کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی هیوا و بەرەنگاری

21:24 - 2 خاکەلێوه 2720

بەهارە، جێژنی نەورۆز و نوێبوونەوە، بەهارە و وەرزی هەستانەوە، وەرزی هیوا بە ژیان و ژیانەوە. نەورۆزی کورد، نەورۆزی گڕ و ئاگر و دیلان و زەماوەندە، نەورۆزی ئاشتی و ئازادی، مخابن گەلێ نەورۆزی کورد تێکەڵاوی مەرگ و خوێن و کارەسات و مەرگەساتە، سێدارەکەی بەهار و نەورۆزی چوارچراکەی کۆمار، نەورۆزی خویناویی سنە و نەورۆزی هەڵەبجەی فرمێسک و خوێن و زۆر کارەساتی تر تێکەڵاوی نەورۆزی کوردانن، بەڵام ئەوە کوردە و نەبەزین و هەستانەوە، کوردە و هیوا و ئومێد و ورە، کوردستانە و شاخ و پیدەشت و لوتکە و رووباری، کوردستانە و سروشتی رازاوەی چیا و دیمەنی گوند و شاری، کوردە و سومبولی نەبەزین و نەتوانەوە، کوردە و بەرخۆدان و خۆڕاگری و گلان و نسکۆ و هەستانەوە. دەمێکە کورد قاڵبووی ڕۆژگارێکی پر لە نەهامەتی و کارەساتە، میژووەکەی خاوەن سەدان سەربردەی تاڵ و گەلێ خەم و بەسەرهاتە. بە دڵنیاییەوە و بەهێزەوە ئەم جارەش ناهێڵین پەتای مەرگ بەهاری ژیانمان لەناوبەرێ، هەر وەک چۆن نەبووینە کۆیلە و دیلی دەستی دژمن، هەر وەک چۆن بەرەنگاری جینایەتکارانی جەماران بووینەوە، هەر وەک چۆن بەگژ پەیمانە شوومەکاندا چووینەوە، ئاواش بەهیوا و ئومێد و ورە و وزە و هیزەوە بەسەر ئەم کۆسپەی ئەم سەردەمەشدا تێدەپەڕین، ئەم زەمەنەش دەکەینە مێژوو و ئەم پەتایەش دەتاسێنین، پەتاکەی چین و جەماران دەبەزێنین، بە خۆپاراستنمان لە پەتاکەی چین خۆمان ڕزگار دەکەین و بە خەبات و خوێن و خۆراگریی پەتاکەی جەماران لەگۆڕ دەنێین. دڵنیاین کە ڕۆژێ دادێ نەورۆزانە لەسەر گشت لووتکە بەرزەکانی نیشتمان، لە شار و شەقام لە گوند و چیا ئاڵای نیشتمانی کورد هەڵدەدەین، مەزاری نەمران بە گوڵ و گوڵزار دەڕەنگێنین، وڵات ئاوەدان و ئاسەواری داگیرکەر دەسڕینەوە. کوردین نەمرین و نامرین، سەر هەڵدەدەینەوە، تێهەڵدەچینەوە، مناڵانمان سروودی وەتەن و ئێمەش سروودی ئەی ڕەقیب دەڵێینەوە. ئەوکات باوەش بەیەکدا دەکەین، دەست لەناودەست نیشتمانی کورد دەپارێزین، سروودی ئازادی دەچڕین و سەمفۆنیای مەرگ تێکدەشکێنین. ئاوازی ئەوینی ژیان و بانگی ئازادی و سەربەستی بەگوێی جیهاندا دەدەین و زنجیرەکان دەبڕینەوە، لەکۆتایی شەوەزەنگی بێدادیدا لەنێو پێدەشتی ڕازاوە بە گوڵزاری نیشتمان، گۆڤەندی ئازادی دەگێڕین، بڕست لە برسیەتی دەبڕین، تینوویەتی ئەوینی نیشتمان بە ماچ و رۆژووی دیداری دووریمان بە فرمێسکی شادی دەشکێنین و نەورۆز دەکەینە گۆڤەند و بە یەکگرتووی و یەکڕیزیمان خائین و خیانەتکار ڕیسوا و داگیرکەر لە خاکمان وەدەردەنێین. هاوخوێن و هاونیشتمان ڕۆژگاری تاڵت بەسەر دەچێ، شەوەزەنگی بێدادی کۆتایی دێ، گزینگی خۆر لەکەل دەردێ، دوور بڕوانە ئەم زەمەنەش کۆتایی دێ و ئەم کۆستەش تێدەپەڕێ، با یەکگرین، بە تەبایی و یەکڕیزی نەهامەتییەکان لەگۆڕ دەنێین. نیشتمان ساڵی نوێ و ژیانی نوێ و نەورۆزت پیرۆز