کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتگیری لە خەڵکی ئەحواز و شارەکانی دیکەی ئێران خۆپیشاندانێک لە ڕۆژئاوای ئوسترالیا بەڕێوە چوو

18:18 - 8 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی گەلاوێژ، ڕێپێوانێک بۆ پشتگیری لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئەحواز و شارەکانی دیکەی ئێران، لە شاری ''پێرت'' لە ڕۆژئاوای ئوسترالیا بەڕێوە چوو کە کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی کوردی ڕۆژئاوای ئوسترالیا تێیدا بەشدار بوون.

لەو خۆپیشاندانەدا ''نەسرەدین سیلوانا''، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زمانی فارسی لەسەر هۆکارەکانی ئەم سەرهەڵدانانە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران بەگشتی و نەتەوە بندەستەکان بەتایبەتی و هەروەها کوشتنی کۆڵبەرانی کوردستان بۆ بەشداربووان قسەی کرد.

دواتر خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم بەرەو پارلمانی ڕۆژئاوای ئوسترالیا بەڕێ کەوتن.

لەو خۆپیشانەدانەدا ''براد پێتیت'' ئەندامی پارلمان لە لیستی حیزبی سەوز (گرین پارتی)، بەشدار بوو کە پاش خوێندنەوەی نامەی داخوازیی خۆپیشاندەران لەلایەن ''نەسرەدین سیلوانا'' بۆ ئەوەیکە بخرێتە بەردەم پارلمانی ئوسترالیا، پێشکەش بە ناوبراو کرا.