کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشەکیی شێرکۆ هەژار بۆ کتێبی ''كوردبوون" به‌شێك له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی كاپیتان حه‌مه‌دی مه‌ولووده‌ چرچی

22:43 - 31 خاکەلێوه 2722

كتێبی ''كوردبوون" به‌شێك له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی كاپیتان حه‌مه‌دی مه‌ولووده‌ چرچی''، له نووسین،‌ كۆكردنه‌وه‌، ساغكردنه‌وه‌ و به‌ڵگه‌مه‌ندكردنی وریا ماملێ‌‌وه‌ له‌ دووتوێی 522 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌. ئەم کتێبە کە به‌شێكه‌ له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی نه‌مر كاپیتان محه‌مه‌د مه‌ولوودیان، یا حه‌مه‌دی مه‌ولوودی‌‌ ''چكاوه‌ند''ه‌ كه‌ 51 ساڵ دوای نووسینه‌وه‌ی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌. "کاپیتان حەمەد" شایه‌دی شه‌ڕی نێوان قه‌یسه‌ری ڕووس و سوڵتانی عوسمانی له‌ سابڵاخ و ڕه‌شه‌كوژیی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ له‌لایه‌ن قه‌زاقه‌كانی ڕووسه‌وه‌ بووه‌. ئازادكردنی سابڵاخ له‌لایه‌ن سمایل ئاغای سمكۆی به‌ چاوی خۆی بینیوه‌. له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ لاوانی سه‌رده‌می خۆی له‌ ساڵی 1939ز یه‌كه‌م حزبی مۆدێڕنیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتیی كوردستان بنیات نا به ‌ناوی ''حزبی ئازادیی كوردستان'' كه‌ پاشان كرا به‌ ''كۆمه‌ڵه‌ی ژ.ك'' و له‌ ئاكامدا بوو به‌ ''حیزبی دیموكراتی كوردستان''. ئەو له‌ ساڵی 1941 وه‌ك سه‌رۆكی شاره‌وانیی مەهاباد خزمەتی ئەو شارە دەکا و له‌ سه‌رده‌می كۆماری كوردستان‌دا پله‌ی كاپیتان وه‌رده‌گرێ. مامۆستا شێرکۆ شەرەفکەندی (هەژار) کە پێشەکیی بۆ ئەو کتێبە نووسیوە، دەڵێ: بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودە چرچی کارێکی مێژوویی بێ‌وێنەیە. "کوردستان" بۆ ناساندنی ئەو بەرهەمە بەنرخە لە پێشەکییەکەی مامۆستا شێرکۆی باشتر شک نەبرد، بۆیە دەقی ئەو نووسینە بۆ خوێنەرانی خۆی بڵاو دەکاتەوە. *** بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودە چرچی کتێبێکە لە سنفی خۆیدا بێ‌وێنەیە و، سامانێکی ئێجگار زۆر هێژایە. تۆمارێکی گرینگی مێژووی کۆمەڵگەی کوردە کە دەکرێ ڕۆژێک ببێتە سەرچاوەی زۆر بەرهەمی ئەدەبی و هونەریی کورد و میللەتانێکی تریش. ئێمە تابلۆی دواکەوتوویی و چەوسانەوە لە هەموو ڕوویەکی ژیانی مرۆڤی کورددا دە ئەم کتێبەدا دەبینین: باوک لە هەر دوژمنێک بێ‌بەزەییتر، زڕدایک دەیەوێ منداڵی فڕێ بداتە تەندوورەوە، هەر منداڵێکی چینی هەژار دەبێ ڕۆژانە تێهەڵدان و جنێو بچێژێ و، تەنیا بە ڕادەی جەربەزەیی و بێ‌حەیایی و زبریی خۆی دەتوانێ جێگەی خۆی لە ژیاندا بکاتەوە، وێرانە و زبڵدان و توونی حەمامەکان پتر وەخۆی دەگرن تاوەکو ماڵ و حاڵ و کەسوکارێکی خۆی. چینایەتیی دزێو و، تەعەسوب و بێ‌عەقڵیی لە ئاست تابیعانی ئاینی تردا، خورافات و قۆڵبڕی و نیفاق... هەمووی لە وێنەی نووسینەکانی کیپلینگ لەبارەی هیندستان لێرەدا دەبینین. کاپیتان حەمەد خۆی بە منداڵی لە مەیدانی گشتیدا ڕەگەڵ جەماوەر کەوتوە و لە مەیدانی مەنگوڕان، شەق شەقانێی بە کەلـلەسەری مرۆڤێک کردوە (هەمان شتی کە لە ڕۆمان و فیلمی «زەلامێ ویستی ببێت بە پادشا»دا دەیبینین). کوشتاری گشتی لەدووی کوشتاری گشتی، هەتکی کچ و ژن لەدووی هەتک... بێ‌بڕانەوە. باوکی کاک حەمەدیش لە خەزای فەلەی ئاسووریدا بارگینێک و بارێک و «کچێک»-ی هێناوەتەوە تا بیکا بە مسوڵمان بۆ حەمەدی کوڕی، وێڕای ئەو هەمووە تاڵانەی خشڵ و بەرگی ژنانی مەسیحی تا سەری بەرز بێ و دەر و دراوسێ پێی‌ بڵێن « خەزا پیرۆز، خەزا پیرۆز» و بەڵکوو ئەوانیش شتێکیان لەو دزی و جەردەییەی ئەو وەحشیگەرییە پێ ‌ببڕێ. ئەو کچە ئاسوورییە هەژارەی کە دەیکەن بە مسوڵمان و ناوی دەکەن بە حەبیب، ئەگەر وەکوو کاک حەمەد بیرەوەریی ژیانی خۆی بنووسیبایە، ئەویش چ ڕۆمانێکی لێ دەردەچوو، بەڵام لە ئەو هەمووە کارەساتەشدا دەبینین دڵی چاکی دوو چەوساوان کاک حەمەد و حەبیب چۆن ڕێز لە یەکتر دەگرن و وەک برا و خوشکی نموونەیی دەبن بە دڵدانەوەیەک لەو چەوسانەوانە بۆ یەکتر. خەمی گەورەی سابڵاغ لەوەدا بووە چۆن لە تاڵان و بڕۆی عەشیرەتی کوردی بپارێزن. پادشای فارس کەسێکی ناردوە کە خەڵک کڕنووشیان بۆ بردوە و، کە فارسەکە تەماحی کردبێتە ژنێکی کورد و، ژن و مێردەکەی ڕووبەڕووی بووبنەوە، ئاغای کورد دە هانای فارسەکەوە چوون و ماڵی ژن و مێردیان بەسەر تەپڵی سەریاندا وێران کردوون و لەناویان بردوون. کاتێک کوردێکی شار ویستبێتی «ئەمیر تومان»-ی حاکمی ئێڕان دەربکا، ئاغای کورد ئەو کوردەیان گرتوە و قاچیان لەبەر زگی وڵاخەکەی بەستوە و، بە کووچە و کۆڵانی سابڵاغیاندا گێڕاوە تا خەڵکی پێ بترسێنن. دەکرا ئالیکساندر دوما یا ستاندال یا هوگۆ، بە خەیاڵ، دیمەنی سەگێکیان بکێشایە کە توتکەکانی خۆی و منداڵێکی ساواش بلێسێتەوە و، خەڵکێک تێدا بهاتنایە منداڵیان هەڵبگرتایەتەوە و بۆ باب و زڕدایکیان ببردایەتەوە، دەکرا، بەڵام کە بەڕاستی ئەوە ڕووی ‌دابێ و، ئەو منداڵە ساوایە گەورە بووبێ و بۆیان ‌گێڕابێتەوە و خۆی ڕووداوەکەی نووسیبێتەوە ... ئەوە شتێکە من قەت لە هیچ سەرچاوەیەکی ئەدەبیاتی دنیادا نەمدیتوە. یا دیمەنی کەسانێکی هەژاری چینی چەوساوە، کە هەمیشە ئامادەی قوربانی بۆ ئیدیئالی نەتەوە و نیشتمان، لە مەیداندا بن، ئازا و قارەمان بن و، چارەنووسیان بەدەست چینی تری سەرووی خۆیانەوە بێ و، نەزانن بە چ قەڵبەیەکیاندا دەدەن، بەڵێ ئەوە لە ئەدەبیاتی فەرەنسیدا لەبارەی ڕووداوانی ١٧٩٣ و ١٨٧٠ کەم نین، بەڵام هەمووی لەلایەن نووسەرانی ئەو چینانەی تری سەرووەوە نووسراون. ئەوە کە یەکێک لە ئەو چەوساوانە خۆیان، لە ئەو شەقام و کۆڵانانەوە، چەقۆکەی دەستی یا دەمانچە یا تفەنگەکەی بخاتە لاوە و قەڵەمێک بگرێتە دەست و ئەو خۆی چیرۆکەکە بە کتێب بگێڕێتەوە؟ نا، من نموونەیم نەدیتوە. ڕەنگە ماکسیم گۆرکی لێرەدا بە بیریدا بێ، بەڵام نا، ئەویش نە ئەوەی بەسەر هاتوە کە بەسەر کاپیتانی ئێمە هاتوە و، نە نووسینەکەی بە ئەو کراوەیی و ڕاستگۆیی و جورئەت و ڕاستەوخۆییەی بە زمانی ئەو چینە چەوساوە خۆی نووسیوە. ئەوجا چەوسانەوەکە بەگوێرەی تەمەن دەگۆڕێ و تا چەوساوە بە تەمەن گەورەتر دەبێ، چەوسێنەرانی گەورەتری جەغزی گەورەتر بۆ بەرژەوەندی خۆیانی بەکار‌دەهێنن: فڵانە بکوژە، فڵانە شت بشێوێنە، بە خەڵک بڵێ لە هەڵبژاردندا بۆ مەجلیس دەنگم پێ بدەن ( ئەوە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە کە گرتوویەتی و ئەو هەمووە جنێو و تێهەڵدانەی پێ چێشتوە، تا ڕووس فریای کەوتوون و ڕزگاریان کردوە). کاک حەمەد دەبێتە ئەندامی ژێکاف، بەڵام دەبینێ ژێکاف «سەتی نەوەدوپێنجی ئاغاوەت و توجار و سەید بوون، ئەوانەش بێزیان لە خەڵکی کاسب و زەحمەتکێش دەبۆوە». ژێکاف ئاغاوەتی عەشیرەتانی بە ئەندام وەرگرتوون بەڵام چەند نەفەر لە هەڤاڵەکانی کاک حەمەد (دەڵێت: «کە لە خۆم دڵسۆزتر بوون»)ی بە ئەندام قەبووڵ نەکردوون. ئیدی کاک حەمەد و هەڤاڵانیشی گوێ بە مەرکەز نادەن و، لە خۆیانەوە باڵێکی چینی هەژار ڕێک‌دەخەن و، دوای مانگێک داوایان لێ‌دەکەن تێکەڵ ببنەوە و، دەبن. ئەو باڵە جیاوازانەی ژێکاف لە هیچ سەرچاوەیەکی تردا بەوجۆرە باس نەکراوە. کاتێک دەچێتە خزمەت قازی محەممەد لە مەحکەمە، قازی محەممەد پێی‌ دەڵێ کە شەو لە پاراستنی شاردا بەشدار بێت نەوەکا مەنگوڕ بێن و شار تاڵان بکەن. کاک حەمەد یەک دنیا قێزی لەو دەوڵەمەندانە دەبێتەوە کە وا لە ترسی تاڵانی مەنگوڕان هەڵدەلەرزن، بەڵام ئیدی فەرمانی قازی محەممەدە و ناکرێ بەجێی ‌نەهێنێ. چەند جوان باسی ئەو دەوڵەمەندانە دەکا کە ئەوەندە بە بێڕێزی باسی کەسانی وەک کاک حەمەدیان کردوە، پێیان گوتوون: عەمباڵی کوڕی عەمباڵ، بڕۆ لاچۆ هەی ڕەجاڵەی سەگباب، «وەک ئەوان لە زێڕ دروست‌ کرابن و ئێمە لە قوڕ»، ئێستا کە کاریان پێیان ‌هەیە تا لە تاڵانی مەنگوڕانیان بپارێزن، «دەهاتنە لام و پێیان‌دەگوتم کە ئەوشۆ بانگ کراوی بۆ ماڵی کێ و کێ، منیش گونم نیشان دەدان و نەدەچووم»! یاخوا هەر شاد بیت کاک حەمەد گیان، کە من ئەوە دەخوێنمەوە وەک شەراب پێی مەست دەبم، ئەسڵەن ئەوە بۆ من قسە نییە، ئەوە «مووسیقایە، بەستەیە، گۆرانییە»، ئەرێ‌وەڵڵا هەموویان بە قوربانی گونت بن! چ ڕێیان دەکەوێ بە گونت بن. چەوساوە بە عاتیفەیەکی کە هەیەتی و چاوی لە دەستی قسەبەدەستانی قەومەکەیەتی فەتوای بۆ بدەن، لە هیچ درێغی ناکا و ژیانی خۆی لەسەر دەستی خۆی پێشکەش دەکا. باسی شەڕەکانی نێوان پێشمەرگە و دوژمن لە بەڵەجەڕ، لە مەکڵاوی، کەسایەتیی مستەفا خۆشناو بەرانبەر وەهابی بلووری (گوایە وەزیری کۆمار)، ئەو هەمووە قارەمانییانە لە شەڕدا و، ئەو هەمووە هەستە پیرۆزەی دێهاتییان کە چۆن هاتوون و ئاڵای کوردستانیان ماچ کردوە... هێندە- هێندە لاپەڕەی گرنگی مێژووی کورد دە ئەو بیرەوەرییانەدا دەخوێنینەوە. بۆ باسی غەفوری مەحموودیان، ئەم کتێبە بۆ من تاقە سەرچاوەیەکی گرنگە، کە چۆن سەرەتا مەحموودیان، بە دروشمی چەپی، کاک حەمەد و هەڤاڵە ڕەشوڕووتەکانی خستوونەتە ژێر باڵی خۆیەوە و، بەرنامەکەی هەمان بەرنامەی «ژێکاف» بووە بەڵام چەند شتێکی تری وێ‌خراوە، وەک: ئێمە خیانەت بە مەعمورەکانی سیاسیی شوورەوی ناکەین. مەحموودیان زۆر چالاک بووە، پێیەکی لە سابڵاغ و پێیەکی لە تاران بووە، ڕەقیبی قازی محەممەد بووە و، ویستوویە کۆبوونەوەی گشتی لە پێشەوا تێک‌بدا. بەڵام کاک حەمەد دوایی قەناعەتی هێناوە کە مەحموودیان پیاوی ئینگلیس بووە و خۆی و هەڤاڵانی دیارە لێی دوورکەوتوونەتەوە و، تەنانەت کاک حەمەد بە فەرمانی پێشەوا مەحموودیانی خستووەتە زیندانەوە و، ئەوجا لە وڵاتیان دەرکردوە و چووەتە ورمێ. بەڵام مەحموودیان وازی نەهێناوە، لە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا هاتووەتەوە مهاباد و، چەند ناوێک لەو بۆنەیەدا خوێندراونەتەوە کە بە دوژمن ناسێندراون، مەحموودیان یەکێکیان بووە و ئەوە بووە کوژراوە. زۆر حەیف کە هێندێک بەشی ئەو بیرەوەرییانە لەنێو چوون. ئەوەی بەسەر ئەم بیرەوەرییانە هاتوە، چۆن چەند کەس ویستوویانە ڕێگە لە دەرچوونی بگرن و لەناوی بەرن، فەسڵێکی نوێ دەخاتە سەر فەسڵەکانی ئەم ڕۆمانە واقیعییەی ژیانی چەوساوەیەکی قارەمانی کورد، کە هەمان دەردەکانی کارەساتی چینایەتیی ئەم قەومە چۆن دوای ئەوەندە ساڵەش هەر درێژەی هەبووە. کاک وریا ماملێ، بە ساغکردنەوە و ئامادەکردنی ئەم بیرەوەرییانە بۆ چاپ کارێکی ئێجگار زۆر پیرۆزی مێژوویی کردوە. ئەگەر من دەسەڵاتی دەستگاکانی نەتەوایەتیی کوردم هەبوایە، نەک هەر خەڵاتی کتێبێکی ساڵێک، بگرە خەڵاتی گرنگترین بەرهەمی سەد ساڵی ڕابردووی کتێبی کوردم بۆ ئەم کارەی پێشکەش دەکرد.