کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب لە شاری کۆیە

14:00 - 10 سەرماوەز 2721

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە ناوی "ئەبووبەکر پەساوەندی" خەڵی بۆکان بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی دووشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، مام ئەبووبەکر پەساوەندی، ئەندامی دڵسۆز و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی شاری بۆکان و دانیشتووی شاری کۆیە، بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکار و هاوڕێیانی کرد. کاک ئەبووبەکر لە مێرمنداڵیەوە هۆگری بە حیزبی دێموکرات هەبوو و لە ساڵانی ٤٦ و ٤٧ چەند جارێک سەردانی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی لە باشووری کوردستان کردووە و هەستی شۆڕشگێڕانەی لەو کاتەوە چەکەرەی کردووە و دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ڕاگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب، چەکی پڕ لە شانازیی حیزبەکەی دەکاتە شان و ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە هێزی کێلەشینی شنۆ دەست پێ دەکا و لە چەندین ئۆرگانی حیزب ئەرکی پێشمەرگایەتی بەڕێوە دەبا. هەروەها ناوبراو بەهۆی کەوتنە سەر مین لاقێکی لەدەست دا و بەڵام تا کاتی ماڵاوایی لە ژیان وەک ئەندامێکی دڵسۆز و حیزب خۆشەویست لە هەموو کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمەکانی حیزبدا چالاکانە بەشداری دەکرد و ئەرکی حیزبی وەک ئەندامێکی دڵسۆز و وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان بەڕێوە دەبرد. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک ئەبووبەکر و هەموو خەڵکی ناوچەکانی بۆکان و شنۆ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.