کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: لە شارەکانی بێرلین و هامبۆرگ خۆپێشاندان بەڕێوە چوو

13:02 - 29 جۆزەردان 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان لەگەڵ دەستپێکی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شارەوانییەکان لەلایەن ڕێژێمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامییەوە، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و ئێرانیش لە دەرەوەی وڵات بە پێکهێنانی خۆپیشاندانی بەرین، پشتیوانیی خۆیان بۆ بایکۆتی تێکڕای شانۆی هەڵبژاردنەکان دەربڕی.

لە شاری بێرلین پێتەختی وڵاتی "ئاڵمان" خۆپێشاندانێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی بێرلین و کانوونی پەنابەرانی ئێرانی لە بێرلین بەڕێوە چوو و دژی سیاسەتی دژە مرۆیی و سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕەزایەتیان دەربڕی.

لە درێژەی خۆپێشاندانەکاندا، هەمان ڕۆژ لە بەردەم کۆنسوولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هامبۆرگ، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنیی ئێران و ناوەندی خەباتکارانی ڕێگای ئازادیی ئێران "تلاشگران راه آزادی ایران" خۆپێشاندانێکی بەرینی سەدان کەسیان ڕێکخست.

لەو خۆپیشاندانەدا  بە وتنەوەی سرودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و چەندین سروودی تر بە زمانەکانی فارسی و کوردی و خوێندنەوەی وتار و بەیاننامە پشتیوانیان لە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لەلایەن گەلی کورد و باقی گەلانی ئێرانەوە کرد و کردەوە تێکدەرانە و تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و داوای ڕووخان و لەنێوچوونی ئەو ڕێژێمە تۆتالیتارەیان کرد.

لەو خۆپێشاندانەدا شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی ئورووپا لە وتارێکدا بۆ بەشداربووان قسەی کرد و وێڕای ئاوڕدانەوە لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و ئێران، بە وردی باسێکی لە چۆنیەتی بەڕێوە چوونی شانۆی هەڵبژاردن لەلایەن رێژیمەوە کرد و باسی ئەوەی کرد کە بۆ رێژیمێکی تیرۆریست و دیکتاتۆڕی وەك کۆماری ئیسلامی، جگە لەوەی هەڵبژاردن بە شێوازێکی دێموکراتیک بەڕێوە ناچێ و ئاکامی هەڵبژاردنەکان و دەنگی بەشدارانی بە لاوە گرینگ نییە و ڕێزیان لێ ناگرێ، هاوکات بە ویستی خۆی ناوی کەسێکی گوێ لەمست لە سندوقەکان دێنێتە دەر و سیاسەتە دژە ئینسانییەکانی خۆی پێ جێبەجێ دەکات.

وێڕای بایکۆتی سەرتاسەریی شانۆی هەڵبژاردنەکان لەنێو خۆی وڵات، لە دەرەوەی وڵاتیش ناوەندەکانی دەنگدان چۆل بوون.

لە شاری هامبۆرگ کە ڕێژەی ئێرانیانی دانیشتووی ئەو شارە پتر لە ٤٠ هەزار کەسە، بە درێژایی ڕۆژ کەمتر لە سەد کەس چوونەتە سەر سندوقی دەنگدان کە زۆربەیان مۆرە و کەسانی سەر بە ڕێژێم بوون.