کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتە ئاوڕێک لە ڕۆمانی «هانا» لە نووسینی ڕەند زارعی

20:46 - 29 رەشەمه 2721

نووسەر لە دەسپێکی ڕۆمانەکەیدا، سەرنجت بۆ لای خەوی (کە دەکرێ مەبەست لە خەوی ئەبەدی یان هەمان مەرگ بێ) ژنێک بە ناو هانا ڕادەکێشێ. دیاکۆ، هاوژینی هانا لە کارەساتی مەرگی ژنەکەیدا، بە خیاڵ دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو و ئایینی کەونارای کوردان و دواجار لەلای ئاناهیتا دەگیرسێتەوە بۆ ئەوەی تەسکینێک بداتە دڵی خۆی، ژانی دڵی دەسپێرێ بە سۆزی ئەو شمشاڵەی ئاناهیتا کە بە میرات بۆی بەجێ ماوە. دواجار وەک نووسەر ئاماژەی پێ دەکا، ئاناهیتای خوداوەند، خوای ئاو و هونەرە. لە ڕۆمانی «هانا»دا شمشاڵ وەکوو هێمایەک بۆ پیرۆزیی هونەر ماچ دەکرێ. لە یارسانیشدا، لە دەسپێک و کۆتایی ژەنینی تەمبوور، تەمبوورژەن، دەسکی تەمبوورەکەی ماچ دەکا. زیارەتکردنی ئامێری مۆسیقا لەلای ئێزدی و یارسانی بە واتای لاواندنەوەی ڕۆحە لە بەرانبەر زاتی حەق، سووکنایی دڵە لەبەرانبەر کۆچی ئەبەدی (لە زمانی نووسەرەوە، خەوێکی قووڵ و قورس کە هانا لێی ڕاناپەڕێ). بەتایبەت ئەو کاتەی کەسێکی یارسانی ماڵاوایی لە ژیان دەکا، بە ژەنینی تەمبوور و بەزمی «فانی فانی» دەیبەن بۆ مەزار و ئەسپەردەی خاکی دەکەن. لێرەدایە ڕۆحی مردووەکە بە نەوای تەمبوور ڕەوانەی دۆنی نوێ دەکرێ. مەبەستمە بڵێم، نووسەر چەندە شارەزایانە مۆسیقا وەکمیراتی ئایینی کوردان تێکەڵ بە نزا و پاڕانەوەکانی کەسی یەکەمی ڕۆمانەکەی کردوە و جارێکی دیکە بە گێرانەوەیەکی ئەدەبی، میراتی کولتووری، داب‌ونەریت و تێڕوانینی کورد لە قووڵایی دڵی دیرۆکەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکاتە گێڕانەوە و لە قالبی ڕۆماندا دەیگێڕیتەوە. لێرەدا دەردەکەوێ کە کورد و مۆسیقا هەر لە کۆنەوە دوو دوانەی ئاوێتاری یەکتری بوون. لە هەموو خۆشی و نەهامەتییەکانی ژیاندا مۆسیقا وەک ئامێرێکی پیرۆز دەوری سەرەکیی هەبووە لە لاواندەوەی ڕۆحی مرۆڤی کورد، بۆیەش ئەگەر لەم سۆنگەوە سەیر بابەتی دژایەتیی مۆسیقا بکرێ، شتێکی سەیر نییە ئەو هەمووە دژایەتی مۆسیقا دەکرێ، کەچی کورد ناتوانێ دەستبەرداری بێت، چونکە هەر لە دەورانی میتراوە تا دەگاتە یارسان و ئیزەدی، مۆسیقا وەک هونەرێکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و بەشێکی سەرەکی بووە لە باوەڕە ئایینییەکان لە کوردستان. ئامێری تەمبوور و شمشاڵ ڕیشەیان لە فەرهەنگی هەزاران ساڵەی کوردا هەیە. لە ڕاستیدا، نووسەر لە سۆنگەی کارەساتی تراژیدی بنەماڵەیەکی بچووکەوە، باس لە فەرهەنگ و شکۆی نەتەوەیەک دەکا کە بە درێژایی مێژوو ناسنامەکەی کراوەتە ئامانج. مەرگی هاوژینەکەی دیاکۆ، دەکرێ چەند جارێک خەونی لەبارچووی سەرفرازی کورد بێ لە سنوورە دەستکردەکان. دەکرێ گیان‌سپاردنی هانا، ونبوونی ئاناهیتا بێت لای کوردان. ئاناهیتا لە ژێر تەوژمی کولتووری زاڵ کەمڕنگ و کەمڕنگتر دەبێتەوە تا لە چاوی باوەڕدارانیدا ون دەبێ و دەبێتە بەشێک لە مێژووی تاڵی کورد. هاناش لە ڕێگەی هات‌ونەهات لە هەناسە دەکەوێ و لە پێش چاوی هاوژین و کۆرپەکانیدا دەبێتە خەونێکی تاڵ لە ژیانی تاکی کورد. دیاکۆ دەزانێ تازە، ئاناهیتا گوێی لە نزا و پاڕانەوەکانی نابێ، بەڵام هەمیسان دڵی ئوقرە ناکرێ و دەیەوێ بە سۆزی شمشاڵ ئاشتی بکاتەوە و لە مەرگی ئازیزەکەی بەئاگای بێنێ. ئەوجار کە زانی ئاناهیتای خواژن گوێی لە هاواری نابێ، دەنگی بە چیاکان دەسپێری. چیاکان لە شکۆی دەنگی شمشاڵ و پاڕانەوەی دیاکۆی کۆست‌کەوتوودا خامۆشن. ڕەنگە ڕۆحی هانا دەستەودامێنی ئاناهیتا بووبێ و فڕی بێت بەرەو دۆنی ئەبەدی. دیاکۆ تەنیا هەست بە تارمایی خۆشەویستەکەی دەکا. زین و شیرینیش لە تاو مەرگی دایک و نزای باوکیان کپ و بێدەنگن. پاشان بۆ ئەوەی هەست بە تەنیایی نەکەن دەخزێنە ئامێزی باوکیان. نووسەر، لەم ڕۆمانەدا، ڕیگای هات‌ونەهات بۆ گەیشتن بە سەربەستی وێنا دەکا. ژیانی کوڵەمەرگیی دیاکۆ و هاوژین و منداڵەکانی وەک ژیانی پڕ لە تراژیدیای گەڵێکی بندەست دەکاتە نێوئاخنی گێڕانەوەکەی. پێمان دەڵێ، پەڕینەوە لە سنوورەکانی گەیشتن بەرەو سەربەستی، بە ئەندازەی جێهێشتنی نیشتمانی دایک بەژانە. بۆ کورد فەرق ناکا لە کام سنوور دەکەوێتە کەمینی و دەبێتە قوربانی و ئەو کەسەی لە ڕێگادا دەبێتە چاوساق و دەلیلت، قاچاخچی نییە، قوربانییە. ئیتر قوربانییەکانی ژیان زۆرن. لە ڕۆمانی هانادا، بێبەزەیی مرۆڤە دڵ‌بەردەکان، هیچ سنوورێک ناناسێ. ئەو دڵژانەی کە هانای لە پا خست، زۆر کەسی دیکەی لە نیوەی ڕێگای گەیشتن بە سەربەستی لە ژیان بێبەش کردوە. ئاخر هەڵچوونەوە بە کێو و دەشتەکانی ڕێگای هات‌ونەهات هەر بە دەم خۆشە. هانا بە مەرگی خۆی خەونی گەیشتن بە سەربەستی لە خیاڵی دیاکۆی هاوژینی دەسڕێتەوە. دیاکۆ، بە دەم ڕێگاوە بیری دەچێتەوە بۆ لای لالش، ئەو دەمانەی لە گەڵ هانای هاوژینی لە پەرستگەی لالشەوە چاویان لە زەردەپەڕی ئێواران دەبێ. دەیەوێ پێمان بڵێ هانا وەکوو زەردەپەڕی لالش ئاوا بووە، بەڵام خۆشەویستیی وەک لالشی نوورانی قەت لە پێش چاو ون نابێ. هانا بەر لەوەی گیانی بسپێری، بە کچەکانی دەڵێ، ئێوە پاک و پیرۆزن، دوعاتان زۆر گیرایە، دوعا بکەن! شوکری حەوتەوانەکان بکەن کە ئێوەیان لە گرتن و مردن قوتار کرد. ئاخر حەوتەوانەکان زۆرجار ئێمەیان لە مردن ڕزگار کردوە و بۆ خۆشیان ساڵەهای ساڵ بە دوای حەقیقەتا سەرگەردان بوون. کاتێک کە خوای میتراییسم بۆ خۆی ژن بێت، کچ پیرۆزە و دوعای کچەکانی هاناش لای حەوتەوانەکان قەبووڵی حەق دەبێ. ماوەتەوە بڵێم، سنوورەکانی گەیشتن بە بەختەوەری ڕۆژگارێک وای لە منیش کرد، تف لە ژیان بکەم. ڕۆمانی هانا، لە نێو خەم و نەهامەتییەکاندا، مرۆڤی کورد دەبەستێتەوە بە زەنجیرە چیاکانی زاگرۆس و دەمانباتەوە بۆ یەکەم خاڵی وەرچەرخان لە مێژوو، شارستانییەت، کولتوور و پیرۆزیەکانی میترادا و باوەڕبوونیان بە حەوتەوانەی حەقیقەت لە یارسان و ئێزدیدا. لە ڕۆژی تەنگانەدا، پەنابردن بۆ سوڵتان سەهاک، مەلەک تاوس و پیرانی حەقیقەت، هێمایە بۆ بە هەندوەرگردنی بنەمای هزری و دنیابینیی مرۆڤی کورد لە باوەڕە ئاینییەکانی کوردستاندا. لە ڕۆمانی هانادا، حەز و ئارەزووی مرۆڤی کورد، بە گەورە و بچووکەوە بۆ ژیانێکی ئاسوودە و سەربەست، حەزێکی لەمێژینە وێنا کراوە. وەک حەزی زین بۆ ژوورێکی پڕ لە بووکەڵە و ئارەزووی هانا و دیاکۆ بۆ ئازادی. دیاکۆ بیری دەکردەوە، وەک ئاناهیتای خواژن بە شمشاڵەکەی ڕۆح بخاتەوە بەر هانای هاوژینی، بەڵام ئەگەر لەباتی شمشاڵ تەمبووری پێ با ڕەنگە بەزمی «فانی فانی» بۆ ژەندبا و و بەمجۆرە ڕۆحی هانا لە دۆنی تازەیدا پشووی هەتاهەتایی دابا.  لەم گێڕانەوەیەدا، خوێنەر وا هەست دەکا، دەردی بێ دایکی زین و شیرین، وەک دەردی دووریی کورد لە نیشتمانەکەی گرانە. دیاکۆ، داهاتوو لە چاوی منداڵەکانی دەبینێ. ئەم بینینە، بینینی هەموو کوردێکە و لە مێژووی دوور و نزیکدا قوربانیی بۆ داوە. ئەو کاتەی نیشتمانت دەبێتە دۆزەخ، تۆ ناچاری نیشتمانێکی تازە بۆ داهاتووی منداڵەکانت (نەوەکانی داهاتوو) بەرهەم بێنی یان بدۆزییەوە. ئەمە بە مانای پشتکردنی یەکجارەکی نییە لە نیشتمانی خۆت، بەڵکوو ئەمەش هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە سەربەستی. گرینگ ئەوەیە تۆ وەک مرۆڤ سەربەست بژیت. بەڵام ڕۆمانی هانا پێمان دەڵێ، گەیشتن بە کەنارەکانی سەربەستی زۆرجار ڕووچوونە بە قوڕگی مەرگدا. کۆڵنەدان و ماندوویی‌نەناسی دیاکۆ بۆ ڕزگاریی منداڵەکانی و گەیاندنی تەرمی هانای هاوژینی بۆ شوێنێکی ئارام و ئاسوودە، هێمای وەفاداری و ڕۆحی خۆڕاگرییە لە فەرهەنگی کۆنی زاگرۆسدا. دواجار خۆ ناکرێ لەنێو ئەو هەموو بەسەرهاتە تاڵ و دڵتەزێنانەدا، ترووسکەیەک لە ڕووناکی بە ڕووی خوێنەردا نەکرێتەوە. ترووسکایی هێز دەبەخشی و هیوا لەدڵدا زیندوو ڕادەگرێ. تەرمی هانا لەسەر شانی دیاکۆی هاوژینی، لە بەردەکەی سەر شانی سێزیف دەچێ. سێزیف لە بەر ملپێچی لە فەرمانی خواکانی یونان سزا درابوو، دیاکۆش لە بەر بەرنگاریی دژ بە داگیرکەرانی وڵاتەکەی ڕێگای پڕ لە مەترسی هەڵبژاردبوو. بەسەرهاتەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، حەقیقەتی ژیانی کوردە، کوردێک کە نیشتمانەکەی لێ زەوت کراوە و کولتوور و مێژوو و پیرۆزییەکانی شێوێندراوە. مۆسیقا لە سەرەتاوە تا کۆتایی رۆمانەکە ڕۆڵی ئاهوورایی خۆی دەگێڕی و تێکەڵ بە خەم و دڵخۆشیەکانی دیاکۆ و کچەکانی دەبێ و دواجار هەر پیرەشمشاڵە ئاوێتەی باڵابەرزیی شێعری شێرکۆی مەزن دەبێ و دەبنە ئاوێنەی کۆچ و گڕ و قوربانی. ئاخر شێعری شێرکۆ زۆر جار دەبێتە مانگەشەو و دڵی تاریکیمان بۆ شەق دەکا بۆ ئەوەی ڕوونتر بەرەو داهاتوو بڕوانین.  هێزی ئاگر لە ڕۆمانی هانا، هەمان هێزی ڕووناکییە کە دڕ بە تاریکی دەدا و گەرمایی بە دڵ و باوەڕی مرۆڤی کەوناری کورد دەبەخشێ. ئاگر لە هەموو ئایینە کوردییەکاندا پیرۆزە. لە خۆڕا نییە کورد ئێستاشی لە گەڵدا بێ ناتوانێ بەبێ ئاگر، نەورۆز پیرۆز بکا. دواجار هەر بڵێسەی ئاگرە دڵی دیاکۆ و کچەکانی پڕ دەکا لە هیوا بۆ گەیشتن بە ئاوەدانی. دیاکۆ هەمدیسان دەست دەداتە شمشاڵەکەی و لەبەر ڕووناکیی ئاگرەکە شمشاڵ دەژەنێ. لەڕاستیدا ئەو شمشاڵ ناژەنێ، بەڵکوو لە ڕێگای شمشاڵەکەیەوە نزای خۆی و منداڵەکانی دەگەیێنێتە حەوتەوانەی هێزەکان. ئەو بە شەوێک ناڵە و نزای پەنگ‌خواردووی هەزاران ساڵەی کوردی لە ناخی شمشاڵەکەیەوە هەڵڕشت. ئەوەی دواجار فریای دڵی پڕ لە ئازاری دیاکۆ و فرمێسکەکانی زین و شیرین کەوت، تەمبوورەکەی شاخوشینی یارسان و شمشاڵە سەحراوییەکەی مەلەک تاوسی ئێزدی بوو. لێرە دایە «ئەوڵ و ئاخر یار» دەبێتە فەلسەفەی فریاکەوتن لە کاتی نەهامەتییەکانی ژیاندا. هاوکات خاوەنکار ی یارسان دەبێتە هێزی بەرخۆدان لە بەرانبەری بێ هیواییدا.  ئەم کارەی ڕەند زارعی بۆ من نوێ بوو. فرە چێژم لە شیرینیی زمان و گێڕانەوەکەی وەرگرت. هیوادارم نموونەی ئەم قەڵەمە ڕەنگینە لە کەوشەنی ئەدەبی کوردیدا زۆرتر بێت.