کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی مین لە ماوەی مانگێکدا ٧ قوربانیی لێکەوتەوە

15:24 - 5 جۆزەردان 2721

بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سەردەشت شوانێک بە ناوی "شێرکۆ محەممەدپوور" بە سەختی بریندار بوو و بەو پێیە لە ماوەی سێ حەوتوودا ٧ هاووڵاتی کورد، بەهۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی. بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، شێرکۆ محەممەدپوور بەهۆی تەقینەوەی مین لە گوندی "بێوران"ـی سەر بە شاری سەردەشت بە سەختی بریندار و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گوازراوەتەوە. شێرکۆ محەممەدپوور لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات تووشی ئەو ڕووداوە بووە و لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنوورەکانی کوردستان ٧ هاووڵاتی بوونەتە قوربانی کە ٢ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ٥ی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.