کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگاداری/ خۆپیشاندانێک لە شاری بروکسێل لە بەردەم پارلەمانی ئورووپا بەڕێوە دەچێت

11:55 - 10 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی بەڕێوەبەریی رێوڕەسمی تایبەت بە ٣٠ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لە دەرەوەی وڵات ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی تایبەت بە سی ساڵەی شەهیدبوونی "دوکتور قاسملووی" نەمر

کوردانی نیشتمانپەروەری تاراوگە، ئەندامان، دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

وەک هەموو لایەک ئاگادارن، ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، سی ساڵی تەواو بەسەر شەهیدبوونی ڕێبەری زانا و بلیمەتی کورد "دوکتور قاسملوو"ی نەمر و ھاوڕێیانی لە "ڤییەن" تێدەپەڕێت.

بەم بۆنەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ئەمساڵ خۆپیشاندانێکی بەربڵاوی جەماوەری، لەژێر ناوی "یادەوەریی سی ساڵەی تێرۆرکردنی ڕێبەری شەهیدمان دەکەین بە ویستگەیەک بۆ ڕاسانی تاراوگە"، لە ڕێکەوتی ٩ی ژوئییەی ٢٠١٩ی زایینی، بەرامبەر لە گەڵ ١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە شاری بروکسێل و لە بەردەم پارلەمانی ئورووپا بەڕێوە دەبات.

بەم بۆنەوە، داوا لە هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەری تاراوگە و بەتایبەتی ئەندامان، دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەری گەورەمان شەھید دوکتور قاسملوو دەکەین، بۆ شەرمەزارکردنی ھەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی دەوڵەتی ئوتریش و مەحکوومکردنی تێرۆریزمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشداریی چالاکانە لەو ڕێپێوانە بکەن.

لەو پێوەندیەدا هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا، بە شێوەی بەردەوام زانیاری زیاتر لەو بارەوە بڵاو دەکرێتەوە.

بە سپاسەوە:

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی تایبەت بە سی ساڵەی شەھیدبوونی دوکتور قاسملووی نەمر

٢٩ی ئاوریلی ٢٠١٩ی زایینی

٩ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی