کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی لەسەر پێشێلکارییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران

14:54 - 12 جۆزەردان 2722

وڵاتانی ئەمریکا، فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک بۆ ئەندامانی شۆرای بڕیاردەری نەتەوە یەکگرتووەکان داویان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە دەبێ بە خێراترین کات هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێوەنەتەوەیی وزەی ناوکییدا بکا. هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی و ئورووپاییەوە لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر هاوکاریی نەکردنی ڕێژیم ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی و هەروەها شاردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە چاوی ئاژانس نووسی: پاش ئەوەیکە ئاژانسی نێوەنەتەوەیی وزەی ناوکیی ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆمی گەیاندۆتە ١٨ هێندەی ڕێگەپێدراو لە ڕێککەوتنی بەرجام، وڵاتانی ئەمریکا، فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان، بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک بۆ شۆرای بڕیاردەری نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایان لە ئێران کردووە کە بە خێراترین کات هاوکاریی ئاژانس بکا و وڵامی هەموو پرسیارەکانی ئەو ڕێکخراوە نێوەنەتەوەییە بداتەوە. هەرلەم پێوەندییەدا "نێد پرایس" وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، سەبارەت بە پێشیلکردنە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و هاوکاریی نەکردنی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە وتی: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە گەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان کە کۆتایی بە چالاکییە شاراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بهێنن و ئێران دەبێ هاوکاریی تەواوی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بکا.