کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی

22:44 - 28 خەزەڵوەر 2720

پەیامی سەرەخۆشیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی   بەڕێز سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان! بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ئەمڕۆ کوردستان یەکێک لە ڕۆڵە بەرپرس و دڵسۆزەکانی خۆی بەهۆی پەتای جیهانگیری کۆرۆناوە لەدەست دا. دوکتور فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر یەک لەو لاوە خوێنگەرم، ئەرک‌وەخۆگر و هەرە پڕکار و دڵسۆزانەی کورد بوو کە هەمیشە پێگەی سیاسی و ئیداریی خۆی بۆ خزمەتی خەڵک بەکار دەهێنا و ماندوویی‌نەناسانە بۆ سەرخستنی پڕۆژە گشتی و خزمەتگوزارییەکان تێ‌دەکۆشا. د. فرسەت سۆفی پێوەندیی زۆر باشی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبوو، ئەوەندەش کە لە دەستی هاتبا بە خەمی خۆشک و برا هاونیشتمانەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان بوو. خاکی‌ و خاکەڕایی، ڕەوشتی بەرز و تێکەڵاویی لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بەرزی مرۆیی دیکە، کاک فرسەت سۆفیی کردبوو بە خۆشەویستی هەموو لایەک و، لەخۆڕا نییە کە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بۆی خەمبار و بەپەرۆشە. ڕووحی کاک فرسەت سۆفی شاد و جێگای بەهەشت بێ. بێگومان خزمەتەکانی و، ناو و یادی ئەو مرۆڤە بەرزە لە دڵی گەلی کورددا دەمێنێتەوە. بەبۆنەی کۆچی ناوادەی د. فرسەت سۆفی، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هاوکارەکانی لە پارێزگای هەولێر، بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمتان دەزانین.  

حیزبی دێموکراتی کوردستان

سکرتاریا

١٨/١١/٢٠٢٠