کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە ئەحواز خۆپیشاندانێک لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو

11:49 - 7 گەلاوێژ 2721

بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵات و بەتایبەتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ستەملێکراوی "ئەحواز" و شارەکانی دەورووبەری لە چەند شاری "ئاڵمان" خۆپیشاندان بەڕێوە چووە.

ڕۆژی شەممە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "ئاڵمان" لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی عەرەبی "ئەحواز" بە ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە بەردەم بینای شارەوانیی ئەو شارە"Rathaus" پشتیوانییان لە خۆپیشاندانەکانی شار و پارێزگاکانی ئێران و بەتایبەتیش لە مافی ڕەوای عەرەبەکانی "ئەحواز" و دەورووبەری کرد.

لەو خۆپیشاندانەکەدا "ناسیح موهاجر" ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی "هامبورگ" پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی لە ئاڵمان خوێندەوە.

"موهاجر" لە قسەکاندا وێڕای ئاماژەدان بە زوڵم و زۆرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ستەم لە نەتەوەکانی ئێران، جەختی لە پشتیوانی خۆپیشاندانەکان کردەوە و داوای یەکگرتوویی و پێکەوە هاوکاریی نەتەوەکانی ژێرستەمی ئێران کرد.

هەمان ڕۆژ لە شاری "فرانکفۆرت" لە ئاڵمان لەسەر داوای چالاکانی سیاسیی عەرەبی "ئەحواز" خۆپیشاندانێک بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوە چووە و ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەشداریان تێدا کرد.

نزێک بە دوو حەوتوویە خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی پارێزگای خوزستان بەردەوامە و ئەو خۆپیشاندانانە بەرەو شارەکانی دیکە وەک "تاران، تەورێز و کرماشان" و دەیان شاری دیکە تەشەنەی سەندووە و ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە دڕندانەترین شێوە هەوڵی دامرکاندنەوە و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی دەدات.

ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی "ئەحواز"ی  کرد و کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بە ڕێکخستنی خۆپیشاندان و سێمیناری تایبەت بۆ چالاکان و شارەزایانی سیاسیی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەپیر ئەو بانگەوازەوە هاتن.