کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرین کوردی: کۆرۆنا تا ئێستە هیچ دەرمان و چارەسەرێکی نییە و تەنیا و تەنیا "خۆپارێزی" ڕێگریی لێ دەکات

11:56 - 25 جۆزەردان 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی هەنووکەیی کۆرۆنا لە کوردستان، وتووێژێکمان لەگەڵ کادرێکی دەرمانیی نەخۆشخانەیەکی نێوخۆی وڵات بە ناوی خوازراوی "ئاگرین کوردی" پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

- کوردستانی ڕۆژهەڵات بەگشتی لە بواری تەشەنەسەندنی کۆرۆناوە لە چ دۆخێکدایە؟

بەداخەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێستاکە لە دۆخێکی مەترسیداردایە و کۆرۆنا گەیشتووەتە لووتکە! لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان دۆخی سوور ڕاگەیەندراوە و پارێزگای ورمێش دۆخی هۆشدار و لە ئیلامیش ژمارەی تووشبووان و قوربانییان لە هەڵکشاندایە! ئەو ئامارانەی کە بەفەرمی لەلایەن زانکۆ پزیشکییەکانەوە بڵاو دەبێتەوە ئاماری ڕاست و دروست نین و ژمارەی تووشبووان و ئەو کەسانەش کە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە زۆر لەوە زیاترە و بەداخەوە نەخۆشخانەکان لە نەخۆشی کۆرۆنا جمەیان دێت. ئەگەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت و هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، نەخۆشخانەکان و کادری تەندروستی و دەرمانی لە توانایاندا نامێنێت کە نەخۆشی زیاتر وەربگرن و ڕەنگە کارەسات بخولقێت.

- ئایا لەبارەی قوربانییان و تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە ڕۆژهەڵات، ئامارێکتان لەبەر دەستدا هەیە؟

ئەو ئامارانەی کە ڕۆژانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی ئێرانەوە بڵاو دەبێتەوە تەنیا ژمارەی ئەو کەسانەیە کە لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون و ئاماری ڕاستەقینە ڕەنگە چوار بۆ پێنج ئەوەندە بێت. بەپێی ئاماری ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، هەتاکوو ئەمڕۆ کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە چوار پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام، ۲۱۸۰۰ کەس و ژمارەی قوربانییان ۷۵۰ کەس ڕاگەیەندراوە، بەڵام  لە ڕاستیدا  ژمارەی تووشبووان مەزەندە دەکرێت، ۸۰ هەزار بۆ ۱۰۰ هەزار کەس و هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی بە کۆڤید ۱۹ گیانیان لەدەست داوە، ۱۵۰۰ بۆ ۲۰۰۰ کەس بن.

- ڕێژیمی ئێران بۆچی ئامار و ڕاستییەکان دەشارێتەوە؟

دیارە وەکوو خۆتان ئاگادارن و هەموو دنیاش دەزانێت، ڕێژیمی ئێران لە بڵاوکردنەوەی ئاماری درۆ و شاردنەوەی ڕاستییەکان دەستێکی باڵای هەیە و ڕووی هەموو درۆزنێکی جیهانی سپی کردووەتەوە. لە سەرەتادا بە مەبەستی بەشداریپێکردنی خەڵک لە ڕێپێوانی ۲۲ی ڕێبەندان و شانۆگەریی هەڵبژاردنی ۲ی ڕەشەمە، نکۆڵیی لە بوونی کۆرۆنا دەکرد و ڕاستییەکانی لە خەڵک دەشاردەوە؛ بەڵام ئێستە پێم وایە، هۆکاری شاردنەوەی ڕاستییەکان دەگەڕێتەوە بۆ: "کەمبوون و نەبوونی پێداویستی و کەلوپەلی پزیشکی و تەندروستی لە نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان. هۆکاری ئابووری؛ بۆ ئەوەی ناچار نەبن قەرەنتینەی شارەکان ڕابگەیەنن کە دیارە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی خەڵکەوە  ڕەنگە ببێتە هۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان".

- ڕێژیمی ئێران تا کەی دەیەوێت ڕاستییەکان بشارێتەوە؟

شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن ئێرانەوە کارێکی هەمیشەییە و ڕەنگە تا کۆتایی ئەم قەیرانە لەسەر شاردنەوەی ڕاستییەکان بەردەوام بێت.

- بۆچی ئاوەها کۆرۆنا لە کۆنترۆڵ دەرچووە؟

بەهۆی ئاساییکردنەوەی هەموو بوارەکانی ژیان لەلایەن ڕێژیمەوە و نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و شاردنەوەی ڕاستییەکان و بڵاونەکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کۆرۆنا و هەروەها پێبەندنەبوونی هاووڵاتییان بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە. سەرباری ئەوەی گەشتیارێکی زۆر سەردانی شارەکانی کوردستان دەکەن کە هۆکارێکی گرینگی گواستنەوەی نەخۆشییەکەیە.

- بۆچی خەڵک ڕێنوێنییە تەندروستییەکان لەبەرچاو ناگرن؟

لەبەرچاونەگرتنی ڕێکارە تەندروستییەکان و پێبەندنەبوونی خەڵک پێیانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئابووریی خەڵکانی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی. وەک ئاگادارن خەڵکی کوردستان لە دۆخێکی ئابووریی زۆر نالەباردا دەژین و زۆرینەی خەڵک بەدەست هەژاری و بێکارییەوە دەناڵێنن، کە ڕەنگە سەرەکیترین هۆکاری پێبەندنەبوونی خەڵک بە مەبەستی وەدەستهێنانی بژێویی ژیان و دابینکردنی قووتی ڕۆژانەی ماڵ و منداڵیان بێت.

هەروەها هۆکارێکی تر کە دەتوانم ئاماژەی پێ بکەم، هۆکاری کۆمەڵایەتی و کولتوورییە کە خەڵکی کوردستان پێوەندیی کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەیە و  لە زەماوەند و پرسە و بۆنەکاندا زۆرتر سەردانی یەکتر دەکەن کە دەبێتە هۆی  قەرەباڵغی و بەریەککەوتن و گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

- بە ڕای ئێوە ئەم قەیرانە تا کەی درێژەی دەبێت و چ پێشبینییەک بۆ داهاتوو دەکەن؟

بە بۆچوونی من، ئەم قەیرانە بەم زووانە کۆتایی نایەت و هەتاکوو خەڵک بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە پێبەند نەبن دەبێ بڵێم بەداخەوە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کۆرۆنا زیاتر تەشەنە دەستێنێت، بەڵام ئەگەر خەڵک پێبەند بن، دەتوانین کۆرۆنا کۆنترۆڵ بکەین.

- وەک کادرێکی دەرمانی داواکاریتان لە خەڵکی ڕۆژهەڵات چییە؟

وەکوو کادرێکی دەرمان و خزمەتکارێکی  خەڵکی کوردستان، داوایان لێ دەکەم کە زیاتر بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە پێبەند بن و تا پێیان دەکرێت خۆیان لە شوێنی قەرەباڵغ و شوێنە گشتییەکان بە دوور بگرن و بەشداری ڕێوڕەسمی پرسە و زەماوەند و سەردانیکردنی نەخۆش و... نەکەن. هەروەها ئەو کەسانەی کە دەتوانن لە ماڵ بمێننەوە بۆ کاری پێویست و زەروور نەبێت نەچنە دەرەوە! تکایەکی تر کە لە هاونیشتمانییان دەکەم ئەوەیە تا پێیان دەکرێت لە دەرەوە دەمامک (ماسک) بەکار بێنن کە تا ڕادەیەکی زۆر پێش بە نەخۆشیی کۆرۆنا دەگرێت.

لە کۆتاییدا دەبێ بزانن کۆرۆنا تا ئێستە هیچ دەرمان و چارەسەرێکی نییە و تەنیا و تەنیا "خۆپارێزی" ڕێگریی لێ دەکات!

بە هیوای تەندروستییەکی باش بۆ گشت لایەک.