کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ١٦ و ٢٦ی سەرماوەز وێبینارێک لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

11:48 - 22 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز "ڕۆژی کەمئەندامانی نێو سەنگەر" و ٢٦ی سەرماوەز" ڕۆژی "پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان" وێبینارێک لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی دەرەوەی وڵات بۆ ژمارەیەک لە کەمئەندامان و تێکۆشەرانی دێرین و ڕۆژانی سەختی خەبات لە کۆمیتەی ئاڵمان پێک هات.

لە سەرەتای وێبینارەکەدا "شەهریار نەقشبەندی" بەناوی ڕێکخستنی گشتیی دەرەوەی وڵاتەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و دواتر "ڕەشید ڕەحمانی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بە ناوی کۆمیتەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

"ڕەحمانی" لە وتەکانیدا وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مانگی سەرماوەز و ڕۆژە مێژووییەکانی وەک "١٦، ١٧ و ٢٦ی سەرماوەز" کە هەرکام لەو ڕۆژانە وەک ڕۆژی کەمئەندامان، تێرۆری دەروازەی کۆیە کە لەودا ژمارەیەک لە کادر و پێشمەرگەی حیزب بە دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران و هەروەها ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان ناودێر کراون،  بە ڕێزەوە پێگەی بەرزی کەمئەندامانی نێو سەنگەر و پێشمەرگە قارەمانەکانی گەلی کورد و بەتایبەت هێزی پێشمەرگە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەرز نرخاند.

ناوبراو لەوبارەوە وتی: "هیچ گومانی تێدا نییە کە کەمئەندامانی شۆڕش و بەرخۆدان و شەڕە پڕ لە حەماسەکانی دژی داگیرکەران، بەڵگەی سەلمێنەر و حاشاهەڵنەگری کوڵنەدان و خۆڕاگریی نەتەوە بەشخوراو و زوڵم لێکراوەکەمانن. سیمبولی پاڵەوانەتی و گیانبازین و هێمای هەرمان و پاراستنی شوناسی نەتەوەخوازیی ئێمەن. لە کۆبوونەوەی ئەمشەویشدا ژمارەیەک لەو ئینسانە فیداکارانە حوزووریان هەیە کە جێگای شانازیمانن و ئەوە لەخۆبردوویی و فیداکاری و گیان لەسەردەستیی ئەوان و هەزارانی وەک ئەوانن کە لە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیدا، گەلی کوردیان لەسەر پێ هێشتووەتەوە و وەک نەتەوەیەکی خۆڕاگر و قارەمان و کۆڵنەدەریش بە جیهانیان ناساندوون".

پاشان هەرکام لە تێکۆشەرانی ڕۆژانی سەختی خەبات و تێکۆشان، هاوڕێیان: "حاجی جوندی، خەلیل ئێسپەندار، شاهۆ عەلەوی و نادر ئەڵڵایاری" لە چەند بڕگەی جیاوازدا، ژیان و بەسەرهاتی خۆیان لەکاتی خەبات لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئاستی بەرزی پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە حیزبی دێموکرات، سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات بە شێوەی فرەڕەهەند گێڕایەوە و لە قسەکانیاندا ورەی بەرزی پێشمەرگە و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و ئەو ئامانجانەی خەباتیان بۆ کرد و لەپێناویدا قوربانییان دا، خستە ڕوو.

لە بەشی کۆتایی وێبینارەکەدا، "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی گشتیی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵات، بۆ بەشدارانی وێبینارەکە قسەی کرد.

"عەبداڵی" لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: "لە ١٦ی سەرماوەزدا مامۆستای زۆر هێژا و بەڕێزمان لەلایەن کۆماری سێدارەوە پلانی تێرۆری بۆ داڕێژرا و لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا زیاتر لە نیوەی جەستەی خۆی بەختی ئازادی کرد و حیزبی دێموکرات ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب ناوزەد کرد. بەو بۆنەوە و بە ڕێزەوە یادی سەرجەم کەمئەندامانی تێکۆشەرمان دەکەینەوە. کەمئەندامانی ئێمە سەرمایەی حیزب و نەتەوەی کوردن. هاوکات پێشمەرگەی نیشتمانن و کاتێک باس لە ڕۆژی پێشمەرگە دەکەین، دەبینین کە کەمئەندامان ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بوون کە لە ڕێگای نەتەوەی خۆیان و خەباتەکەیان بەشێک لە جەستەی خۆیان پێشکەش کردووە. ئێمە هیوادارین لەو ڕابردووە پڕشنگدارە و لەو هەموو ئەزموونەی لە ڕەوتی خەبات بەدەستیان هێناوە، بتوانین بۆ ئێستا و داهاتوو کەڵکیان لێوەرگرین. هەروەها هەرچەند کە بەهۆی کۆرۆناوە نەمانتوانی بەو جۆرەی کە پێویستە، یادی ڕۆژی پێشمەرگە بکەینەوە، بەو حاڵەشەوە هیچ بەربەستێک ناتوانێت ئەو ڕۆژە پیرۆزە لە زەین و ناخی ئێمە و گەلی کورد بسڕێتەوە، چونکە پێشمەرگە زامنی داهاتوویەکی ڕوونە بۆ نەتەوەکەمان. ئەو ڕۆژە پیرۆزە، واتە جێژنی ٢٦ی سەرماوەز لە سەرجەم تێکۆشەران و گەلی کورد پیرۆز بێت".