کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی کیش یان مات؟

23:10 - 29 رەشەمه 2719

کۆمەڵگەی مرۆیی زۆری نەهامەتی و کارەسات بەسەر هاتوە، وەک شەڕی وڵاتان لەگەڵ یەکتری و  لێکدانە جیهانییەکان، بەڵا و قەیرانە سروشتییەکانی وەک لافاو و بوومەلەرزە و، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گشتگیر و گواستراوەکانی وەک تاعوون و وەبا، بەڵام نەوەستاوە و هەموو ئەوانەی بەجێ هێشتوە. بۆیە بە دڵنیاییەوە بەسەر ئەم جۆرەی «کۆرۆنا»شدا سەر دەکەوێ، بەڵام گرینگ دواترەکان و قۆناغی ئەولای تێپەڕین لەو قەیرانگەلەن. ئەوەندەی بۆ کۆمەڵگەی مرۆیی لە ئێران و دەسەڵاتی سیاسی لەم وڵاتە دەگەڕێتەوە، هەرنەبێ لە مێژووی هاوچەرخدا خەڵک و دەسەڵات لەم وڵاتە لە تەنگانە و قەیرانەکاندا نەک پێکەوە، بەڵکوو لە بەرامبەری یەکتری بوون. یەک‌نەبوونی بەرژەوەندیی خەڵک و دەسەڵات وای‌کردوە زیان و خەساری قەیرانەکان پتر لەسەر خەڵک بارگرانی بکا و، حاکمیەتیش نەک هەر ژیان و گیانی خەڵکی بۆ گرینگ نەبێ؛ بگرە تەنیا و تەنیا لە فیکری مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا بێ. چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵک و وڵاتی ئێران و لێکەوتەکانی دەربڕی ئەو ڕاستییەن کە زۆرینەی ڕە‌های خەڵک و نیزامی سیاسیی وڵات لە یەک ڕەگەز نین. ئێران ئەمڕۆ یەکێک لە گەشەنەکردووترین وڵاتانی دنیایە، وڵاتێک کە سەرەڕای ژێرخانی ئابووریی دەوڵەمەند، بەڵام بەشی هەرەزۆری خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. وڵات نوقمی بێکاری و قەیرانەکۆمەڵایەتییەکانە، کەچی حکوومەت ئەوەی خەمی لێ دەخوا نەک خەڵک و وڵات، بەڵکوو پاراستنی هەیمەنە و بەرژەوەندییەکانیەتی، ئەویش کە پتر لە دەرەوەی سنوورەکانیدا بۆی دەگەڕێ. سەرنجڕاکێش ئەوەش لە هەر قەیرانێکدا کە ڕووی لە وڵات کردبێ یان هەر بەڵایەک کە خۆی بەسەر وڵاتی هێنابێ و لەهەر جێیەک بۆخۆی کورتی هێنابێ، خەڵکی کردوەتە قەڵغان و بەڵاگێڕەوەی خۆی. هاوکات بۆ تێپەڕین لە دۆخەکەش چاوی لە هێزی مرۆیی و توانا و ئیمکاناتی ماڵیی خەڵک بووە. کە بوومەلەرزە و لافاو ڕوو لە وڵات دەکا، بۆی گرینگ نییە خەڵک ماڵ و حاڵی کەوتۆتە سەر ئاو یان ژێر داروپەردوو و، ئەوە ئەرکی سەرشانی ئەوە خەمیان لێ‌بخوا، بەڵام لە کاتی شەڕ و گەمە سیاسییەکانی وەک هەڵبژاردندا بە ئەرکی سەرشانی خەڵک دەزانێ بەدەم داوای حکوومەتەوە بچن! خەڵک سەرکوت دەکەن، دەکوژن، دەبڕن و نە تەرمەکانیان دەدەنەوە بە بنەماڵەکانیان و نە تەنانەت ئامادەن بڵێن چەندیان لە ڕۆڵەی ئەم خەڵکە کوشتوە؛ بەڵام کە قەیرانێک ڕوویان تێ‌دەکا، بە هۆی دەستەوەستانی و بێدەسەڵاتییان لە مودیریەتی قەیراندا خەڵکیان بیر دێتەوە و دەستیان بۆ پان دەکەنەوە. وەک چۆن ئێستاش لە قەیرانی “کۆرۆنا”دا بە پاڕانەوە و لاڵانەوە دەڵێن چاویان لە خەڵکی چاکەکار و ڕێکخراوە مەدەنییەکانە لەگەڵیان دەست دەنێ، هەر ئەو ڕێکخراوانەی هەتا دوێنێ ئەندامەکانیان لەسۆنگەی چالاکییەکی مەدەنی و داواکردنی سەرەتاییترین مافێکی مرۆیی دەگرت و لە زیندانیان توند دەکردن! کاتێک هەموو دنیا هاتوچۆی لەگەڵ چین ڕاگرتبوو، سپای پاسداران کە لە ئێراندا خۆی بە حاکم و خاوەنی بەڕ و بەحر دەزانێ، بڕیاری دا گەشتەکانی ماهان بۆ چین بەردەوام بن. ئەوەی ڕێژیم بۆی گرینگە ئەوەیە هاتنی چەکوچۆڵە و کەرەستەی سەربازی و تفاقی شەڕ ڕانەوەستێ، جا با لەگەڵ ئەوانە کۆرۆناش بێ و خەڵک گیرۆدە بکا! گرینگ ئەوەیە کارگەی ئەتۆمی و دروستکردنی مووشەکەکانیان لەگەڕ نەکەوێ، خەڵک دەکەون ئەویان بە توون! ئەوان هەموو جەنایەتێک و خەیانەتێک دەرحەق بەو خەڵکە دەکەن و دوایەش دەکەونە پیلان بۆوەی ئەوەندەی دەکرێ هەر ئەم خەڵکە بخاپێنن و، لاوازی و دۆشداماویی خۆیان لە ئیدارەکردنی وڵاتیان پێ بشارنەوە، چۆن: خەیانەتەکە ئەو کاتە دەستی پێ‌کرد کە زووتر لە هەموو کەس دەیانزانی وڵاتیان تووشی چ بەڵایەک کردوە، بەڵام شاردیانەوە و بە ڕێگری لە داخستنی “قوم” وەک چاوگی بڵاوبوونەوەی پەتاکە و شوێنە ئاینییەکان وەک ناوەندی کۆبوونەوەی گشتیی باوەڕمەندان ڕێگەیان بۆ تەشەنەکردنی پەتایەکە خۆش کرد. جەنایەتەکەش ئەو کاتە بوو کە بە ئەقڵی خۆیان بابەتەکەیان هەڵسەنگاند و ئەوەش وای‌کرد دەیان هەزار کەس بیگرنەوە و بە هەزاران کەسیش تێدا بچن. هەموو لە بیرمانە ڕۆحانی هاتە سەر شاشە و گوتی هەمووی سێ ڕۆژە، دوایە هەرچی کاروباری پەکخراوە، دێنەوە جێی خۆیان و دۆخەکە ئاسایی دەکەنەوە. ئێستاش کە بە قووڵایی کارەساتەکەیان زانیوە و داماو و دەستەوەستانتر لەوەشن چارەی کەن، لە لایەک هانایان بۆ خەڵک هێناوە و لە لایەکی دی بە بڵاوکردنەوەی ئەم ئیدیعایە کە ئەوە شەڕی بیۆلۆژیی دژی ئێرانە، کەوتوونەتە پیلان بۆ وەی خۆڵ لە چاوی هەر ئەو خەڵکە بکەن و، بێتوانایی و زەبوونی و بێ‌کیفایەتیی خۆیانی پێ بشارنەوە. بەدەر لەو جەنایەت و خەیانەتە هاتوون چەندی بۆیان بکرێ “کرۆنا” بکەنە “وجه‌المصالحە” بۆوەی گەمارۆ ئابوورییەکانیان لەسەر لابچێ، ئەمەش نەک بۆ ئەوەی بتوانن کەرەستەی خۆپاراستن و ئیمکاناتی بێهداشتیی زیاتر بۆ خەڵکی پێ دابین بکەن، بەڵکوو بۆوەی پارەی زیاتریان بۆ دروستکردنی بۆمب و مووشەک و دابینکردنی تێچووی بەخێوکردنی میلیشیاکانی سەربە خۆیان لە ناوچە بێتە دەست. لەو تەنگانەیەی ئێستادا خەڵک کۆمەڵێک شت بەچاوی خۆیان دەبینن کە بێگومان هەمووی دەسمایەی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانەکانی دوای کۆرۆنا بەدژی ڕێژیم دەبن. خەڵک بە چاوی خۆیان دیتیان ئەم ڕێژیمە بەڕواڵەت زۆر سەقامگیرە لە کاتی قەیراندا و لە نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت و حوکمەتیشدا هەڵوەشاوە و پەرت و پەرپووتن. خەڵک بە چاوی خۆیان دیتیان ئەو دەسەڵاتەی جەلال و جەبەرووتی خۆی لە عەرشدا دەبینێ، بەڵام لە دابینکردنی دەمامک و دەستەوانە نەک بۆ هەموو خەڵک، بگرە بۆ کادری دەرمانیی نەخۆشخانەکانیش زەبوون و داماوە. خەڵک کە هەر لەمساڵدا و بەدوای ئەزموونکردنی لافاوەکەی خاکەلێوە، گران‌کردنی بێنزین و کوشتارەکەی خەزەڵوەر و، بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە مووشەکی سپای پاسدارانەوە بۆیان دەرکەوتبوو کە ئەوەی لای کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە بایەخی نەبێ گیان و ژیانی خەڵکە، ئەم جارەیان بە کاتی “کۆرۆنا”ش زیاتر لە جاران تێگەیشتن کە چەندە غەیرەخۆیی و زیادەن! خەڵک بە ئێسک و پێستەوە چێشتیان کە ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی لە پێشە تەنیا و تەنیا پەرەپێدانی هێز و دەسەڵاتی خۆیەتی لە ناوچە و، ئەوەی لە گەندەڵی و هەڵڵووشینی سەروەت و سامانی گشتیی وڵات ماوەتەوە بۆ ئەوی تەرخان کردوە؛ نەک بەهێزکردنی ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات و بێهداشت و سڵامەتیی خەڵک. لە تەنیشت ئەو شتانەی خەڵک دیتیان، خەڵک هەندێک شتی دیکەی نەدی کە دەیتوانی سووکە متمانەیەک و چووکەڵە ئێعتبارێک لە نەبوودا بۆ دەسەڵاتی سیاسی دەستەبەر بکاتەوە. خەڵک چاوەڕوان بوون دەسەڵات لەم قەیرانەدا و لە پێوەندی لەگەڵ ئامار و زانیارییەکانی پێوەندیدار بەم کارەساتەوە لەگەڵیان ڕووڕاست بێ، بەڵام دیسانەکەش درۆیان لەگەڵ کرا. خەڵک چاوەڕوان بوون زیندانییانی سیاسی مەرەخەسییان بدرێتێ و لانی‌کەم هەتا کۆتایی قەیرانەکە بنێردرێنە ماڵەوە، بەڵام بینیمان نەک هیچ زیندانییەکی سیاسی _بە تایبەت کورد_ مەرەخەسی پێ‌نەدرا؛ لەم ماوەیەدا هەم ئێعدامەکان درێژەیان هەبوو، هەم سەپاندنی حوکمی زیندانی درێژخایەن. خەڵک چاوەڕوان بوون دەسەڵات بە پێی ئەرک و وەزیفەشی بووبێ لە شوێنی سەرچاوە گشتییەکان ئاوڕ لە خەڵکی هەژار و بێدەرەتان و بێ‌ئەنوای وڵات بداتەوە کە لە سۆنگەی کۆرۆناوە گردەنشین بوون و کەوتوونەتە تەنگانەی قورسەوە؛ داواش کرا و هاواریشیان بەرز بۆوە، بەڵام دەسەڵات نەیبیست. سەرچاوە و سامانی گشتیی وڵات ئیی هەموو خەڵکی وڵاتە و خەڵک مافی خۆیانە بە تایبەت لە کاتی قەیرانەکاندا لێی بەهرەمەند بن، خەڵک چاوەڕوان بوون لەو ماوەیەدا دەوڵەت لانی‌کەم پووڵی ئاو، برق و گازیان لێ نەستێنێ؛ دانەوەی قەرزەکانیان بە بانکەکان دوا بخرێ، بەڵام ئەوەشیان نەکرد. بۆیە کۆماری ئیسلامی ئەگەر بتوانێ ئەم قەیرانەش تێپەڕێنێ، ئیدی ناتوانێ دەسەڵاتە سیاسییەکەی پێش کۆرۆنا بێ، خەڵکیش ئەگەر لە پاش ئەو کارەساتە بمێنن ناتوانن بۆ دواوە بگەڕێنەوە. کرۆنا ئەوەندەی کۆمەڵگە لە حکوومەت تووڕە کردوە و خەڵک ئێستا هێندە لەو ڕێژیمە پڕن کە قەت ناتوان ئەو ڕۆژانە و ئەو بارودۆخە لە بیر خۆیان بەرنەوە. بێگومان سەردەمی دوای بەزاندنی کۆرۆنا لە ئێران سەردەمێکی زۆر جیاوازتر لە کاتی پێش هاتنی ئەو پەتایە دەبێ. چوار دەیەیە کرۆنای کۆماری ئیسلامی خوێنی خەڵکی ئەو وڵاتەی دەشووشە کردوە، کاتی ئەوە هاتوە کە مڵۆزمی کۆرۆنا ببێتە سەبەبی گۆڕین و تێکەوەپێچانی ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆر و خوێنمژە.