کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆنێکی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات بەڕێوەچوو

16:20 - 4 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە سەنتەری شاری "گلاسگۆ" ئاکسێۆنێکی ناڕيزایەتی بۆ پشتیوانی کردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژھەڵات بە بەشداری کوردانی چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە کە ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی سەرماوەز، بەڕێوەچوو، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی کورد و کوردستان بەتایبەتی شەھیدانی ئەم دواییانەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر "ھوشیار شوجاعی" بەرپرسی کومیتەی ناوچەی سکاتلەند باسێکی لە سەر سیاسەتە دوژمن کارانەکەی کۆماری ئیسلامیی دژ بە خەڵکی کورد کرد و ھەروەھا باسی قوربانییەکانی ئەم دواییانەی کرد کە کۆماری ئیسلامی خەڵکی ئێران و کوردستانی بە دیل گرتوە و لە بێدەنگییەکی تەواودا دەستی داوەتە ڕەشەکوژییەکی تەواو و بە سەدان کەس لە ژن و منداڵ و خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوشتووە و بە ھەزاران کەسی لە زیندانەکان ئاخنیوە کە لەوانەیە لە ڕۆژانی داھاتودا لە بەناو دادگاکانیدا گەورەترین جینایەت بە دەستی کۆماری ئیسلامی بخولقێت، بۆیە پێویستە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە فریای خەڵکی کوردەوە بچن و ڕێگری لەو جەنایەتە دژە مرۆڤییە بکەن.

دواتر لە لایەن "سیامەند تاھێری" ئەندامی حیزبەوە بە زمانی ئینگلیسی باس لە جینایەتەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی کرا و ناوەڕۆکی ئاکسیۆنەکە بۆ خەڵکی سکاتلەند و بیانی ڕوون کرایەوە.

ئاکسیۆنەکە بە چەند دروشم و سروودی نیشتمانی کۆتایی پێھات.