کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەست بوونی پۆلێکی دیکە لە ڕۆڵەکانی نیشتمان بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

13:49 - 11 سەرماوەز 2720

پۆلێکی دیکە لەکچان وکوڕانی کوردستان لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان لەبەر کرد. ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، دوای تێپەڕ کردنی سەرکەوتووانەی ڕاهێنانی سیاسی و نیزامیی دەورەی ٢٣٩ی سەرەتایی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پۆلێکی دیکە لە لاوانی کورد بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان لەبەر کرد. هەر بەم بۆنەیەوە لە فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە لە بەرچاو گرتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کرۆنا بە ڕەچاو کردنی پاراستنی سڵامەتی و تەندروستیی میوانان، ڕێ‌وڕەسمێک پێشکەش کرا. سەرەتای ڕێ‌وڕەسمەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕێژەی پێشمەرگەکانی بەشداری دەورە دەستی پێ‌کرد و دواتر بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان چەند ساتێک بێ‌دەنگی ڕاگەیەندرا. بەڕێز"کەماڵ کەریمی”، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەم بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان وێڕای پیرۆزبایی لە بەشداربووانی دەورەی ٢٣٩ی سەرەتایی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پۆلە لاوە نەیانتوانیوە شاهیدی کۆیلەیی و ژێردەستیی گەلەکەیان بن و زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی قبووڵ بکەن، هەر بۆیە ڕێگەی خەباتیان گرتووەتە بەر و ئەو ڕێبازەیان هەڵبژاردووە. ناوبراو بە باس کردن لە کۆماری کوردستان وەک یەکەمین دیاریی مێژوویی بۆ گەلی کورد کە هەموو کوردێک شانازیی پێوە دەکا، شانازیی هێزی پێشمەرگەی بۆ سەردەمی کۆمار لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد گەڕاندەوە کە دواتر بە بیرێکی شۆڕشگێڕانەوە بە ڕێبەرایەتیی شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی درێژەی هەبووە و تا بە ئەمڕۆ کە سپاردوویانە بە درێژەدەرانی ئەم ڕێبازە پیرۆزە. بەڕێز کەریمی لە درێژەی وتەکانیدا بە ئاماژەدان بە هەموو قۆناغەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات و بەرز نرخاندنیان، باسی لەوە کرد کە ئەم حیزبە بە ئیرادەی پتەوەوە لە پێناو ماف‌ویستیی نەتەوەی کورد هەمیشە بۆ سەر دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران مەترسی بووە. بەڕێز کەماڵ کەریمی لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕۆڵی پێشمەرگەی لە خەبات و پشتیوانیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بە هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی ئەو ڕێبازە دانا کە توانیویەتی ببێتە پردی پەڕینەوە لە کۆیلەتی بەرەو ئازادی. لە درێژەدا بە باسێکی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان، باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتیی خۆیدا توانیویەتی بە زەبری هێز و سەرکوت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ، بەڵام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە سەلمێنەری ئەوەن کە خەڵک چیتر ئەو دەسەڵاتەی ناوێ و کەلێنێکی گەورە کەوتووەتە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارانی ئێران، کە لەم نێوەدا ئەرکی قورس دەکەوێتە سەر شانی حیزب بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێکی بەهێز لە گۆڕانکارییەکان. لە بەشی کۆتاییدا ناوبراو بە ئاماژەدان بە کوژرانی فەخریزادە و نیگەرانییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم پێوەندییەدا، هەروەها باسی لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی سەرۆک‌کۆماریی ئەمریکا و هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان کرد و گوتی: "هیچ لایەنێک ناتوانێ کەلێنی نێوان خەڵک و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی پڕ بکاتەوە، لەگەڵ هەموو گوشارەکانی بۆ سەر خەڵک لە کۆتاییدا بەرامبەر هێزی گەل دەستەوەستان دەبێ." دواتر لە لایەن "شەونم هەمزەیی"، جێگری فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەوە ڕاپۆرتی دەورە پێشکەش کرا، کە ناوبراو بە ئاماژە کردن بە هاتنی پۆلێکی دیکە لە لاوانی خوێن‌گەرم و ئازادی‌خوازی نەتەوەکەمان کە ئاگاداری ستەمی سیستماکی نەتەوایەتی لەم بەشەی کوردستان بوون، باسی لەوە کرد کە ئەم لاوانە بە هاتنیان بۆ نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، بەڵێنیان داوە لە چوارچێوەی ئەم حیزبەدا -کە هێما و پێشەنگی وەدی‌هێنانی ویستە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە- هەتا گەیاندنی کاروانی ماف‌ویستیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە دوا مەنزڵی سەرکەوتن، درێژە بە خەبات و تێکۆشانی نەتەوایەتیی خۆیان بدەن. دواتر پەیامی بەشداربوانی دەورە لە لایەن ئومید حوسێنی خوێندرایەوە. پاشان خەڵات بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش کرا کە لە جەریانی کاری فێرگەو وانەکانیان‌دا نمرەکانی یەکەم تا سێهەم بۆخۆیان مسۆگەر کرد ئەو خەڵاتە لەلایەن بەڕێز رحیم پەرشەی کادری دێرینی حیزب پێیان درا. نێو ئاخنی بەرنامەکە بەسروود و گۆرانی بەشداربوانی دورەی ٢٣٩ی سەرەتایی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگە رازایەوە.