کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە یەكیەتیی ئورووپا، لە سێمیناری سكرتێری گشتیی پارلەمانی ئورووپا بەشداری كرد.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە چوارچێوەی چالاكییەكانی بەشی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە یەكیەتیی ئورووپا، لە سێمیناری سكرتێری گشتیی یەکیەتیی ئورووپا، كە تایبەت بوو بە "داهاتووی ئورووپا"، بەشداری كرد.
لەم سێمینارەدا "كلاوز وێلا (Klaus Welle) "سكرتێری گشتیی پارلەمانی ئورووپا، لە دوو بوارەوە باسی لە پرسی داهاتووی ئورووپا كرد. سەرەتا ئەو هەڕەشانەی كە لە بواری ئەمنییەوە ڕووبەڕووی ئورووپان و لە بەشی دووهەمدا باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئورووپا كرد، كە چۆن دەتوانێت كاریگەریی بخاتە سەر بوارە جیاوازەكانی یەکیەتیی ئورووپاوە.
نوێنەرایەتیی حیزب لە چوارچێوەی كۆمێنت و پرسیاردا، ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک هەڕەشەیەک بەرجەستە كردەوە، بەتایبەت قسەكانی ئەم دواییەی ڕۆحانی سەبارەت بە تێرۆر، ماددە هۆشبەرەكان و پرسی كۆچبەری و هەروەها داخستنی كەنداو؛ لە هەمان كاتدا ئەوەی پرسی كورد لە كوێی داهاتووی یەکیەتیی ئورووپادا جێگای دەبێتەوە، ڕاوبۆچوونی خۆی خستە ڕوو.
شایانی باسە، سێمینارەكە بە بەشداریی كۆمەڵێک ناوەند و كەسایەتی جیاواز بەڕێوە چوو.