کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژوان مەریوان: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، فەزایەکی نادێموکراتیک و تۆتالیتێر و میلیتاریزە زاڵە

11:56 - 8 پووشپەڕ 2719

وتووێژ: بێهزاد قادری

هەمیشە زەخت و گوشار لەسەر چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی هەبووە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ترسی ئەوەی لە دڵدا بووە کە چالاکانی مەدەنی، کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەتی ببووژێننەوە. هەر لەم پەیوەندییەدا و لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، چەندین چالاکی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون و وێڕای ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک و چالاکانی مەدەنی، هەندێکیان چارەنووسیان هێشتا ناڕوونە.

لە کاتێکدا کە لە چارەنووسی "زارا محەممەدی"، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراو، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە، لە هەمان کاتدا، مامۆستایەکی تری زمانی کوردی بە ناوی "منەت ڕەحمانی" دەسبەسەرە و  ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، "سیروان ئیبراهیمی"، بەرپرسی لقی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا، نییە. دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئیبراهیمی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بێئاکام ماوەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، وتووێژێکتان پێشکەش دەکەم کە لەگەڵ چالاکێکی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی نهێنیی "ئاژوان مەریوان" ئەنجامم داوە کە خۆی لە چالاکانی مەدەنیی مەریوانە و ڕۆڵی ئەکتیڤی لە چالاکییە فەرهەنگییەکاندا هەبووە و هەیە.

- لە سەرەتادا، ڕۆڵی چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان بۆ باس بکەن؟

کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکانی مەدەنی، خۆی لە پێناسەی گشتیدا، پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە پێکهاتووە لەو تاکانە و ئەو دەزگا جیاوازانەی کە لە دەرەوەی حکوومەتێکی دیاریکراودا، ڕۆڵ دەگێڕن و پڕی دەکەنەوە، ئەم بۆشاییە بە هەر هۆکارێک کە پێک هاتبێت، لایەنی حکوومەت و دەسەڵات، خۆی لێ دەبوێرێت. بە واتایەکی دیکە، پردێکی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگایشن.

لە نەبوونی دەسەڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەرکی چالاکانی مەدەنی چەند قات زێدەتر دەبێت. ئەو ماف و داواکارییانە کە لە گەلەکەمان زەوت کراون، کەوتووەتە سەر شانی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و چالاکی لە بوارگەلی جۆربەجۆری مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزی، زمان و کولتور و... لە ئەستۆیان کەوتووە.

- زۆربەی چالاکانی مەدەنیی کوردستان، لە چ چینێکی کۆمەڵایەتین؟

زۆرینەی چالاکانی مەدەنیی کوردستان، لە بواری چینی کۆمەڵایەتییەوە دەکەونە بازنەی چینی خواروو و مامناوەندیی کۆمەڵگاوە و بریتین لە: خوێندکارانی زانکۆ، مامۆستایان و کەسایەتیی نیشتمانی و دڵسۆزی گەلەکەمان.

- ئامانجی چالاکانی مەدەنی، بەتایبەت چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم چالاکییانە چین؟

هەر وەکوو لە پێناسەکەدا ئاماژەم پێ کرد، لە حکوومەتە دێموکراتیکەکاندا، ئامانجی چالاکیی مەدەنی، پردی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا و حکوومەتە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە فەزایەکی نادێموکراتیک و تۆتالیتێر و میلیتاریزە زاڵە، چالاکانی مەدەنی ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن و لە چکۆلەترین دەرەتان و فەزای مەوجوود کەڵک وەردەگرن بۆ پاراستن و هەوڵدان بۆ کەرامەتی ئینسانی و پاراستی بەها و سامانە نەتەوەییەکانمان، چ لە بواری ماددی و چ لە بواری مەعنەویدا.

- هەروەها کە ئێوەش ئاگادارن، شەپۆلێک لە دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە، هۆکاری ئەم دەسبەسەرکردنانە بۆچی دەگەڕێننەوە؟

بەداخەوە دەسەڵاتی زاڵ و حاکم، چاوی بەو فەزایەی کە هەرچەند کەم و لەژێر زەبر و زەنگدا چالاکانی مەدەنی خەریکی چالاکی و بەرهەڵستن، هەڵنایە و بە دەیان جۆر لەمپەڕ و کۆسپ دەخاتە سەر ڕێگەیان، کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ترسی دەسەڵات لە  زیندووبوونی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بەگشتی و کۆمەڵگای مەدەنیی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، هەتا پێش بەم گەشە و بیچمگرتنی بیری نەتەوەیی و مافخوازی و هۆشیاری و پاراستنی کەرامەتی ئینسانییە بگرێت،

هەر وەک دیتمان لە جەریانی بوومەلەرزەی کرماشان و کارەساتی سێڵاو و لافاوی شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران، چالاکانی مەدەنی حیماسەیان خولقاند و ڕۆڵ و کاریگەریی بەرچاوی خۆیان لە یەکگرتوویی و هاوکاری بۆ کۆمەڵانی خەڵک سەلماند و پیلانەکان و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتیان لە ئاست خەڵکدا پووچەڵ کردەوە، هەر ئەم چەشنە حەرەکەتانە بووە هۆی زەنگی مەترسیی و هەست بە بەهێزبوونی چالاکانی مەدەنی لە لایەن دەسەڵاتەوە.

- هەڵوێستی چالاکانی مەدەنی و خەڵک لەمەڕ دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی، چۆنە؟

چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵات و هەروەها کۆمەڵانی خەڵک لە هەموو چەشنە دەرفەتێکی مەوجوود کەڵکیان وەرگرتووە بۆ مەحکوومکردنی گرتنی ئەم چالاکانە و تەواو هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنیان خراوەتە گەڕ، کە مەخابن بە پێچەوانەی چالاکانی کورد، فەزای مەدەنی و چالاکانی غەیرەکورد و ناوەند و هەروەها میدیا غەیرەکوردییەکان، هیچ ئاوڕ و سەرنجێکیان لە دەستبەسەر کردنی چالاکانی کورد نەداوەتەوە و ئەم پرسەیان بەئەنقەست پەراوێز خستووە.

- وەک چالاکێکی مەدەنی، بۆ پشتیوانی لە چالاکانی مەدەنیی دەسبەسەرکراو، چ پێشنیار و پەیامێکتان بۆ بەردەنگەکانت هەیە؟

پرسی دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنیی کورد پێویستە هەوڵی ئەوەی بۆ بدرێت کە بە پرسێکی نێونەتەوەیی بکرێت و بڕواتە کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان و ڕێپۆرتێرانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا. هەروەها کۆمەڵگای کوردی بە جیددیتر و یەکگرتووییەوە بەرهەڵستی ئەم پیلانانە بۆ کپکردنی دەنگی ئەم چالاکانە ببێتەوە. هەرچەند بەگشتی لە فەزای نادێموکراتیک و تۆتالیتێردا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵە، ڕەنگە لەوە زۆرتر دەرەتان و مەودا بۆ چالاکی نەبێت و تێچووی گیانی و ماددیی چالاکان بباتە سەرەوە.