کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شکۆوە ڕێزی لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان گرت

02:27 - 26 سەرماوەز 2720

بەبەشداری سەدان پێشمەرگەی کورستان، لە بنکەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یادی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان بەرز ڕاگیرا. پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، بە بەشداری سەدان کەس لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمی تایبەت بە بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو. ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب لەلایەن بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشکێش کرا. کاک خالید عەزیزی لە سەرەتای قسەکانیدا ڕوو بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تێکۆشەرانی کورد و هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، باسی لە گرینگیی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کۆماری کوردستان، لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە کرد. سکرتێری گشتیی حیزب، ئاڵای کوردستان و پێشمەرگەی بە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان ناو برد و  شانازیی هەڵکردنی ‌ئاڵا و دامەزرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان گەڕاندەوە. بەڕێز عەزیزی لە درێژەی وتەکانیدا، وێڕای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پەیامەکانی ئاڵای کوردستان، تیشکی خستە سەر ئەوەی ڕێزگرتنمان لە پێشمەرگە هەڵگری ئەو پەیامەیە، کە وەک چۆن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی دوژمنانی ماف و ئازادییەکانمان بۆ سەر نەتەوەکەمان قەرزداری هێزی پێشمەرگەین، لە داهاتووشدا تەنانەت ئەو کاتەی بە مافەکانیشمان دەگەین، بۆ پاراستنیان دەبێ پشت بە هێزی پێشمەرگە ببەستین. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبەوە ڕێزنامە پێشکەش بە چەندین کەس لە پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات کرا کە، سەروو ۲۰ساڵ تا ٤٠ ساڵ لە ڕیزەکانی حیزبدا خەبات و تێکۆشانیان بووە. نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکە لە چەند بڕگەی هونەری پێک هاتبوو، کە لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ‌ئامادە کرابوون.