کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگاداریی ژمارەی ٣ی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی تایبەت بە سی ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی

18:04 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی تایبەت بە سی ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، ئاگاداریی ژمارەی ٣ی، بۆ چۆنیەتیی بەشداری لە ڕێپێوانی ئەو یادەیدا بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیی بەڕێز، کوردستانییان و ئێرانییانی ئازادیخوازی نیشتەجێی تاراوگە!

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی تایبەت بە سی ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملووی نەمر، بە هاوکاریی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی سێشەممە، ٩ی مانگی ژووئییەی ٢٠١٩ی زایینی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەم یادە لە بەردەم پارلمانی ئورووپادا بەڕێوە دەبات.

سی ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ڕۆژێکی گونجاوە بۆ گرێدانی خەباتی شار و شاخ. تاراوگەش، وێستگەکە بۆ وروژاندنی پرسی ئەو تێرۆرە لەنێو کانگای بڕیاری وڵاتانی ئورووپایی، واتە پارلمانی ئورووپا و هەڵدانەوەی ئەو پەڵە ڕەشەی مێژووی دەسەڵاتدارانی حاکم بە سەر ئێران و هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی وڵاتی ئوتریشە.

هەموومان پێکەوە وەکوو ڕێبوارانی ڕێگای دوکتور قاسملوو و هەزاران شەهیدی دیکەی قوربانیی دەستی تێرۆر و جینایەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەتوانین ڕۆڵێکی بەرچاومان بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە هەبێت و لە ڕێگای شیاو و هەست بە بەرپرسیاریەتییەوە بە بەرەکانی داهاتوو نیشان بدەین، خوێنی ڕێبەرانمان و ڕۆڵە قارەمانەکانی مێژوومان بە فیڕۆ نەچووە.

ئێمە وەکوو کوردانی تاراوگە، ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردانی نیشتمانپەروەری کوردستانی و سەرجەم ئازادیخوازان، ئەرکی سەرشانمانە لەو ڕۆژەدا وەفاداریی خۆمان بە قاسملووی ڕێبەر، نوێ بکەینەوە و بە ئیلهام وەرگرتن لە ئامۆژگارییەکانی، بەرپرسانە و دڵسۆزانە بە دۆست و بە دوژمنیش ڕابگەیەنین کە قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە و بەردەوامیی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تا وەدیهێنانی ئاواتەکانی شەهیدانمان لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا دووپات دەکەینەوە.

بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە مێژووییە لەو ڕۆژەدا، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی تایبەت بە سی ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملووی نەمر، داوا لە بەشداربووانی خۆشەویست دەکات ڕەچاوی ئەو خاڵانەی خوارەوە بکەن:

١-  بەپێی ئیمکان، لەو ڕۆژەدا بە جلوبەرگی کوردی و بە تایبەتی یونیفۆرمی حیزبی،  بەشداریی خۆپیشاندانی برۆکسێل بکەن.

٢-  تەنیا لەو ئارم و لۆگۆ و هێمایانە کەڵک وەربگرن کە کۆمیتەی بەڕێوەبەری بۆ ئەو یادە ئامادەی کردوون.

٣-  تەنیا ئەو دروشمانەی کە پێشتر ئامادە دەکرێت و بە ئاگاداریی ئێوەی بەڕێز دەگات، کەڵک وەربگرن.

٤-  لە بڵاوکردنەوەی ئەو نووسراوە و وێنە و ئاڵا و سونبولانە کە پێوەندییان بەو ڕۆژە نییە و لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئامادە نەکراوە خۆ ببوێرن.

٥- دەتوانن دروشم و پێشنیار و ئیدە و بۆچوونەکانی خۆتان لە ڕێگای ئەو کاناڵانەی بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ کۆمیتەی بەڕێوەبەری یان کۆمیتەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات دیاری کراوە، بنێرن.

٦-  ئەگەر کەسایەتییەکی کوردستانی، ئێرانی یان بیانی یان ڕۆژنامەنووس و ئەو کەسانەی کە دڵسۆز و یاریدەری خەباتی نەتەوەکەمانن دەناسن کە بتوانێت لەو ڕۆژەدا بەشداریی ئەو یادە بکات، تکایە لە ڕێگای کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتەوە، کۆمیتەی بەڕێوەبەری لێ ئاگادار بکەن تا کۆمیتەی بەڕێوەبەری بە شێوەی فەرمی بانگهێشتی خۆپیشاندانەکەیان بکات.

٧-  لە ڕێگای کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتانی دەرەوە، لە شوێنی دەستپێکی خۆپیشاندان و تەواوی وردەکارییەکانی خۆپیشاندانەکە ئاگادار دەکرێنەوە.

پێویستە بە کوردستانیانی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر ڕابگەیەنین کە کۆمیتەی تایبەت بە ڕێوڕيسمی سی ساڵی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ئامادەکارییەکانی خۆی بەردەوامە و تا دوا ساتی خۆپیشاندانەکە لە گەیاندنی زانیاریی پێوەندیدار بەو بۆنەیە، بەردەوام دەبێت.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر دەتوانن لەم کاناڵانەی خوارەوە کەڵک وەربگرن:

Facebook:          @30thDr.Ghassemlou

Instagram:          @rebery_shehid

WhatsApp:           0041763869335  - 0032485004225      

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی تایبەت بە سی ساڵەی شەھیدبوونی دوکتور قاسملووی نەمر و هاوڕێیانی

٢١ی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی