کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایانی كوردپوور بۆ زیندانی شاری مەهاباد راگوێزران

14:44 - 10 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی نزیك بە ٤مانگ لەدەسبەسەركرانی مەسعوود و خوسرەو كوردپوور، ئەو دوو برایە لەگرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ‌وە بۆ گرتووخانەی ناوەندی شاری مەهاباد راگوێزران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٥ی پووشپەڕ برایانی كوردپوور دوای ١١١رۆژ دەسبەسەركران، بۆ گرتووخانەی شاری مەهاباد راگوێزراون و رێكەوتی ٦ی پووشپەڕیش لەلایەن لقی دووی دادسەرای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بێ‌بوونی پارێزەر، دادگای كراون.
خوسرەو كورد پوور بە كەماڵ حوسێنی هاوكاری پێشووی ئاژانسی موكریانی راگەیاندووە، ئێمە لەحوزووری بازپرسی دۆسیەكەمان، ناڕەزایەتیمان بە ماوەی دەسبەسەری و روون نەبوونی چارەنووسمان دەربڕیوە و بەرگریمان لەسەرجەم چالاكییە رۆژنامەوانییەكانی خۆمان كردووە.
دادگای شاری مەهاباد تۆمەتی پڕوپاگەندە بە دژی نیزام لەرێگای دانی زانیاری بە رۆژنامە و سایتەكانی، داوەتە پاڵ ئەو دوو رۆژنامە نووسە دەسبەسەركراوە.

بڕیارە رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ١١‌ی پووشپەڕ پارێزەرانی برایانی كوردپوور بەڕێزان عەباس جەماڵی و عوسمان موزەیەن بەمەبەستی داخوازی ئازاد كردنی برایانی كورد بە دانانی وەسیقە، سەردانی دادگای ئینقلاب لەشاری مەهاباد بكەن.
هەر لەو پێوەندییە رێكەوتی ٩ی پووشپەڕ دوو كەس لەبنەماڵەی كوردپوورەكان توانیویانە لە گرتووخانەی مەهاباد چاویان بە مەسعوود و خوسرەو بكەوێ‌.
برایانی كوردپوور رێكەوتی ١٧و ١٩ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لەشاری مەهاباد دەسبەسەر كران و دوای سێ حەفتە راگرتنیان لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا رێكەوتی ٨ی خاكەلێوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە ورمێ راگوێزران.