کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی بداغی: قۆناغی دوای کۆرۆنا بۆ خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی چارەنووسسازە

19:27 - 9 خەزەڵوەر 2720

عەلی بداغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەڵێ قۆناغی دوای کۆرۆنا بۆ خەڵک و دەسەڵاتی سیاسیی تاران چارەنووسسازە. ئەو پێی ‌وایە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ڕێبەریی خۆی دەبینێتەوە و خەبات دژی کۆماری ئیسلامی دەچێتە قۆناغی یەکلاکەوەرەی خۆی. لە کۆنفڕانسی ئەندامانی کۆمیتەی قوشتەپەی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌ لە کەمپی کاوە لە باشووری کوردستان، کە دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنج‌شەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەڕێوەچوو، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، عەلی بداغی باسێکی سیاسیی پێشکەش کرد و لە پێوەندی لە بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێران و ڕەوتی مافخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و فاکتۆڕەکانی بەچۆکدا هێنانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشدارانی کۆنفڕانس دوا. بەڕێزیان لە سەرەتای باسەکەیدا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێستای وڵاتی لە ژێر گوشاری قورسی سزاکانی ئەمریکادا کرد و گوتی سەرەڕای ئەوەی بەرپرسایەتیی گەمارۆکان لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی شەڕەنگیزی و قەیرانخوڵقێنیی ڕێژیمە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە بۆ نیزامی سیاسیی گەندەڵی ڕێژیم و بنەما فیکرییەکانی ئەم ڕێژیمە دەگەڕێتەوە؛ نیزامێکی سیاسیی گەندەڵ کە هەموو پێکهاتەکانی ئیداری و بەڕێوەبەریی ڕێژیم لە شوڕای شار و شارەوانی، نیزامی بانکی، دەوڵەت، کەرتی تایبەت و دەزگای دادی ڕێژیمی تەنیوە و جێگای حاشای بۆ کاربەدەستانی هەرە سەرووی ڕێژیمیش نەهێشتۆتەوە. ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا پەڕژایە سەر دۆخی کڕۆنا لە ئێران و گوتی ئەم پەتایە ئەوەندەی بۆ ڕێژیمی سیاسی هەل و نێعمەت بووە، بۆ خەڵک مەینەتی و مەرگ و ماڵوێرانی بەدواوە بووە. کڕۆنا هاوکات تاقیکارییەکی دیکە بوو کە ئەوەندەی دیکەی متمانە و شەرعییەتی نەبووی کۆماری ئیسلامیی لە پێوەندی لەگەڵ بەرپرسایەتییەکانی لە بەرامبەر خەڵک و کۆمەڵگەدا بردە ژێر پرسیار. بەڕێزیان گوتی قۆناغی دوای کڕۆنا بۆ خەڵک و کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی خەباتی مافخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران یەکلا کەرەوە دەبێ. تەوەرێکی دیکەی باسەکەی عەلی بداغی پێگەی ئێران لە هاوکێشە ناوچەییەکان لە سەردەمی ئەمریکای تڕامپ و هەڵبژاردنەکانی ئەم حەوتوویەی سەرۆک‌کۆماریی ئەم وڵاتە بوو. ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو پێوەندییەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆ ئێران بەتایبەت ئاڵقەی دەسەڵات یەکجار گرینگە، بەڵام کێشەی خەڵک و دەسەڵات لە ئێران گرێدراوی ئەوە نییە دێموکراتەکان یان کۆماریخوازەکان کامیان حوکمی کۆشکی سپی بکەن؛ بەڵکوو پرسی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و لە بەرامبەردا نیزامی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی و یەکلاکردنەوەی ئەو پرسەیە. لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسی ئەندامانی حیزب لە کەمپی کاوە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی نوێ بەڕێوە چوو کە لە بەشەدا ئەندامانی کۆمیتە ئازادانە و بە شێوەیەکی دێموکراتیک لەلایەن ئەندامانەوە دەنگی متمانەیان پێدرا.