کەریم پەرویزی
فه‌رمانیان ده‌ركردووه كه كه‌سێك بكوژن و خوێنی به‌سه‌ر خاكدا بڕێژن. ئه‌م فه‌رمانه، نه تازه‌یه و نه تاقانه، به‌ڵكوو فه‌رمانێكی به‌رده‌وامه كه رۆژانه و مانگانه و ساڵانه دووپاته و سهدپاته و ههزارانپاته بۆته‌وه. له‌وه‌ته‌ی له تاران كۆلۆنیاڵیزم ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرتووه و نه‌ته‌وه‌كانی نێو جوغرافیای به‌ڵالێدراوی ئێرانی پێ، دۆڕاوانی شه‌ڕه كه ده‌بێ میوانداریی شامی خوێن و تاڵانیان به‌سه‌ردا به‌ڕێوه ببا، تاران بۆته حوكمی سێداره و گولله‌باران و كوردستان بۆته قۆچی قوربانیی ساتوسه‌ودا و سووروساتی داگیركه‌ران.
قوربانیكردن بۆ تێراوكردنی خوێنمژیی حاكمانی ده‌سه‌ڵاتداره كه تینوویه‌تییان ته‌نیا و ته‌نیا به خوێن ده‌شكێ. سه‌رانی كۆلۆنیالیستی تاران، چ به عه‌مامه‌وه و چ به تاجه‌وه، چ به پۆتین وچ به كراواتهوه؛ كاتێك چاو له كوردستان ده‌كه‌ن، ته‌نیا و ته‌نیا وه‌كوو دو‌ژمنێك ده‌یبینن كه هه‌ركات لێی بێخه‌م بن و گوێی نه‌ده‌نێ، هرووژمیان بۆ ده‌هێنێ و كۆشكی پووشاڵییان ده‌سووتێنێ. له به‌ر ئه‌م ترسه قووڵه‌یه كه به‌رده‌وام سه‌ركوت و تیغی غه‌در به سه‌ر كوردستانه‌وه راده‌گرن و هه‌ركاتیش پێویستیان به چاوترسێنكردنی خه‌ڵكی دیكه له ئێران هه‌بێ ، دووباره ده‌ست ده‌به‌ن و له نێو كوردستاندا به رێكه‌وت كه‌سێك هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌یكه‌نه قوربانی تاكوو ترسی خوێنبینی چاوی ناوه‌ندنشینان كز بكا و نه‌وێرن دژی رێژیم خه‌بات بكه‌ن.
ئه‌م كرده‌وه و ئه‌م جۆره روانینه بۆ كوردستان و كورد، له تاران زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه به‌رده‌وامه و كۆماری ویلایه‌تی فه‌قیهی زۆر توندتر و دڕندانه‌تر له پێشینه‌كانی به‌ڕێوه‌ی ده‌با.
كاتێك كه كه‌سێك وه‌كوو حه‌یده‌ری قوربانی، له نێو كورددا ده‌گرن و تۆمه‌تێكی لێ ده‌ده‌ن، ئیدی بۆیان گرنگ نییه كه ئایا تۆمه‌ته‌كان راستن یان نا و ته‌نانه‌ت گه‌ر كارێكیشی كردبێ ئایا هه‌ر به پێی یاسا دژهمرۆییهكانی خۆیان، سزاكه‌ی به قه‌ده‌ر كاره‌كه‌یه‌تی یان نا. لای ئه‌وان حه‌یده‌ر گرنگ نییه، به‌ڵكوو قوربانی بوونه‌كه گرنگه. ئه‌وان حه‌یده‌ریان ته‌نیا و ته‌نیا بۆ قوربانی ده‌وێ تاكوو هه‌م چه‌ند مشه‌خۆری خۆیان له كوردستان پێ رازی بكه‌ن و هه‌م تینوویه‌تییان به خوێن بشكێنن و خه‌ڵكی دیكه‌ش به بینینی خوێنه‌كه چاوترسێن بكه‌ن.
ره‌نگه چه‌ند هاوپیاڵهیهكی وه‌لیی فه‌قیه كه له‌كاتی پێك لێدان به خوێنی قوربانیاندا له خوارووی سفرهكانیانهوه دانیشتوون، پاساوی ئه‌وه بۆ رێژیمێكی داگیركه‌ری وه‌كوو كۆماری ئیسلامی بێننه‌وه و بڵێن كه چوونكه كورد دیفاعی له خۆی كردووه، بۆیه رێژیمیش ئاساییه خوێنیان بڕێژێ، به‌ڵام هه‌موو هزرێكی ئازاد و ئیراده‌یه‌كی كۆڵنه‌ده‌ر ده‌زانێ كه حهیدهرهكان ته‌نیا و ته‌نیا به تاوانی كوردبوون ده‌كرێن به قوربانی.