کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بابا عەلی مێهرپەروەر: حیزبەکان دەبێ لە گۆڕانکارییەکانی دواڕۆژدا دەور بگێڕن و ببن بە بەشێک لە گۆڕانکارییەکان

17:10 - 16 بەفرانبار 2720

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک لە درێژەی زنجیرە کۆبوونەوە و سمینارەکان بە مەبەستی بردنە سەرەوەی ئاستی زانیاری و وشیاریی سیاسیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لەم وڵاتە، وێبینارێکی تایبەتی بۆ کەسایەتیی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکرات ''بابا عەلی مێهرپەروەر'' پێک هێنا.

وێبینارەکە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب'' دەستی پێکرد و دواتر بەڕێوەبەری بەرنامە یەک خوڵەک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیاند.

سەرەتا ''ئیبراهیم خودامورادی'' بەڕێوەبەری وێبینارەکە بە ناوی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک، بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد، بەتایبەتی سپاسی ''بابا عەلی مێهرپەروەر''ی کرد بۆ بەشداریکردنی بەڕێزیان لەم وێبینارە تایبەتدا.

مژاری باسی ''باباعەلی مێهرپەروەر'' چارەنووسی کورد لە داهاتووی سیاسیی ئێران، مێکانیزم و ستراتیژییەکانی کورد لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی سیاسیی ئێران بە دوای ڕووخان و نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.

''مێهرپەروەر'' بەوردی تیشکی خستە سەر چەندین ڕەهەندی جیاواز و گرینگی ئەم باسە و مێکانیزم و ستراتیژییەکانی پێویستی شرۆڤە کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد: "هەر ڕێکخراوێک پێویستە بەپێی ڕووداو و ئاڵوگۆڕ و بابەتەکانی گشتی و ڕۆژ بۆ هەموو مژارەکان و ستراتیژیی خۆی پلانی هەبێت و ئەرکە لەسەری کە خەڵک لە ستراتیژیکەکانی خۆی ئاگادار بکات و بە ڕای گشتیی بگەیەنێت. لەو نێوەدا ڕێکخراوی سیاسی پێویستە ڕۆڵی کاریگەر و مێحوەریی هەبێت بۆ گۆڕانکارییەکان".

تێکۆشەری سیاسیی کورد لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا باسی لەو فاکتەر و گۆڕانکارییانە کرد کە لە کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێک هاتوون و ئاماژەی بەو خاڵە گرینگانە کرد کە حیزبە کوردییەکان دەبێ لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا لەبەرچاوی بگرن.

 ناوبراو تەکەزی کرد: "حیزبەکان دەبێ لە گۆڕانکارییەکانی دواڕۆژدا دەور بگێڕن و ببن بە بەشێک لە گۆڕانکارییەکان و هەوڵ نەدەن کە لە دوورەوە سەیری بارودۆخەکە بکەن و هەوڵ بدەن مافەکانی گەلی کورد لە دواڕۆژدا بسەپێنن نەک هەر تەنیا داوای بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ حیزب هەوڵ بدات لەنێو خەڵکدا ئاستی خواست و وشیاریی خەڵک بباتە سەرەوە و گۆڕەپانی نێوخۆ بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات ئامادە بکات".

''بابا عەلی مێهرپەروەر'' هەروەها ئەو ئاستەنگ و کۆسپانەشی خستە ڕوو کە لە داهاتوودا دەبنە کۆسپ و تەگەرە لەهەمبەر وەدیهاتنی مافەکانی گەلی کرد، هەروەها یەکڕیزیی بەپەلە و یەکدەنگی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی لەم بوارەدا بە پرسێکی گرینگ و چارەنووسساز دەستنیشان کرد.

لە بەشێکی دیکەدا ''مێهرپەروەر'' بەوردی ئەو هەڵاواردنانەی دەستنیشان کرد کە ڕێژیمەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران بە دژی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بەڕێوەیان بردووە و دەبەن و درێژەدانی ئەم هەڵاواردنە سیستماتیکانە و زێهنییەتە شۆڤینیستییانە گەییشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار کە پێکەوە ژیانی گەلانی خستووتە مەترسییەوە.

''مێهرپەرەوەر'' نەبوونی کولتوورێکی دێموکراتیک و زێهنییەتی خۆسەپێنەر و ڕەگەزپەرستانەی ئەو وڵاتانەی کە نەتەوەی کورد تێیدا دابەش کراوە، وەکوو هۆکاری ئەم دۆخەی زانی. ناوبراو لەم بوارەدا  وتی: "ئەگەر کورد لەگەڵ نەتەوەی سەردەست لە ئێراندا بە یەکسانی و دێموکراتییانە ژیابا، ڕەنگە قەت بیری لە جیابوونەوە لەم وڵاتە نەکردبا".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا، ئاوڕی لە بارودۆخی سیاسیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دایەوە و باسی لەو ئەگەر و دەرفەتانە کرد کە دەتوانن ببنە لێگەڕ و پرس بۆ چارەنووسی کورد لە داهاتووی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و ئێراندا. بەوردی تیشکی خستە سەر دەستێوەردانەکان و هەوڵ و سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە بەرامبەریشدا، هەنگاوەکانی ئیسرائیل بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانەتی لەگەڵ چەندین وڵاتی درواسێی ئێران بۆ لاوازکردن و پێشگیریکردن لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە ناوچەدا.

وێبینارەکە بە پرسیاری بەشداران و وەڵامدانەوەیان لەلایەن ''باباعەلی مێهرپەروەر''ەوە کۆتایی پێهات.