کوردستان میدیا: كۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی كورد و ئێرانیی نیشتەجێی وڵاتی بولغارستان، لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە شاری "سۆفیا"، كۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ڕۆژی هەینی، ١ی سەرماوەز، كۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی كورد و ئێرانیی نیشتەجێی وڵاتی بولغارستان، بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە خۆپیشاندانەكانی خەڵكی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران و شەرمەزاركردنی سەركوت و كوشتاری خەڵكی وەزاڵەهاتووی ئێران، لە بەردەم سەفارەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری "سۆفیا" كۆ بوونەوە.
كۆبوونەوەكە بە دانی دروشمگەلی دژی ڕێژیم و داخوازیی ئازادی بۆ زیندانییانی سیاسی و هەبوونی ئازادی بۆ گەلانی ئێران لە چوارچێوەی ئێرانێكی دێموكراتیک و فێدێراڵدا، بەڕێوە چوو.
ڕێکخەری ئەو کۆبوونەوەیە، نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەو وڵاتەدا بوو.