کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

01:37 - 14 سەرماوەز 2720

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 11ی سەرماوەزی 1399 حیزبەكانی ئەندام لە ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەشێوەی ئۆنلاین كۆبوونەوەیەكیان سازکرد. لە كۆبوونەوەكەدا كە بە بەشداریی بەرپرسانی یەكەمی هەر چوار حیزبی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری بەڕێوە چوو، چەند پرس‌ و بابەتی جۆراوجۆر لەبارەی کاروباری سیاسی، پێوەندی و ڕۆتینی ناوەندەوە قسە و باسیان لەسەركرا. یەكێك لە تەوەرەكانی باسەکانی ئەم كۆبوونەوەكە بابەتی كاروچالاكیی ناوەندی هاوكاری بوو لە بواری پێوەندیی نێودەوڵەتی كە لایەنەكان هاوڕا بوون لەسەر كاراتركردنی ئەو پێوەندییانە و دۆزینەوەی میکانزیمی گونجاو بۆ بردنە پێشێی کاروباری پێوەندییەکان لە هەلومەرجە نەخوازراوەکانی وەک بارودۆخی کۆڕۆنادا. چەندی‌وچۆنیی كار و پێوەندیی ناوەندیی هاوكاریی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی یەكێكی دیكە لە باسە سەرەکییەکانی ئەم كۆبوونەوەكە بوو كە بەشداران تێبینی ‌و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە خستەڕوو تا ناوەندی هاوكاری بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بە یەكدەنگی و هاوڕایی زیاترەوە وەك نوێنەری خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بکەوێتە دانوستانەوە یان هاوپەیمانییان لەگەڵ پێک بێنیت. كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران پاش نزیكەی سێ كاتژمێر قسەوباس لەسەر چەندین مژاری كاریی پەیوەندیدار بە ناوەند، كۆتایی پێ هات.