کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێرلاشێز یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڤییەن بەرز ڕاگیرا

18:13 - 24 پووشپەڕ 2720

دوای تێپەڕبوونی ٣١ ساڵ بە سەر ڕووداوی دڵتەزێنی ڤییەن، وەک وەفایەک بۆ شەهیدی سەرکردە دوکتور”عەبدولڕەحمان قاسملوو” سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێ “عەبدوڵڵا قادری ئازەر” ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی شەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب و چەند کەسایەتییەکی سیاسی لە “پێرلاشێز″ی وڵاتی فەڕانسە و لەسەر گڵکۆی ئەو نەمرانە کۆ بوونەوە. لەم کۆبوونەوەدا، جگە لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتانی فەڕانسە و سویس، هەر یەک لە بەڕێزان دوکتور “فرێدریک تێسۆ” کەسایەتیی سیاسی و دۆستی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و گەلی کورد و هاوڕێ “مەولوود سوارە” بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات و چەند هاوڕێیەکی تر لە وڵاتی بریتانیاوە بەشدار بوون . لەم ڕێوڕەسمەدا بۆ گەیاندنی پەیامی حیزب، تابلۆیەک بە شێوەی رۆڵ ئاپ و ژمارەیەکی زۆر فلایەر بە زمانی فەڕانسەوی چاپ کرابوون کە دەقی نووسراوەی فلایەرەکە لە لایەن بەڕێز″د.ئاسۆ حەسەن‌زادە”وە بە زمانی فەڕانسەوی ئامادە کرابوو. لەم فلایەرەدا کە زیاتر لە ١٢٠٠ وشەی لەخۆ گرتبوو، بە گشتی باسی بارودۆخی ئێران لە سەرەتای دامەزرانی حیزب لەسەر دەستی پێشەوای نەمر “قازی محەممەد” و هەروەها سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕۆڵی دوکتور قاسملوو و هەروەها ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان دەکرد. هەروەها تیشک خرابووە سەر هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئێران و تێرۆری ڕێبەرانی کورد و بێ‌دەنگی وڵاتی ئوتریش و دۆسیەی کراوەی تێرۆری میکۆنۆس. سەرەتای کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە خاتوو “شەیدا ویجدانی” بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد، پاشان بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێ‌کرد. پاشان پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە لە لایەن هاوڕێ “هەڵمەت ڕەحمەت پوور” بەرپرسی کۆمیتەی فەڕانسەوە خوێندرایەوە. لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا لە لایەن خاتوو “پەخشان ڕەحیمی” وەک نۆینەری بنەماڵەی شەهیدان و هاوڕێ “زاهیر قادرحاجی” بەرپرسی کۆمیتە لە وڵاتی سویس و “د.فریدریک تیسۆ” تاجە گوڵینەی ڕێز و خۆشەویستی لەسەر گڵکۆی نەمر د.قاسملوو داندرا. پاشان لە لایەن دوکتور “فرێدریک تیسۆ”وە وتارێک بەم بۆنەوە پێشکەش بە ئامادە بووان کرا و دواتر پەخشانێک لە لایەن هاوڕێ “ڕەحمان ئیبراهیم‌زادە” خوێندرایەوە و مۆمی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڤییەن لە لایەن منداڵانی درێژە دەری ڕێبازی قاسملوو هەڵ‌کرا و ئامادەبووان شاخە گوڵی خۆشەویستیان لەسەر گڵکۆی نەمران دانا. لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا بابەتێک لەسەر پەروەردەی منداڵان لە لایەن هاوڕێ “ئازادی موستەوفی” و پەخشانێک لە لایەن هاوڕێ “عەلی سوورە چۆمی”یەوە پێشکەش کران. لە کۆتایی بەرنامەکەدا سەرجەم بەشدار بووان بە دەستە گوڵەوە بەرەو گڵکۆی شەهیدان “د. سادق شەرەفکەندی” و هاوڕێیانی وەڕێ کەوتن و لە لایەن هاوڕێیان “مەولوود سوارە” و “محەممەد حەسەن‌زادە” وهەروەها هاوڕێ “عەلی سوورە چۆمی” وەک نوێنەری بنەماڵەی شەهیدان، تاجە گوڵینە لەسەر مەزاریان داندرا.