کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری دوو هەیئەتی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران

04:25 - 2 سەرماوەز 2720

هەیئەتێکی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەردانی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێرانی کرد. ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سەردانی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێرانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی کۆمەڵە بە سەرپەرەستی بەڕێز سەید ئیبڕاهیم عەلیزادە دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵەوە پێشوازییان لێکرا. لە سەرەتای دیدارەکەدا بەڕێز سەید ئیبڕاهیم عەلیزادە باسێکی لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران و ژیانی سەختی خەڵک و پەتای کۆڕۆنا و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی نێوخۆی ئێران کرد. ناوبراو وێڕای هەڵسەنگاندنی دۆخی خراپی ژیانی خەڵک باسی لە کاریگەرییەکانی ئەو پەتایە لەسەر باری دەروونی خەڵک کرد. بەڕێز عەلیزادە لە درێژەی وتەکانیدا باسێکی لەسەر نەهامەتییەکانی خەڵک کرد و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم دۆخەی ئێستای ئێرانی باس کرد و هەروەها باسی لەوە کرد کە ڕێژیم چۆن بە قازانجی خۆی کەلک لەو قەیرانانە وەردەگرێ و بەپێی ئەو دۆخە ستراتیژی خۆی دادەڕێژێ. لە لایەک ڕێژیم هەوڵدەدا کە خەڵک موحتاجی خۆی بکا و لەلایەکی دیکەش هێزە بەکرێگیراوەکانی بۆ سەرکوتی خەڵک ئامادە دەکا. دواتر بەڕێز مستەفا مەولوودی باسی دۆخی ئاڵۆزی نێوخۆی ئێران و ژیانی خەڵک و پلان و پیلانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و ئاماژەی بەو قەیرانانەی کرد کە لە ئێران هاتوونە گۆڕێ و هەروەها ئەو قەیرانانەش کە ڕێژیم خۆی دەیانخوڵقێنێ و قەیران بە قەیران چارەسەر دەکا و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە دەیهەوێ بە قازانجی خۆی کەلکیان لێوەرگرێ. بەڕێز مەولوودی باسێکی لەسەر گوشارە دەرەکییەکان وکاریگەرییەکانی ئەو گوشارانە کرد کە ڕێژیمی تووشی قەیران کردووە و لەباری ماڵی و لۆجستیکییەوە ناتوانێ بەهێز و میلیشیاکانی لە وڵاتانی ناوچەکە ڕابگا و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕێژیم تووشی گرفتی گەورە بێتەوە. لە درێژەی باسەکاندا ئەندامانی هەیئەتی هەردوولا لە هەمبەر مەسەلە جۆراوجۆرەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و هاتنە سەرکاری دێموکڕاتەکان، قەیرانە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هاوکاری هەمەلایەنە و پرۆژە و بەرنامەی داهاتووی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێوەندی و هاوکاری و دیدار و چاوپێکەوتنەکان کردەوە و بڕیاریاندا کە ئەم دیدار و کۆبوونەوانە درێژە پێبدەن.