ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ، بۆ ٣١ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو، کاک "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" و دوکتور "فازڵ ڕەسووڵ"، لە فەرانسە ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.
سەرەڕای سنووردارکردنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکان لەلایەن دەوڵەتی فەرانسە بەهۆی بڵاوبوونەوە و گشتگیریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی شەهیدانی ڤییەن بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە پاریس بە هاوکاری و ئامادەکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە و دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمی ئەمساڵ بە بەشداریی نوێنەری حیزب و لایەنەکانی کورد و ئێرانی و هەروەها کەسایەتیی گەلی کورد و فەرانسەیی کە دانیشتووی فەرانسە بوون، بەڕێوە چوو.
جیاوازیی ڕێوڕەسمی ئەمساڵ ئەوە بوو کە لە جیاتیی پەیامەکان تەنیا دەنگی قسە بەنرخەکانی شەهید دوکتور قاسملوو لەسەر گۆڕی ئەم شەهیدانە بڵاو کرایەوە.
دواتر سەردانی مەزاری شەهیدانی میکۆنوس، شەهید دوکتور شەرەفکەندی، کاک "فەتاح عەبدولی" و کاک "هۆمایوون ئەردەڵانـ"ـیش کرا و بەم شێوەیە کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە هات.
لە یادی شەهیدانی ڤییەندا هەم پەیمان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کرایەوە و هەمیش ئەو ڕاستییە تاڵ و حاشاهەڵنەگرە پێداگریی لەسەر کرا کە هێشتا پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە، عەداڵەت سەبارەت بە کەیسی شەهیدانی ڤییەن نەهاتووەتە دی و داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دەکرێت کە بکەرانی ئەو تێرۆرە ئاشکرا بکرێن.
نوێنەری حیزبەکانی کوردستانی باکوور، ڕۆژئاوا، باشوور و هەروەها حیزب و لایەنەکانی دژبەری ئێران و سەرۆکی ئەنستیتۆی کورد و دوکتور "فرێدریک تێسۆ" بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.