کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: کۆمیتەکانی سەر بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد

11:38 - 15 خاکەلێوه 2722

ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوە، بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد خۆپیشاندانێکی بەرین لەلایەن کۆمیتەکانی سەر بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان لە شاری "کۆڵن" بەڕێوە چوو.

دەستپێکی کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی ئاڵمانی لەلایەن "لەعلا کەیخوسرەوی" خوێندرایەوە.

لە بەشێک لەو پەیەمەدا هاتبوو: "ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی کردەوە دژی مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین پاڵپشتی بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی لە ئێران و بەتایبەت خەباتی ڕەوای گەلی کورد بکەن و ڕێزگرتن لە پڕەنسیپەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ بکەنە مەرجی سەرەکی بۆ پەیوەندییە سیاسی و بازرگانیەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا و هەروەها گوشار بخەنە سەر ڕێژیم بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی گرتن، کوشتن، ئەشکەنجە، ئێعدام و سزای قورس و بێبەری لە هەر چەشنە بنەمایەکی یاسایی و ئینسانی دژی زیندانییانی سیاسی، ژینگەپارێزان، ژنان، مامۆستایان و چالاکانی مەدەنی و جیابیران و بۆ ئازادکردنیان گوشار بۆ ڕێژێم بێنن".

دواتر پەیامی ڕێکخراوی "کوردیشە گێمایندە" کە ڕێکخراوێکی ئاڵمانی ـ کوردییە، لەلایەن "جیهات بەشیر" بۆ پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و زیندانییانی کۆڵنەدەری سیاسی و مەدەنی پێشکەش کرا.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا پەیامی ناوەندی هاوکاری بە زمانەکانی کوردی و فارسی لەلایەن "موختار ئەحمەدی و ئەمیر جەعفەری" خوێندرانەوە و دواتر پەیامی ڕێکخراوی "یەکیەتی و هاوکاری" بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران لەلایەن "محەممەد میسری" خوێندرایەوە.

‎هەروەها پەیامی  ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی  ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە "٧٥ـەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدرانی پێشەوا و هاوڕێیانی لەلایەن "سوڵتان دێمە" خوێندرایەوە.

‎لەو کۆبوونەوەیدا هونەرمەندان "ڕافا و مەناف مەجیدی" بە سروودی شۆڕشگێڕی لە بەرگە جیاجیاکانی خۆپیشاندانەکە بەشداریان کرد.