کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسۆ ساڵح: دەوڵەتی "حەسەن ڕووحانی"، بەرپرسی یەکێک لە خوێنینترین سەرکوتەکانە کە هێشتاش ڕەهەندەکانی تەواو دیار نین

18:57 - 3 جۆزەردان 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک و سرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئێران، گەمارۆی خستە سەر وەزیری نێوخۆ و هەشت بەرپرسی فەرمی و سێ دامەزراوەی ڕێژیمی ئێران.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند کە ''عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی'' وەزیری نێوخۆ، ''حوسێن ئەشتەری'' فەرماندەی هێزی ئینتزامی و چەند کەسی دیکەی لە فەرماندەکانی پلەباڵای ئەم دامەزراوە نیزامییەی بەهۆی کوشتنی خەڵک لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا لەو بەیانییەیەدا وتوویەتی: "ئەم کەسانە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕزایەتییە ئاشتیخوازانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ خراونەتە نێو لیستی ڕەشی ئامریکاوە".

لەمبارەوە وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز "ئاسۆ ساڵح"، بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

١- وەزیری نێوخۆ و ئەو کەس و لایەنانەی کە گەمارۆیان لەسەر خراوە، لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا چ ڕۆڵێکیان گێڕاوە؟

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، ئەم کەسانە، واتە وەزیری نێوخۆ و چەند فەرماندەی نیزامیی دیکە وەکوو "حوسێن ئەشتەری" فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیمی ئێران (ناجا) لە سەرکوتی خەڵک لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە. وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە وەزیری نێوخۆ فەرمانی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی بە فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیمی ئێران داوە.

وەزارەتی نێوەخۆ و هەروەها هێزی ئینتیزامیی ڕێژیمی ئێران بەپێی یاسا ئەرکی پاراستنی ئەمنییەتی نێوخۆی وڵاتیان لە ئەستۆدایە. ئەرکی پاراستی ئەمنییەتیش لە کاتی خۆپیشاندانی مەدەنیی خەڵک، واتە سەرکوت. هێزی ئینتیزامی ئەگەرچی یەکێک لە هێزە نیزامییەکانی ئێرانە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی نێوخۆ چاودێری دەکرێت. پارێزگاکانیش لەژێر چەتری وەزارەتی نێوخۆدان و هەر پارێزگایەک کۆمیتەی تەئمینی هەیە کە ئەوانەش ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزی ئینتیزامی هاوکاری دەکەن و ئەرکی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانیان لە ئەستۆدایە. بۆیە یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکی لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە نێوخۆی وڵات لە ئەستۆی وەزارەتی نێوخۆیە. ئەمە واتە باسکی سەرکوت، واتە لە بواری کردەوەیی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و لەوانە خۆپیشاندانی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن وەزارەتی نێوخۆ جێبەجێ کراوە. هەڵبەت باسکی دیکەی سەرکوت لە پێکهاتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوونیان هەیە.

٢- ئەم گەمارۆیانە لە دەرەوەی وڵات چ کاریگەرییەک لەسەر ئەو کەس و دامەزراوانە دادەنێت؟ ئایا ئەو کەسانە دەتوانن سەردانی ئورووپا و ئامریکا بکەن؟

دیارە ئەم گەمارۆیانە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا پەسەند کراون و بەو پێیە ئەم کەس و لایەنانە ئەگەر سەرمایەیەکیان لە ئامریکا هەبێت، دەستی بەسەردا دەگیردرێت، ناتوانن سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بکەن و هەروەها ئامریکاییەکان ناتوانن لەگەڵیان معامەلە بکەن.

ئورووپا لە دەرەوەی ئەم گەمارۆیانەدایە. پێشتر سیاسەتی دەرەکیی ئامریکا و ئورووپا زۆرتر نزیک بوو، لە چوارچێوەی پێوەندی و هاوپەیمانیی "ترانس ئاتلانتیک"، لە زۆر بواردا هاوکاری و هاوئاهەنگییان هەبوو؛ بەڵام لە یەک دەیەی ڕابردوو، بەتایبەت پاش هاتنە سەر کاری ئیدارەی "ترامپ" و هەروەها دەسەڵات گرتنی زۆرتری وڵاتی چین، ئەم سیاسەتە هاوبەشانە کەمڕەنگتر بوونەوە. چەند ساڵێکە لە یەکێتیی ئورووپا باسی دامەزراندن و دەستپێکردنی سیاسەتێکی نوێی دەرەکییە کە خودی ئەم یەکێتییە تێیدا ڕۆڵگێڕ بێت و تا ئەوەی بسپێردرێت بە وڵاتێکی دیکە وەکوو ئامریکا. بۆیە ئەگەری زۆر کەمە کە ئەم جۆرە گەمارۆیانە لەلایەن یەکێتیی ئورووپاش پەیڕەو بکرێت.

٣- ئەی لە نێوخۆ ئەو گەمارۆوانە چ کاریگەرییەکی لەسەریان دەبێت؟

خاڵێک کە لێرە پێویستە لە بەرچاو بگرین ئەوەیە کە بەپێی عۆرف، واتە بەپێی عادەت و یاسایەکی نەنووسراو، وەزیری نێوخۆ زۆر جار (نەک بۆ هەمیشە) لەلایەن ڕێبەری ڕژیمی ئێران دەکرێتە جێگری "فەرماندەی کۆلی قوا" لە هێزی ئینتیزامی. بۆ وێنە کاتێک کە "عەبدوڵڵا نووری" لە سەردەمی "خاتەمی" وەزیری نێوخۆ بوو، ئەم ئەرکەی پێ نەسپێدرا. بەڵام لە حاڵەتێکدا کە دەوڵەت و وەزیری نێوخۆ تەواو لەژێر ڕکێفی ڕێبەری ڕێژیم بن، ئەو ئەرکەیان پێ دەسپێردرێت. "ڕەحمانی فەزڵی"، واتە وەزیری نێوخۆ لە دەوڵەتی ڕووحانیش ئەم ئەرکەی پێ سپێردراوە. بۆیە بە ڕای من ئەمەش سیگناڵێکە ڕوو بە ئەو لایەنانەی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کە پشتیوانیی تەواویان لە "ڕووحانی" و دەوڵەتەکەی کرد کە گوایە وڵات لە چنگی "ئەحمەدی نژاد"ەکان و "ڕەئیسیـ"ـەکان ڕزگار دەکات و گوایە بەرەو ئازادی دەبات. ئەمە لە حاڵێکدایە ئەم دەوڵەتە خۆی بەرپرسی یەکێک لە خوێنینترین سەرکوتەکانە کە هێشتاش ڕەهەندەکانی تەواو دیار نین.

پێشتر ڕووی داوە کە بەرپرسانی ڕژیم بەهۆی سیاسەتی نێوخۆیی گەمارۆیان خرابێتە سەر، بەڵام ئەم جارە تەنیا بەهۆی یەک خۆپیشاندان ئەم کاربەدەستە پایەبەرزانە گەمارۆیان دەخرێتە سەر. ئەم خۆپیشاندانەش تا ڕادەیەک لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات زۆر دەنگدانەوەی هەبوو. بەتایبەت لە بواری ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکە کە هێشتا ژمارەی تەواویان دیار نییە، ئەم خۆپیشاندانە یەکێک لە خوێنینترین خۆپیشاندانەکان بوو. بۆیە ئەمە لە نێوخۆ و لەسەر گۆڕینی شێوەی ڕوانینی خەڵک و هەندێک لایەن بۆ جەریانی ڕیفۆرمیستی لە ئێران، کاریگەریی تایبەتی خۆی هەیە.

٤- بەگشتی گەمارۆکانی سەر ئەم کەس و لایەنانە، چ کاریگەرییەکی ئابووری و سیاسی لەسەر ڕێژیمی ئێران دادەنێت؟

ئەم گەمارۆیانە تەنیا لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕاگەیەدراون. خاڵی سەرنجڕاکێشیش ئەوە بووە کە تەنیا سێ خاڵ لەسەر ئەم کەس و لایەنانە جێبەجێ دەکرێت. واتە ئەگەر سەرمایەکیان هەبێت دەستی بەسەردا دەگیردرێت، ناتوانن سەردانی ئامریکا بکەن و هەروەها ئامریکاییەکان ناتوانن لەگەڵیان معامەلە بکەن. بۆیە وا دێتە بەرچاو کە لەم گەمارۆیانە زۆرتر بواری ڕاگەیاندن لەبەرچاو گیراوە تا بواری کردەوەیی، بەو مانایە کە ئامریکا و ئیدارەی ترامپ ویستوویانە ئەو سیگناڵە بدەن کە تەنانەت سیاسەتی نێوخۆیی ڕێژیمیش، واتە سەرکوتی خەڵک، بۆیان گرینگە. بۆیە من دووری دەبینم کە لانیکەم لە کورتخایەندا ئەم گەمارۆیانە کاریگەرییەکی ئەوتۆی ئابووریی لەسەر ڕێژیم هەبێت.

لە بواری سیاسییەوە ئەوە گرینگە کە ئەم گەمارۆیانە بەهۆی کردەوەیەک لە چوارچێوەی سیاسەتی نێوخۆیی ڕێژیم دەخرێنە سەر بەرپرسانی ڕێژیم، ئەم سیاسەتەی ئامریکا و ڕۆژئاواییەکان ئەگەر لە داهاتووشدا بەردەوام بێت و کاریگەریی خۆی هەبێت، مرۆڤ دەتوانێت هیوادار بێت کە کردەوەکانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دژ بە خەڵکی خۆی، ئیدی لەلایەن ئامریکا و ڕۆژئاواییەکان تەنیا بە بەیاننامەیەک لەسەر ئەساسی مافی مرۆڤ کورت ناکرێنەوە، بەڵکوو ئاکامی دیکەشی بەدواوە دەبێت.

٥- ماوە بە ماوە ئامریکا گەمارۆی نوێ دەخاتە سەر کەسایەتی و لایەنەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران؛ لە داهاتوودا پێشبینی دەکرێت کام کەسایەتی و لایەنی تری سەر بە ڕێژیمی ئێران گەمارۆیان لەسەر بخرێت؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تا ڕادەیەک زەحمەتە. ئەمە پێوەندیی بە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا هەیە. تا ئێستا زۆرتر ئەو کەسانە گەمارۆیان دەخرایە سەر کە بە شێوەیەک لە سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم چالاک بوون و وەکوو مەترسییەک بۆ بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هێزە ئامریکاییەکان بوون. بەڵام لە یەک دوو ساڵی ڕابردووش تەنانەت هەندێک دەزگای دیکەی نێوخۆیی گەمارۆیان خراوەتە سەر، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بە دووری ببینێت کە لە داهاتووشدا کەسانێک و لایەنێک کە بە شێوەیەک لە ئیختیاری دەزگای کۆماری ئیسلامی بەگشتیدان، گەمارۆیان بخرێتە سەر. ئەم کەس و لایەنانە تەنانەت دەتوانن لە چوارچێوەی پاراستی کولتووری کۆماری ئیسلامیشدا بن.

٦- ئەم سیاسەتانەی ئامریکا، لە چ ئاراستەیەکدایە؟

ئەم سیاسەتە لە چوارچێوەی سیاسەتی گوشاری لانیزۆریدایە، واتە سیاسەتێک کە ئیدارەی ترامپ دژ بە ڕێژیمی ئێران گرتوویانە بەر. ئەم سیاسەتە چەند ڕەهەندییە تەنانەت هەندێک ڕەهەندیشی ڕوون نین، واتە لە عەینی حاڵدا کە دەتوانێت گوشارێکی هەمەلایەنە بێت بۆ سەر ڕێژیم، دەتوانێت دانووستان و تەعامۆلیش بێت.