کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی بۆکانی حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

15:33 - 27 خەرمانان 2721

هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان کە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سۆران شەریفی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی قازی پەیمان ڕۆستەمی سەرجەم سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سۆران شەریفی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری ڕیژیم"، سزای ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی جێبەجێ دەکرێ. ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند کە دادگا بڕیاری داخستنی دەرمانخانەی "حەکیم" کە لەلایەن ناوبراوەوە بەڕێوە دەچوو، بۆ ماوەی دوو ساڵ دەرکردووە. جێی ئاماژەیە کە سۆران شەریفی ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دەسبەسەر و دوای یەک مانگ دەسبەسەر کران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. سۆران شەریفی لەو ماوەی کە دەسبەسەر کرابوو لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.