کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبنارێک لە سوئێد بە بۆنەی بەرز ڕاگرتنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان

15:51 - 24 سەرماوەز 2720

رۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی ، کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی ئاڵا و رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، وێبینارێکی بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە و هەریەک لە بەڕێزان خاتوو “خەدیجە مەعزووری” ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کورستان و ھاوڕێ “عەلی فەتحی” ئەندام و تێکۆشەری دێرینی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نووسەر و وەرگێڕ و چالاکی سیاسی، بەڕێوە برد. سەرەتای وێبینارەکە بە خولەكێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر ھاوڕێ “نەبەز عەلیدووست” ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەریی حیزب لە وڵاتی سوئێد، چەند وتەیەکی سەبارەت بە رۆڵی پێشمەرگە لە خەبات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و هەروەها پێناسەی پێشمەرگە و دیاریکردنی رۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک رۆژی پێشمەرگە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و رۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان و رادیۆ دەنگی کوردستان لە گەیاندنی هەواڵ‌ و زانیاری سەبارەت بە خەباتی چەکدارانەی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەشی ئامادەبووان کرد. دواترھاوڕێ “خەدیجە مەعزووری” پێناسەیەکی پێشمەرگە و رۆژی پێشمەرگە و هاوکات رۆڵی ژنان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و چەکداریدا کرد کە دوای فتوای جیھادی خومەینی بە سەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپا. “خەدیجە مەعزووری” لە باسەکەیدا ئاوڕێکی گشتیی لە خەبات و قارەمانەتیی ژنان دایەوە و چەندین نموونەی لەو ژنە شۆڕشگێڕانە هێنایەوە کە لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا دیار و بەرچاون. دواتر کاک “عەلی فەتحی” لەسەر ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە، بە وردی باسێکی تێروتەسەل و پڕ نێوەرۆکی پێشکەش بە بەشدارانی ئەو وێبینارە کرد و لە زۆربەی باسەکەیدا ڕۆڵ و کاریگەریی پێشمەرگەی لە ڕەوتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردو حیزبی دێموکراتدا بەرز نرخاند و بە ئاماژەدان بە مێژوو و خەباتی خوێناویی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بوونی پێشمەرگەی بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمان و ئاڵا و نەتەوە بە گرینگ زانی و گوتی: “هەر گەلێک بەرگریکاری نەبێ، ئەو گەلە زۆر زوو دەکەوێتە بەر پەلاماری نەیار و دوژمنانی و هەر بۆیە پێشمەرگە بووەتە قەڵایەک بە دەوری خاک و نیشتمان و نەتەوەدا لە کۆتاییدا هاوڕێ “فەتحی” لە درێژەی قسەکانیدا وێرای ئاماژە بە ئەرک و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە بزووتنەوەی کورد و پێشمەرگە، باسی لە ئیرادە و ئیمان و خۆڕاگریی پێشمەرگەی کوردستان کرد و گوتی: “ئەگەر چەکی دەستی پێشمەرگە، چەکێکی بچووک و سادە بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم چەکە سادە و بچووکە ئاوێتەی ئیرادە و ئیمانی پێشمەرگە بووە و بە چەکی ئیرادە و ئیمان دوژمنانی بە چۆکدا هێناوە و لەو پێناوەشدا بە گەورەترین سەرمایەی ژیانی کە گیانی خۆیەتی، لە سەنگەردا بەرگری کردووە وئاڵای کوردستانیش جێی خۆی لەنێو دڵی خەڵکی کورددا کردۆتەوە و تەنانەت لە دەرەوەش بە فەرمی ناسراوە.