کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاساییکردنەوەی مەرگ

20:23 - 15 جۆزەردان 2720

کەریم پەرویزی

کاتێک شتێک ئاسایی دەبێتەوە، هەستیاریی بینەر بەرامبەر بەو ئۆبژەیە، کەم و کەمتر دەبێتەوە، تا ئەو جێگەیەی کە گەر ڕۆژێک ئەو دیاردەیە نەبینێ لای سەیر دەبێ و مێشکی پێی هەستیار دەبێ کە ئەوە بۆچی نەماوە و دیاری نییە!

هەڵهاتنی خۆر و بەخشینەوەی تیشکی ئافرێنەر، شتێکی ئاساییە و کزبوونی تیشکەکانی لە ڕۆژێکی هەتاویی هاوینیدا وەکوو ڕووداوێکی دەگمەن جێی پرسیار دەبێ.

ئەمە لای دەسەڵاتداری سەرەڕۆ کراوە بە بنەما و ئەسڵێک بۆ ئەوەی خەڵک، ناڕەزایی بەرامبەر بە شتێک دەرنەبڕن، ئەوەندە دووپاتی دەکەنەوە تاکوو خەڵک بە ئاسایی وەریبگرن و پێی ڕابێن.

لە وڵاتی ئامریکادا کە لە ئاستی جیهاندا بە نوێنەری دێموکراسی و ئازادیی خۆی دەناسێنێ، ڕۆژانە سەدان کەس بە نەخۆشیی کۆرۆنا دەمرن و هەرچەند خەڵکی نیگەران کردووە و ترسی نەخۆشی و مەرگ، خەڵکی لە ژیانی ئاسایی دوور خستۆتەوە، مەرگی زیاتر لە سەد هەزار کەس نەبۆتە هۆی تووڕەیی کۆمەڵگا، بەڵام کە کەسيک بە بێتاوان بەبەرچاوی کۆمەڵگاوە لە ژێر پێی پۆلیسێکدا دەکوژرێ، تووڕەیی سەرتاپای کۆمەڵگا دەگرێ و دەست بۆ ئاگرتێبەردانی سەمبۆلەکانی ئەو کەسە مرۆڤکوژە دەبەن. چوونکە کۆمەڵگا کوشتنی کەسانی بێتاوانی لەلا ئاسایی نییە و بەوە ڕاهاتووە کە پۆلیس دەبێ گیانی کۆمەڵگا بپارێزێ نەک گیانیان لێ بستێنێ.

ئەمە لەکاتێکدایە کە گیانی مرۆڤەکان لای کۆمەڵگای دیکە و سیستمی دیکە بە جۆری دیکەیە! سیستمی کۆلۆنیالیستیی حاکم لە سەر ئێرانیش لەو سیستمانەیە کە بەردەوام تاوان دەخوڵقێنێ تاکوو بوونی تاوانەکانی بە ئاسایی وەربگیرێ و نەبوونی تاوان ببێ بە ڕووداوێکی جێی سەرسووڕمان!

زیاتر لە چوار دەیەیە، کە ئیدئۆلۆژیی چەقبەستووی ویلایەتی فەقیهی، پڕوپاگاندەی ئەوە دەکا کە مرۆڤ لە بەرامبەر نیزامی حاکمدا هیچ نییە و گیانی مرۆڤ دەبێ ببێ بە قوربانی تاکوو سیستم بەردەوام بێ.

ئەم ڕوانین و ڕوانگەیە بۆ مرۆڤ، بە برسیکردن و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و رێگاوبانی خراپ و نەبوونی بیمەی دەرمانی و بیمەی کرێکاران و گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان و دەیان دیاردەی دیکە، ڕۆژانە هەزاران کەس لە کۆمەڵگا دەکوژێ و کەس بەلایەوە گرنگ نییە و هەموویان پێ ئاساییە.

هەرکات ڕێژیم لە کەسێک و لە کەسانێک بەگومان بوو دەیانگرێ یان ئەشکەنجەیان دەکا و زۆرجاریش بە بەرچاوی هەموو دونیاوە تەقە لە کورد و بەلووچ و عەرەب و خۆپیشاندەر و لاوێکی مۆتۆرسوار یان دەیان نموونەی دیکە دەکا و هەمووی بە لای کۆمەڵگاوە ئاسایی بۆتەوە.

ئێستە گەر چەند کەسێک ناڕەزایی دەرببڕن و ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی حاکم دەسبەسەریان نەکا یان تەقەیان لێ نەکا، کۆمەڵگا تووشی سەرسووڕمان دەبێ و دەچێتە نێو فیکرەوە کە بۆچی نایانکوژێ. بەتایبەت کۆمەڵگای فارس و ناوەندنشین، کوژران و کوشتاری نەتەوە بندەستەکانیان لە لا ئاساییە و ڕەنگە هەندێکیان لە دڵیشەوە پێی خۆشحاڵ بن.

نەتەوەی باڵادەست لە ئێران ناتوانێ مەرگی نەتەوە بندەستەکانی پێ ئاسایی بێ و کۆمەڵگایەکی ئاسوودەی بەئاوات بخوازێ. مەرگ لە ئێرانی ژێردەستی ویلایەتی فەقیهدا ئاسایی کراوەتەوە و بۆ ڕاماڵینی سیستمی حاکم دەبێ کۆمەڵگا مەرگی پێ نائاسایی بێ نەک نەمردن!