کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لە کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی کوردستان

15:59 - 27 خەرمانان 2721

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٠، شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرەستی پێشەوا عەلی‌پوور سکرتێری گشتیی ڕێکخراو، بەشدارییان لە کۆنگرەی یازدەهەمی یەکیەتیی لاوانی کوردستان لە شاری هەولێر کرد. کۆنگرەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بە بێدەنگی و وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان پەیامی "ڕێباز هاشم" سکرتێری یەکیەتیی لاوانی کوردستان و هەروەها پەیامی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی جیهان و لاوانی شیوعی عێراق پێشکەش کران. پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک میوانی تایبەتیی کۆنگرە، لەلایەن پێشەوا عەلی‌پوور پێشکەش کرا. پێشەوا عەلی‌پوور لە پەیامەکەیدا وێڕای جەخت کردنەوە لە هاوکاری بەردەوامیی نێوان هەردوولا، باسی لەو ئاڵۆزییانە کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وایکردووە کە ژینگەیەکی ساخڵەم وەدی نەیەت و بەتایبەت تێکدانی ژینگەی تێکۆشانی لاوانی شەقامی عەرەبیی لە عێراق و لوبنان و سوریە و یەمەن و فەلەستین لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە کارەسات وەسف کرد کە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لاوانی ئەو وڵاتانەی تووشی نەهامەتی کردوون. پێشەوا عەلی پوور لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا پەیامی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی لە چیاکانی کوردستان گەیاندە کۆنگرە و بە ئاماژە بەوەیکە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و ڕێبازی قاسملوو چیاکانی کوردستان بە سنوور نازانن و دەبنە فاکتەری سەقامگیری و هەروەها پشتێندەی ئەمنی لەبەرابەر سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی، جەختی کردەوە کە ئەگەر بیت و پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە چیاکان نەمێنن، ئەوە بێگومان هاوباوەڕەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچانە بە ئازادی تەراتێن دەکەن کە ئەمەش ناسەقامگیری بۆ لاوانی باشوور دروست دەکات. شایانی باسە شاندی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک میوانی تایبەت تا کۆتایی کۆنگرە، بەشدار بوو لە چالاکییەکانی کۆنگرە و هەروەها کۆنگرەش بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک دژی دەستوەردانەکانی ڕێژیمەکانی تورکیە و ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان، داوایان لە نوێنەرانی کورد لە پارلەمانی عێراق کرد کە هەوڵ بدەن بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئێران و تورکیە لە خاکی عێراق.