کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دڵسۆزێکی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد

15:26 - 5 جۆزەردان 2721

دۆست و لایەنگرێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "ئاسۆ پەهنایی" لە شاری مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئاسۆ پەهنایی کوڕی کاک محەدممەدئەمین پەهنایی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆچی‌دوایی کرد. کاک ئاسۆ پەهنایی لایەنگرێکی دڵسۆزی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و دۆستێکی بەوەفای حیزبی دێمۆکرات لە شاری مەهاباد بوو. ناوبراو لە هیچ کۆڕێکی هاوڕێیانەدا، خۆشەویستی خۆی بۆ حیزب و بۆ پێشمەرگە نەشاردۆتەوە و شێلگیرانە بەرگریی لە هەڵوێستەکانی حیزب کردووە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی‌دوایی کاک ئاسۆ پەهنایی سەرەخۆشی لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکانی پەهنایی و جەهانگیری و سەرجەم خەڵکی شاری مەهاباد دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.