کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە لەگۆڕنانی پڕۆژەی ناوکیی ڕێژیم، بەرەبەرە گەمارۆ ناوکییەکانیش هەڵدەگیرێن

20:26 - 27 بەفرانبار 2715

کورستان میدیا: پاش لەنێوبردنی دامەزراوە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەرەبەرە گەمارۆ ناوکییە نێونەتەوەییەکانیش لە سەر ئێران لا دەبرێن. بەڵام وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، باسی لە ئەگەری لەدەستدانی هەلەکانی پاش بەرجام کردووە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە؛ ڕێژیمی ئێران بە سەرکەوتووییەوە دامەزراوەکانی ئاوی قورسی ئەراکی بتۆنڕێژیی کرد و ١١ تۆن ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی ڕادەستی ڕووسیە کرد و نزیک بە ١٣ هەزار سانتریفیوژی خۆی لەنێو بردووە.

دوابەدوای ئەم مەسەلە و بە دەسپێکی ڕەوتی نەهێشتنی گەمارۆ پێوەندیدارەکان، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، هەواڵی دابەزینی دوبارەی نرخی نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بڵاو کردەوە.

هەواڵدەریی حکومەتیی مێهریش بڵاوی کردەوە؛ بە زیادکردنی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی بەرهەمی نەوت و هەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە پاش قۆنا‌غی گەمارۆکان، پێشبینی دەکرێ نرخی هەر بەرمیل نەوتی خاوی سووک و بەتایبەت نەوتی قورسی هەناردەکراوی ئێران، نرخی نەوت بۆ خوار ٢٠ دۆلاریش دابەزێت.

لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، بە ڕۆژنامەی وقایع اتفاقیەی گوتووە؛ شەڕە نێوخۆییەکان دەرەتان و هەلەکانی پاش بەرجام دەکەن بە هەڕەشە.

ناوبراو لەم وتووێژەدا گوتوویەتی؛ پاش بەرجام، جەوێکی وای خوڵقاندووە کە بتوانین کەڵکی لێ‏وەربگرین. ئەگەر ئێمە کەڵک لەم دۆخە وەرنەگرین، ڕوون نییە دواتر چ شتێک ڕوو دەدات.