کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی لاوانی کورد درێژەی هەیە

12:51 - 8 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بنکە و ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی جۆراوجۆر هاووڵاتییان بەتایبەت لاوان بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لێ دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە شاری مەھاباد، ژمارەیەک لە لاوانی ئەو شارەی بە بیانووی جۆراوجۆر لە ڕێگای چەند كەسی بەكرێگیراو بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کردووە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئەو لاوانە بەپیریی بانگەوازی حیزبە كوردییەكانەوە چوونه، بانگهێشت کراون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ڕێژیمی ئێران هاووڵاتییان و بەتایبەت لاوانی ئەو شارەی بە بیانووی چوون بۆ شاخی تەرەغە و بەشداریكردن لە جێژنی نەورۆز بانگهێشت کردووە. هاوکات ئەو لاوانەی کە بانگهێشت کراون پاش بێڕێزییەكی زۆر و وەرگرتنی وادە و زەمانەتی چەند میلیۆن تمەنی ئازاد كراون.

لە دوای بەڕێووەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە تەرەغەی بۆکان، ڕێژیم بە جیددی هەڕەشەی لە خەڵک کرد و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە فەرمی ڕایگەیاند بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمە دەسبەسەر دەکات.