کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشقانی وڵاتی خۆر

20:43 - 29 رەشەمه 2721

ژنانی پێشەنگ و پێشڕەو، کچانی بێبەش و بوێر و ئازای وڵاتی خۆر، نەوبووکانی ڕووسوور و دایکانی خاوەن هەڵوێست، ئێوەی یاغی لە فەرمانی زۆردار و شا و شازادەکان بە هاتنە مەیدانتان و هەڵوێستی کوردانەتان تەختی شاهانتان هەژاند، کۆشک و قەڵای فەرمانڕەوای مەملەکەتی زۆردارتان لەرزاند، هێڵە سوورەکانی یاسای چاخی بەردین و ئەهریمەنی و دواکەوتوانەی دژەژنتان بەزاند. نەبوونە نێچیر و مەلی بەندی قەفەس، نەبوونە دیل و کۆیلە، ئازایانە کۆت و زنجیری دیلیتان پساند. لەگەڵ لێدانی سەمفۆنیای مەرگ، مەرگتان دەستەمۆ و بوێرانە ترستان ترساند، ژنانە، خاوەن ئیرادە و ئازایانە لووتی لەمپەرتان شکاند. برووسکەئاسا وەرزی وەیشوومەتان هەژاند. بوونە تروسکەی خۆری حەقیقەت، نەپرینگانەوە لە شەختە و کڕێوە و باهۆز، زستانی تووشتان کردە بەهار و نەورۆز. بوونە گەردەلوولی پاپۆڕی ترس و، لەنێو جەرگەی شەپۆل و هەژاندا دروشمی ئازادی و ئازایەتیتان بە گوێچکەی کەڕی مێژوودا دا. پێنووس بە دەست فێری وانەی بوێری و بەرەنگاری بوون و ئاڵا بەدەست بوونە پێشەنگ و پێشمەرگە. ئێوەی سەوداسەری ئازادی، چەک لە شان چوونە مەیدانی جەنگ و بوێرانە بۆ ئازادی جەنگان. ئێوەی یاغی لە کولتووری سەقەت، ئازایانە هاتنە مەیدانی گلان و هەستانەوە. لەگەڵ چەخماخەی شۆڕشی کورد دا، شکۆی ژنتان گەیاندە کەشکەڵان، سەرتان هەردەم لەنێو سەران. بەجێی بازنە و گەردانە قەتارەی فیشەکتان لە سینە و بەرۆک هاڵان. بوونە قەڵا و پشت و پشتیوان، بوونە هیوای بی دایک و هەتیوان، بوونە قەڵغان، بوونە پێشەنگ، مەشخەڵ بەدەست بەرەو ئاسۆی ئازادی خرۆشان. بوونە مەرهەمی زامی حەسرەتی دڵی دایکی شەهید و پێشڕەوی کاروانی خەباتی فریادڕەسی بێنەوا و بێبەشان. ژنان و کچانی سەرقافڵەی ئەم کاروانە گەلێکن کەم نین، نەسرین و سوهەیلاکەی غەڵتانی خوێن لە باوەشی قەڵای باوەڕ ئاوێتەی سەحەری مامە سێوەن لە بناری هەیبە سوڵتان، زارای نیشتمان لە زیندان، زۆر شەهید و پێشەنگی‌تر نموونەن بۆ ئازایەتی و غروور و پێناسەی ژنانە و کوردانەتان. دایکانی خاوەن ئیمان و ئیرادە و نەوبووکانی کۆست‌کەوتووی وڵاتی من دوای هەر کۆستێ هەڵدەستنەوە، کچانی سەوداسەری ئازادیی زێدەکەی من، بە هزر و هێزەوە، دوای گلان ڕادەبنەوە، دەبنەوە کڵپە و بڵێسەی سووری ئاگر و برووسکە ئاسا بەگژ هەور و تاریکی و جەهالەتدا دەچنەوە. بۆ ستاندنی هەق، بە دوای ڕزگاریی وەتەندا ڕێی سەختی تێکۆشان و نەسرەوتن دەپێون. تەلیسم و بەندی دێوەزمەی شەو و شەوەزەنگ و شەڕ دەڕمێنن، خەو لەچاوی داگیرکەر و دژ و دژمن ودژبەر و دژە ژن دەتارێنن، ئەوان سەوداسەری ئازادین و ئازادی بە دیاری بۆ گەل دێنن. ژنانی ئازای وڵاتی خۆر ئاواز و مۆسیقای ئازادی دەچڕن، گیان دەبەخشن و ڕوح لە پێناو، ئازادی بە خوێن دەکڕن. مات و سەرگەردان دەستەوەستان بە خەیاڵی ئەستێرەی بەخت وچارەنووس دەستەوئەژنۆ دانانیشن، تەوار ئاسا بۆ ئازادیی خەڵک و خاک ڕادەبن، بەگژ زوڵم و زۆرداریدا دەچنەوە، دەبنە مۆمی بەر پەنجەرەی هیوای هەموو ماڵێ، دەبنە گوڵی گوڵدانی بەرهەیوانی ژینی هەموو پڕ لەژانێ، دەبنە ئەستێرەی ئاسمانی ئازادیی وڵات، لە کاکەشان دەدرەوشێنەوە هەتا شەوچرای ماڵە قوڕینەکانی شەوەزەنگی نیشتمان خامۆش نەبێ. کچانی بەهەست و دەروەستی وڵاتی من دوور لە سۆزی کوڕە حەیرانان ئاسکە ئاسا دەستەملانی ئامێزی چیا دەبن. نەوبووکانی نیشتمانی کورد، کورد بە بوێری و بەرگریتان لە نیشتمان و بەرەنگاریتان دژ بە سپای جەهل و تاریکی سەرفراز و سەربڵند و ڕوو سوورە، ڕووسووریتان لەجێی پەچە و ڕووبەند، لە ڕووسووریتان خوێن لە جەرگی چیای سووتمان دەتکێ و ماندوویەتی و پێنووس و چەک و  بیروباوەڕتان ئاوێتە و ئاوێزانی یەک دەبن. ئێوەی سەوداسەری ئازادی، بەندیخانە دەکەنە قوتابخانەی خۆڕاگری، سروە و شنەی شەماڵی کوێستان لەجێی هەناسەی دەزگیرانی دابڕاو و بێ‌ سەروشوێنتان، لە ئەشقی نیشتماندا خاک دەکەنە دڵبەر و دڵدارتان. لە ئامێزی چیا و سەنگەردا خوێن تارای سووری بووکێنی و خەنەی شەوی خەنەبەندانتان، قرمژنی چەک و گرمەی بۆمبا  ئاواز و مۆسیقای شایی و زەماوەند و گۆڤەندتان، ئێوە پەروەردەی ئامێزی دایکێکی ڕووسوورن هەر بۆیە بوونەتە جێی فەخر و شانازی بۆ کورد و نیشتمانی کوردان.   کچان و ژنانی پێشەنگ و پێشمەرگە! ئەگەر لەم ڕێگەیەدا گلان، نیشتمان خۆش، بەڵام دڵنیام ڕۆژێ باوەش بە باڵای گوڵستانی ئازادیدا دەکەن، پەیکەرێ لە باڵای چیاییتان چێ دەبێ و دەبێتە زیارەتگەی ئاشقان و ئەویندارانی نیشتمان. دەزگیرانی شەهید لە نێرگزەجاڕی ئاگری و بیستوون و موکریان، لە ورمێ‌وە هەتا ئیلام و کرماشان چەپک چەپک بۆ پێشوازیی ماندوویەتیتان گوڵی نێرگز دەچننەوە، لە پەرتووکی دیرۆکی ئازایەتیتان، هەڵبەستوان و هۆزانبێژ لاوک و هۆزان و هۆنراوە دەهۆننەوە و ئێوە لە هەر دێڕە شێعر و بەستەیەکدا دێنەوە و پڕ بە گەرووتان هاوار دەکەن و دەڵێن "بۆ ئازادیی نیشتمان، ئاوایە ڕێگای ئاشقان."