کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ساڵیادی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو

10:57 - 5 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ساڵیادی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بە بەشداریی شاندی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان، ڕێوەڕەسمێک بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە، ۳ی ڕەزبەر، لە شاری "بوخوومـ"ی وڵاتی ئاڵمان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە لایەن کۆمەڵەی ئاڵمانی- کوردی و کۆمەڵەی میدیا، بە مەبەستی یادکردنەوەی ڕێفراندۆمی کوردستانی باشوور بۆ سەربەخۆیی، بەڕێوەچوو.

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، بە سەرپەرستیی ''حیسام ئەحمەدی''، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتە، لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداریی کرد و بەو بۆنەوە پەیامی کۆمیتەی حیزب ڕادەستی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵکی کوردستانی باشوور بۆ سەربەخۆیی، ڕێفراندۆمی بەڕێوەبرد و نزیک بە ۹۳ لەسەدی خەڵکی کوردستان دەنگی "بەڵێـ"ـیان دا.

بەم بۆنەوە، خەڵکی ئازادیخواز لە بەشەکانی تری کوردستان و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە ڕژانە سەرشەقام و وتنەوەی دروشم و سروودی شۆڕشگێڕی، پشتیوانیی خۆیان بۆ بڕیاری ڕەوای خوشک و براکانیان لە کوردستانی باشوور دەربڕی.

ئەو خرۆشانە، خرۆشانێک بوو کە نازناوی "زماوەندی ئاڵا"ی لێنرا، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە ناوەندە ئەمنییەتی و تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە هەڕەشە و گرتنی لاوان هەوڵیان دا پێش بە خرۆشانی ڕۆژهەڵات بگرن، بەڵام بەهۆی یەکگرتوویی ڕیزەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بوونەوە.