و سەرهەڵدانەوەیەکی تر؛ مامۆستا شەریف گوتەنی:  «گەڵاڕێزان گوڵی باخانی دا با/ بەهارێ دیکە دێ، ئەم داخە لابا.» نەورۆز پیرۆز، ماڵی گشت لایەک ئاوا.