کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی هۆلەند، بەمەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد کە نوێنەرانی هەموو حیزبە کوردستانییەکان لەم خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون .
ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز، لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە لایەن کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی هۆلەند و کوردەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە، بەمەبەستی پشتیوانیی لە ئازادیخوازانی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو.
خۆپێشاندانەکە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەرۆ لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی کورد وکوردستان بەتایبەتی شەهیدانی ئەم دواییانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد.
لەم خۆپیشاندانەدا، پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ''حەسەن مەجیدی'' بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هۆلەند خوێندرایەوە.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای ئیدانەکردنی کردەوەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر ئازادیخوازانی دژ بەو ڕێژیمە، بۆ جارێکی تر پشتیوانیی ئەم ناوەندەی بۆ خۆپێشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دووپات کردەوە و هەروەها سەرەخۆشیی ئەم ناوەندەی بە بنەماڵەی شەهیدان ڕاگەیاند وهیوای تەندروستی بۆ برینداران بە ئاوات خواست.
دواتر، پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە لایەن ''عەلی هرۆری'' خوێندرایەوە .