کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی كوردپوورەكان خوازیاری بەدواداچوونی نوێنەرانی مەجلیس بە دۆسیەی خوسرەو و مەسعوود بوون

22:39 - 15 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: یەكێك لەبنەماڵەی كوردپوورەكان رایگەیاندووە، لەو كاتەوەی كە مەسعوود و خوسرەو كوردپوور دەسبەسەر كراون نوێنەرانی مەجلیس هیچ هەوڵێكیان بۆ ئازاد كردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە ئەنجام نەداوە.


رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بڵاوی كردەوە، یەكێك لەبنەماڵەی كوردپوورەكان رایگەیاندووە، نوێنەرانی كوردی مەجلیس زۆر بە باشی براكانی ئێمە دەناسن و لەچالاكییەكانیان ئاگادارن و هەوڵی ئەوان خزمەت بە هاووڵاتیان بووە.
ئەو ئەندامەی بنەماڵەی كوردپوورەكان وتوویەتی: ئەگەر نوێنەرانی كورد هەتا ئەمڕۆكە بێدەنگ بوونە و هیچ كارێكیان نەكردووە، پێویستە لەمەوبەدوا دەنگی خۆیان هەڵببڕن و بە دواداچوون بە دۆسیەی برایانی كوردپووردا بكەن.
رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٥ی پووشپەڕ برایانی كوردپوور دوای ١١١رۆژ دەسبەسەركران لەگرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ‌، بۆ گرتووخانەی شاری مەهاباد راگوێزران و رێكەوتی ٦ی پووشپەڕیش لەلایەن لقی دووی دادسەرای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بێ‌بوونی پارێزەر، دادگای كراون.

بەپێی دوایین زانیارییەكان دادگای شاری مەهاباد تۆمەتی پڕوپاگەندە بە دژی نیزام لەرێگای دانی زانیاری بە رۆژنامە و سایتەكانی، داوەتە پاڵ ئەو دوو رۆژنامە نووسە دەسبەسەركراوە.