کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی و پەرەسەندنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران

14:55 - 28 خەرمانان 2721

لە درێژەی کۆبوونەوە نارەزایەتییەکان لە ئێران، ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارە جیاجیاکانی ئێران و هەروەها مانگرتنی گشتی کرێکارانی گرێبەستیی کۆمپانیای پارسی قودرەت بەڕێوەچوو. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران بەدژی پێنەدانی مافەکانیان، ژمارەیەک لە کرێکارانی یانەی وەرزشی "ئازادی" تاران لە بەردەم بینای وەزارەتی وەرزش و لاوان، ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەوانیی "کووت عەبدوڵا" لە بەردەم بینای پارێزگاریی خووزستان، بەشێک لە کرێکارانی پێترۆشیمی "بەندەر عەباس" لە بەردەم دەرگای ئەو کۆمپانیایە، کرێکارانی کۆمپانیای "نەیشکەر"ـی حەوت تەپە لە حەوشەی ئەو کۆمپانیایە، بەڕێوەچوون. هەروەها مامۆستایانی ناسراو بە کارنامە سەوزەکان بۆ ١٥هەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی تاران، کرێکارانی فازی ١٤ی عەسەلوویە لە بەردەم دەفتەری کاری خاوەنکار و کادری دەرمانی کۆمپانیای شاری "باشت" لە بەردەم ناوەندی تەندروستی ئەو شارە و هەروەها مامۆستایانی خانەنشینکراو لە ٨ پارێزگای ئێران وەکوو؛ پاریزگاکانی تەورێز، ئیسفەهان، فارس، ئەلبورزم، کوهکیلویە و بویرئەحمەد، خووزستان، کرماشان و ئیلام، لە بەردەم ئیدارەی گشتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگاکانیان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.