کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە کاروباری دێهیار و شۆرای ئاوایییەکانی شنۆ

14:56 - 5 رەزبەر 2721

دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ڕێژیم و شۆرای شار و دێهاتەکانی ئەم خولەی ئێران، کە ڕێژیم لەگەڵ بایکۆتی بێ‌وێنەی خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی ڕووبەڕوو بۆوە، ئێستا لە کاروباری دێهیار و شۆراکاندا دەستێوەدان دەکا. ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوای ئەوە کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵی جیددیان وەگەڕ خست کە کەسانی سەر بە خۆیان یا نزیک لە خۆیان لە سەندووقەکانی دەنگدان سەرکەوتوو بێنەدەر، لە پیلانگێڕی ئەمجارەیان بەوەش نەوەستاون و لە گوندەکانی ناوچەی شنۆ وەکوو سینگان ، قەڵاتیان ، سۆفیان و چەند گوندێکی دیکە، لە ڕێگەی گوشار و هەڕەشە و بانگهێشتکردنی دەرچووانی بەرەی خەڵک بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانیان، گوشاریان دەخەنە سەر تاکوو واز بهێنن و کەسانی نزیکی خۆیان وەک سەرۆکی شۆرا یا دێهیار دەستنیشان بکەن . بەپێی زانیارییەکان ئەمجارە ناوەندە سەرکوتکەرەکان دەیانهەوێت لە ڕێگەی ئەو دێهیار و شۆرایانەی سەر بە خۆیانن، پیلانەکانیان وەکوو "دروست‌کردنی مۆڵگەی بەسیج و کاری سیخوڕیی" لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە جێبەجێ بکەن.