کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

KMMK-G بۆ ئەحمەد شەهید: زۆربەی لەسێدارەدراوانی ئێران سەربە نەتەوەکانی غەیرە فارسی ئێرانن

14:36 - 14 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ ئەحمەد شەهید راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە سێدراەدانی تێکۆشەرانی کوردی مەحکووم کرد.
بەشێک لەو نامەیە کە نوسخەیەکی بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتووە بەم چەشنەیە:


رێژیمی ئیسلامیی ئێران رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر شێرکۆ موعارفی تێکۆشەری سیاسیی کوردی لە زیندانی سەقز لە کوردستانی ئێران لە سێدارە دا.
شێرکۆ موعارفی بە سزای موحاربە لە رێگەی \'\'ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردیەکان\'\'، 5 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری سەقزەوە سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێنرا.
بە لەسێدارەدانی شێرکۆ موعارفی، ژمارەی ئیعدام کراوەکان لە 6 رۆژی رابردوودا گەیشتە 37 کەس کە 11 کەسیان کوردن و بە زۆربەیان نەتەوەکانی ژێرستەمی ئێران وەک بەلووچ، کورد، عەرەب و ئازەری پێکدێنن.
شەش زیندانی دیکەی کورد بە تایبەت \'\'زانیار و لوقمان مورادی\'\' مەترسیی لە سێدارەدانیان لەسەرە.
بەپێچەوانەی بەڵێن و قسەکانی دەوڵەتی نوێ، رووحانی بە مەبەستی فریودانی بیروڕای نێونەتەوەیی لەسەر پرسی وزەی ناوەکی، شەپۆلی لە سێدارەدان بەردەوامە و زۆرینەی قوربانییانی ئیعدام سەربە نەتەوە غەیرە فارسەکانی ئێرانن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، داوا لە ریپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان دەکات، دژکردەوە لەسەر لە سێدارەدانی تێکۆشەرانی کورد بە تایبەت شێرکۆ معارفی نیشان بدات و هەڵوێست بگرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، هەروەها داوای لە گرووپی ٥+١ کردووە، بێدەنگی لەسەر پرسی لەسێدارەدان لە ئێراندا بشکێنن و پرسی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی وتوێژەکانیان لەگەڵ رێژیمی تاراندا بگونجێنن.